ئه‌ردۆغان: پێویسته‌ ئه‌مریکا به‌ هۆشیارییه‌وه‌ پلان بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی دابنێت

به‌شی وتار/ تورکیا- ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان له‌ وتارێکدا له‌ ڕۆژنامه‌ی The New York Times ڕای‌گه‌یاندوووه‌: "ئه‌مریکا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌لی سووریا و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، پێویسته‌ به‌ ھۆشیارییه‌وه‌ پلان بۆ کشانه‌وه‌که‌ دابنێت و به‌ ھه‌ماھه‌نگی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانی کاره‌که‌ جێبه‌جێ بکات".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 8ی کانوونی دووهه‌می 2019 ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رکۆماری تورکیا له‌ژێر ناونیشانی "توركیا بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌ركه‌وتن له‌ سووریا پلانی هه‌یه‌" وتارێكی بۆ ڕۆژنامه‌ی The New York Timesی ئه‌مریكی نووسی.

ئه‌ردۆغان له‌ وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ که‌ بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ كشانه‌وه‌ له‌ سووریا هه‌نگاوێكی دروسته‌ و نووسیویه‌تی: "ئه‌مریکا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌لی سووریا و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، پێویسته‌ به‌ ھۆشیارییه‌وه‌ پلان بۆ کشانه‌وه‌که‌ دابنێت و به‌ ھه‌ماھه‌نگی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانی کاره‌که‌ جێبه‌جێ بکات. توركیا كه‌ خاوه‌نی دووه‌م گه‌وره‌ترین سوپایه‌ له ‌نێو ناتۆدا، تاكه‌ وڵاتێكه‌ كه‌ خاوه‌ن توانا و پێداگرییه‌ بۆ به‌جێهێنانی ئه‌م ئه‌ركه‌".

ئه‌ردۆغان جه‌ختی كردوووه‌ته‌وه‌ كه‌ داعش له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ سووریا دۆڕاوه‌ و نووسیویه‌تی: "به‌ڵام نیگه‌رانین له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌ندێک هێزی ده‌ره‌كی، به ‌بیانووی پاشماوه‌كانی داعش ده‌ستوه‌ربده‌نه‌ كاروباری ناوخۆی سووریا".

سه‌ركۆماری توركیا له‌ وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه که‌ پێویسته‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی به‌رامبه‌ر تیرۆریستان به‌ده‌ست هاتوووه‌ به‌ هه‌نگاوێكی یه‌كه‌م بزاندرێت و نووسیویه‌تی: "ئه‌و وانه‌ی پێویسته‌ له‌ عێراق وه‌ربگیرێت كه‌ شوێنی سه‌رهه‌ڵدانی داعشه‌ ئه‌وه‌یه‌ ڕاگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌ر له‌ كاتی خۆی و هه‌ڵسوكه‌وته‌ نابه‌رپرسانه‌كان كێشه‌ی زیاتر دروست ده‌كه‌ن له‌وه‌ی كه‌ چاره‌سه‌ریان كردوووه‌. كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مڕۆ خاوه‌نی ئه‌و تێڕوانینه‌ نییه‌ بۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان هه‌ڵه‌. وه‌ک تورکیا ده‌خوازین ستراتێجییه‌تێکی گشتگیر جێبه‌جێ بکه‌ین له‌پێناو له‌ناوبردنی ئه‌و ھۆکارانه‌ی بوونه‌ته‌ بنه‌مای توندڕه‌وی. ده‌خوازین گه‌لی سووریا هه‌ست نه‌كات دابڕاون له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆیان، زه‌ره‌رمه‌ندیی خه‌ڵكه‌كه‌ له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانه‌وه‌ نه‌قۆزرێته‌وه‌ و هه‌مووان باوه‌ڕ به‌ ئاینده‌یێكی سه‌قامگیر بكه‌ن".

ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ که‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی پێویست بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ هێزێكی سه‌قامگیری له‌ جه‌نگاوه‌رانی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی سووری پێكبهێنرێت و نووسیویه‌تی: "ته‌نها هێزێک كه‌ ته‌واوی چین و توێژه‌كان كۆ بكاته‌وه‌ ده‌توانێت خزمه‌تی ته‌واوی هاووڵاتییانی سووریا بكات و ئاسایش بۆ ته‌واوی ناوچه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ بگێڕێته‌وه‌. به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ دمه‌وێت بڵێم ئێمه‌ هیچ كێشه‌یێكمان له‌گه‌ڵ كوردانی سووریا نییه‌".

