گۆڕان پۆستێک دەکاتە پێشمەرجی بەشداری کردن لە حکوومەت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بزووتنەوەی گۆڕان پێداگری لە داواکردنی پۆستێک دەکات کە ئێستا بەدەست یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوەیە و دەیکاتە مەرجی بەشداری کردنی لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ھێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی مەکۆی هەولێری بزووتنەوەکە بە باسنیوزی ڕاگەیاند: "گۆڕان سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت و بە ئیستحقاقی خۆمانی دەزانین، جا سەرۆکی حکوومەت یەک جێگر یان دووانی ھەبێت کێشەمان نییە و گرنگ ئێمە جێگری سەرۆکی حکوومەتمان ھەبێت".

ناوبراو ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەو پۆستەیان وەک مەرجی بەشداری کردنە لە حکوومەت و ڕایگەیاند: "ئەگەر جێگری سەرۆکی حکوومەتمان پێ نەدرێت، ئەوا جڤاتی نیشتمانی ڕێگە نادات بزووتنەوەی گۆڕان بەشداریی حکوومەت بکات".

لەبارەی هەوڵەکانی یەکێتی بۆ ئەوەی گۆڕان بخاتە ڕیزی خۆی، هێمن شێخانی وتی: لەگەڵ ھیچ لایەنێک نابینە تەرەف بۆ لەناوبردنی لایەنێکی دیکە، نامانەوێ ھیچ لایەنێک دژی لایەنێکی دیکە بەکار بێنین و ڕێگەش نادەین بەکار بھێنرێین".

بەرپرسی مەکۆی هەولێری بزووتنەوەکە ئاشکراشی کرد لە نێوان گۆڕان و یەکێتیدا ھیچ نزیکبوونەوە و کۆبوونەوەی ژێربەژێر، یاخود ئاشکرا نەکراوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 50751

Your Comment

You are replying to: .
captcha