نووسینگه‌کانی جێبه‌جێ کردنی مادده‌ی 140 له‌ مووسڵ و که‌رکووک ده‌کرێنه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- بڕیاره‌ ئه‌مساڵ نووسینگه‌کانی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق له‌ ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حکوومه‌تی ھه‌رێمی کوردستان بکرێنه‌وه‌ و په‌رله‌مانتارێکیش ده‌ڵێت: له‌ ناوچه‌کانی دیکه‌ی عێراق قه‌ره‌بووی مادده‌ی 140 به‌رده‌وام بوووه‌ و ته‌نیا که‌رکووک و مووسڵ نووسینگه‌یان داخرابوو و خه‌ریکی کردنه‌وه‌یانن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شیروان دووبه‌ردانی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ھه‌رێم و پارێزگان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد: "ئێمه‌ وه‌ک لیژنه‌، به‌ فه‌رمی نووسراومان کردوووه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، به‌ ڕه‌زامه‌ندیی سه‌رۆکی په‌رله‌مان، بۆ کردنه‌وه‌ی نووسینگه‌کانی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری ھه‌میشه‌ییی عێراق له‌ ناوچه‌کانی مووسڵ و که‌رکووک تا ئه‌و ھاووڵاتییانه‌ی مادده‌که‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ سوودمه‌ند بن له‌ قه‌ره‌بووی حکوومه‌تی عێراق، چوونکه‌ ساڵانی ڕابردوو قه‌ره‌بووی مادده‌ی 140 له‌ ناوچه‌کانی دیکه‌ی عێراق به‌رده‌وام بوووه‌ و ته‌نیا نووسینگه‌کانی که‌رکووک و نه‌ینه‌وا داخرابوون، ئێستا ژماره‌ی ئه‌و ھاووڵاتییانه‌ی له‌ سنووری ھه‌ر دوو پارێزگای نه‌ینه‌وا و که‌رکووک زه‌ره‌رمه‌ند بوونه‌، دیار نییه‌ به‌ڵام له‌ دیاله‌ سێ ھه‌زار و 500 خێزان ماون."

ئه‌ندامه‌که‌ی لیژنه‌ی ھه‌رێم و پارێزگاکان ده‌ڵێت: "مادده‌ی 140 ھه‌موو عێراق ده‌گرێته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ غه‌درێکی زۆر له‌ ھه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی نه‌ینه‌وا و که‌رکووک کراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی مادده‌ی 140 له‌ ھه‌موو عێراق به‌رده‌وام بوووه‌ و ته‌نیا له‌و سنوورانه‌ی باسم کرد، نه‌بوووه‌. ئێمه‌ ژماره‌یێک په‌رله‌مانتارین که‌ عه‌ره‌بی سوننه‌شمان له‌گه‌ڵه و‌ له ‌ھه‌وڵداین ئه‌مساڵ نووسینگه‌کانی 140 له‌ که‌رکووک و نه‌ینه‌واش بکرێنه‌وه‌ و ده‌ست به‌ کاره‌کانیان بکه‌ن."

شیروان دووبه‌ردانی ڕوونی کرده‌وه‌: "ئه‌مساڵ نووسینگه‌کان ده‌کرێنه‌وه‌ و ھه‌ر خه‌ڵکێک له‌ سه‌رده‌می ڕژێمی پێشوو تا کاتی له‌ناوچوونی ڕژێمی به‌عس زیانی پێ گه‌یشتبێت ئه‌وه‌ به‌پێی یاسا و ده‌ستوور مافی قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ھه‌یه به‌ تایبه‌تی ھه‌ندێ ناوچه‌ ھه‌ن له‌گه‌ڵ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌، ڕه‌وشه‌که‌یان ئاسایی ده‌کرێته‌وه‌ بۆ دیاری کردنی چاره‌نووسیان، ئێمه‌ پێشتریش و ئێستاش جددین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێ مادده‌ی 140ی ده‌ستوور وه‌ک خۆی جێبه‌جێ بکرێت."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50915

Your Comment

You are replying to: .
captcha