سه‌ركۆماری توركیا له‌ وتاره‌که‌یدا ڕاشی‌گه‌یاندوووه‌: "ده‌زانین كه‌ زۆر گه‌نجی سووری له‌ هه‌لومه‌رجه‌كانی جه‌نگدا بژارده‌یان نه‌بوووه‌ بۆیه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ڕیزه‌كانی په‌یه‌ده‌/یه‌په‌گه‌وه‌ كردوووه‌ كه‌ باڵی سووریای په‌كه‌كه‌ن كه‌ له‌ لایه‌ن توركیا و ئه‌مریكاوه‌ به‌ ڕێكخراوی تیرۆریستیی ناسێندراوه‌. به‌پێی ڕێكخراوی چاودێریی مافه‌كانی مرۆڤ، چه‌كدارانی یه‌په‌گه‌ منداڵانی چه‌كدار كردوووه‌ و یاسای نێوده‌وڵه‌تی پێشێل كردوووه‌. دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ سووریا لێكۆڵینه‌وه‌یێكی قووڵ ده‌كرێت و منداڵه‌ جه‌نگاوه‌ره‌كان دووباره‌ به‌ خانه‌واده‌كانیان شاد ده‌كرێنه‌وه‌، هه‌موو ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌شی په‌یوه‌ندییان به‌ ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانه‌وه‌ نه‌بوووه‌ ده‌خرێنه‌ نێو هێزی سه‌قامگیری كه‌ تازه‌ دروست ده‌كرێت".

ئه‌ردۆغان له‌ وتاره‌که‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردوووه‌ كه‌ پێشینه‌یێكی دیكه‌ی توركیا له‌ سووریا ده‌سته‌به‌ركردنی نوێنه‌ری سیاسیی پێویستی هه‌موو پیكهاته‌ و به‌شه‌كانه‌ و نووسیویه‌تی: "ئه‌و شوێنانه‌ی سووریا كه‌ ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانی یه‌په‌گه‌ یان داعشدان، به‌ چاودێریی توركیا له‌ لایه‌ن ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ناوخۆیییانه‌وه‌ ئیداره‌ ده‌كرێن كه‌ به‌ هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن. هه‌ر كه‌سێک په‌یوه‌ندی به‌ ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانه‌وه‌ نه‌بێت مافی ئه‌وه‌ی ده‌بێت له‌ ئیداره‌ی خۆجێییدا نوێنه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی بكات. له‌ باكووری سووریا، له‌و شوێنانه‌ی كه‌ ژماره‌ی دانیشتوووانه‌كه‌ی زۆرینه‌ی كوردن له‌ ئه‌نجومه‌نی ناوخۆییدا زۆرینه‌ی نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵگای كورد دروست ده‌كرێت به‌ڵام له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌دا به‌ شێوه‌یێكی دادپه‌روه‌رانه‌ ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ ده‌كرێت سوودمه‌ند بن له‌ مافی نوێنه‌رایه‌تی كردن. به‌رپرسانی به‌ئه‌زموونی تورک له‌ بواره‌كانی وه‌ک كاروباری شاره‌وانی، په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستی و بارودۆخی له‌ناكاو كاری ڕاوێژكاری بۆ ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه‌ ده‌كه‌ن".

سه‌ركۆماری توركیا له‌ وتاره‌که‌یدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردوووه‌ته‌وه‌ كه‌ توركیا له‌م قۆناغه‌دا ئاره‌زووی ئه‌وه‌ ده‌كات هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی به‌ هه‌ماهه‌نگی و هاریكاری له‌گه‌ڵ وڵاتانی دۆست و هاوپه‌یمانی هه‌ڵبنێت و به‌م شێوه‌یه‌ گوتاره‌كه‌ی ته‌واو كردوووه‌: "وه‌ک وڵاتێک كه‌ له‌ قۆناغه‌كانی جنێڤ و ئاستانادا هه‌ین، تاكه‌ هاوبه‌شین كه‌ له‌ یه‌ک كاتدا ده‌توانین له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ڕووسیادا كار بكه‌ین. له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌و هاوبه‌شییه‌ بابه‌تی سووریا چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین. كاتی ئه‌وه‌ هاتوووه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان هێزی یه‌كگرتوو دروست بكه‌ن بۆ له‌ناوبردنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش كه‌ دوژمنی ئایینی ئیسلام و هه‌موو موسڵمانانه‌ له‌ هه‌ر كوێیێكی جیهان بن. توركیا له‌م قۆناغه‌دا كه‌ هه‌ستیارترین قۆناغی مێژوووه‌ به‌رپرسیارێتی گرتوووه‌ته‌ ئه‌ستۆ. له‌و باوه‌ڕه‌داین كه‌ له‌م قۆناغه‌دا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانمان ده‌بێت".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50896

Your Comment

You are replying to: .
captcha