کوردپرێس:
ماڵپەڕی ڕۆژنیووز ڕایدەگەیێنێت: هەرچەندە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٠٣ بڕیاری ژمارە ٣٧ی دەرکرد بۆ وەدەرنانی سوپای تورکیا لە خاکی هەریم، بەڵام هەتا ئێستا ئەو بریارە جێبەجێ نەکراوە و ئەمەش ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێناوە.
قارد ڕەزگەیی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ، تیشک دەخاتە سەر هۆکاری جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکە و دەڵێت: "بەداخەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرامبەر بەرژەوەندییە بازرگانی و تایبەتەکانی خۆی، ڕێگر بووە لەوەی ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت".
ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشوو، نیگەران بوو لەوەی، کە ئەگەرچی بڕیاری پەرلەمان هەیە بۆ دەرکردنی سوپاکە، بەڵام تا ئێستا حکوومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی ڕاشکاوانەیان لە بەرامبەر لەشکرکێشی و بۆردوومانەکان نەبووە، بە گرنگیشی زانی، کە خەڵک لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان ناڕەزایەتی دەرببڕن، چوونکە پێیوایە، شەقامی کوردیی دەتوانێت هێرشەکانی تورکیا ڕابگرێت.
قادر ڕەزگەیی، وتیشی: "زۆر کات هێرشەکانی تورکیای فاشیست، جگە لە زیانی مادی و ئاوارەبوونی دانیشتوانی ناوچە سنووریەکان، کوژراو و برینداریشی لێکەوتووەتەوە، بۆ پێشگرتن لەمە دەبێت حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment