ئاڵدار خەلیل: هه‌رگیز به‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ناڵێین مەڕۆن

بەشی سووریا- به‌رپرسی دیپلۆماتیی بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی (ته‌ڤده‌م) رایگه‌یاند، هه‌رگیز به‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ناڵێن كوردستانی سووریا جێمه‌هێڵن، چوونكه‌ رۆژێك هه‌رده‌بێت بڕۆن.

کوردپرێس:

ئاڵدار خه‌لیل،به‌رپرسی دیپلۆماتیی بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی (ته‌ڤده‌م) له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی فورات نیوز رایگه‌یاند، "له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وامین له‌گفتوگۆكردن به‌ڵام هەرگیز ناڵێین مه‌ڕۆن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئەمڕۆ بێت یان سبەی هه‌ر ده‌ڕۆن، ئەوەی ئێمە گفتوگۆی لەسەر دەکەین ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ نه‌ڕۆن، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین ئه‌وه‌یه‌ نابێت هێرش بكرێته‌ سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كان".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "گه‌له‌كه‌مان له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك ده‌پارێزین، هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ڕێگری له‌ ده‌وڵه‌تی توركیا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌كانمان و سووریا تاڵان و خرا نه‌كه‌ن، پێویسته‌ ڕژێمی سووریا خۆی دان به‌ هه‌رێم و سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییدا بنێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌ده‌ست هاتوون، له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر بپارێزین".

ئاڵدار خەلیل راشیگه‌یاند، "خۆسپاردن به‌ هێزی ده‌ره‌كی جێی دڵنیایی نییه‌ و چارەسەری به‌دوادا نایه‌ت. لە دژی هێرشی دەوڵەتی تورکیا دەبێت ئێمە پشت بە خۆمان ببەستین، ده‌بێت ڕژێم و ئەو هێزانه‌ی داوای چارەسەری دەکەن، دان به‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌دا بنێن کە هەیە".

ناوبراو روونیشی كرده‌وه‌، لە کوردستان و باکووری سووریا شۆڕشێکی دیموكراتی هه‌یه‌ كه‌ بۆ مرۆڤایەتی بووه‌ به‌ نموونه‌، هه‌روه‌ها له‌ ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دیموكراتی كه‌ سیسته‌مێكی ئازادی بونیاد ناوه‌، به‌ سیسته‌مه‌‌ جڤاكییه‌كانی ئه‌نجومه‌ن، كۆمیون و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی جڤاكی كه‌ ئازادیی ژن وه‌ك پێوانێكی سه‌ره‌كی ده‌بینێت، هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

ئاڵدار خه‌لیل ئه‌وه‌شی خسته ‌ڕوو، تێكۆشانی دژ به‌ چه‌كدارانی داعش له‌ ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا پێشكه‌وتنی وه‌های له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه‌ كه‌ هیچ نموونه‌یێ‌كی هاوشێوه‌ی نییه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان، له‌و ناوچەیە شۆڕشی مرۆڤایه‌تی، شۆڕشی دیموكراتی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو هێزه‌ دژه‌دیموكراتی و دژه‌یه‌كسانییه‌كان، ده‌یانه‌وێت گورز له‌م مۆدێله‌ی شۆڕشی کوردی سووریا بده‌ن.

*لە شارپرێس وەرگیراوە

News Code 50746

Your Comment

You are replying to: .
captcha