بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا محەممەد حەکیم، وەزیری نوێی دەرەوەی عێراق باسی لە چەند پرسێک کرد یەک لەوانە پابەندبوونی عێراق بەو گەمارۆ ئابوورییانەی ئەمریکا لەسەر ئێرانی داناون، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: "چەندین پێشنیاز هەن و لەگەڵ لایەنی ئێرانی خراونەتەڕوو. یەکەم خاڵ ئەو سزا یان گەمارۆیانە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە؛ یەک لایەنە و نێودەوڵەتی نییە، ئێمە پێوەی پابەندنین. هەروەها نەوت لە ئێران هاوردە ناکەین، بەڵام ئێمە پەیوەندی گازمان لەگەڵ ئێران هەیە و پەرەشی پێدەدەین، هەروەها پەیوەندی گەشتیاریشمان هەیە، گەشتیار ئایینی".
محەممەد حەکیم دەشڵێت "کۆمەڵێک ئەگەر خراونەتەڕوو؛ لەوانە مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی لە بابەتی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات. هەروەها دروست کردنی سندووقێک و پارەکەی بخرێتە نێو ئەو سندووقەوە و کاڵای ئێرانی پێبکڕێت".
هەر لەبارەی سزاکانی سەر ئێران، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی "کۆمەڵێک بیرۆکە هەیە لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئێستا گفتوگۆیان لەسەر دەکەین، بانکی ناوەندی لایەنی سەرەکییە لەو بوارەدا. کۆمەڵێک وڵات هەیە، بەهەمانشێوە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن وەک تورکیا، هیندستان، کۆریای باشوور و ژاپۆن، باشە چۆن ئەمانە مامەڵ بکەن، ئەوانە نەوت لە ئێران هاوردەدەکەن، بۆیە پێویستە میکانیزمی کارکردن هەبێت ، کە دەکرێت بانکی ناوەندی وردەکاری زیاتر لەبارەی ئەو میکانیزمانە بدات.
ناوبراو لە درێژەدا تیشکی خستە سەر یەکخستنی گومرگی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: "وەزیری دەرەوەی قەتەر هاتە عێراق، ئامادەیە لەگەڵ عێراق کار بکات نەوەک بۆ ئەوەی رۆڵیان لە دووبارە ئاوەدان کردنەوە و وەبەرهێنان هەبێت، بەڵکوو پڕۆژەیێکی خستەبەردەممان کە پێی دەگوترێت ترانزێت. ئەوان کاڵایێکی زۆر لە تورکیاوە هاوردە دەکەن. ئێستا دەیانەوێت ئەو کاڵا تورکیانە لە ڕێگەی عێراقەوە هاوردە بکەن؛ لە تورکیا و دواتر بەسرە بۆ قەتەر بگوازرێتەوە کە رێگەیێکی کورتە کێشە لای ئێمە ئەوە بوو لە نێوان ئێمە و هەرێمی کوردستان گومرگی یەکگرتوومان نەبوو ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان گومرگمان یەکخستووە پشت بەخودا پرۆسەی ترانزێت بۆ گواستنەوەی کاڵای تورکیا بۆ قەتەر لەڕێگەی عێراقەوە دەست پێدەکات. بەمنزیکانە سەردانی قەتەر دەکەین ئەو بابەتە تاوتوێ دەکەین".
سەرچاوە: رووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment