کوردپرێس:
فدریکە گردینکە چاودێرێکی سیاسیی کاروباری کوردەکان و لە ڕاپۆرتێکدا کە ماڵپەڕی ئەحواڵ بڵاوی کردۆتەوە و لە زاری چەند بەرپرسێکی هەرێمی کوردستانەوە نووسیویەتی بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی هیوایان بەوە بەستووە کە گەمارۆکانی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانی سلێمانی پاش دیدارەکەی نێوان ئەردۆغان و بەرهەم ساڵح هەڵبگیرێن.
گەمارۆکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لە 2017 سەپێندراون و بەرپرسانی یەکێتی کە کۆنتڕۆڵی فڕۆکەخانەکەیان بە دەستەوەیە دەڵێن گەمارۆکان کارتێکەریی زۆری لە سەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان و داهاتی فڕۆکەخانە بووە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە تورکیا گەمارۆکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و دهۆکی هەڵگرت بەڵام گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی ئێستاش وەکوو خۆی ماوەتەوە.
تورکیا دەڵێت یەکێتی پشتگیریی پەکەکە دەکات کە بە وتەی تورکیا چالاکیی قەدەغەکراوی هەیە و پێش دوو ساڵ دوو ئەندامی دەزگای هەواڵگریی تورکیا ناسراو بە "میت"یان لە سلێمانی ڕفاند.
هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی بە ماڵپەڕی ئەحواڵی وتووە ئەردۆغان حەفتەی یەکەمی ساڵی 2019 لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق کۆ دەبێتەوە و پێ دەچێت تورکیا پاش ئەو دیدارە گەمارۆکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵبوەشێنێتەوە.
پارێزگاری سلێمانی لە بارەی ڕێژەی گەشتەکانی ئەو فڕۆکەخانەیەشەوە وتی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕێژەی سەدا 60 کەمی کردووە و هاوردەکردنی کاڵاش بە هەمان شێوە لە فڕۆکەخانەکەوە دابەزینی تۆمار کردووە .
بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی نووسینگەکانی حیزبەکانی سەربە پەکەکەیان هەڵپێچاوە بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی تورکیا بەدەست بهێنن بەڵام بەرپرسێکی سلێمانی کە نەیویستووە ناوەکەی بدرکێندرێت وتوویەتی تورکیا بەو شتانە ڕازی نابێت و داوای ئیمتیازی زیاتر دەکات.
Your Comment