نووسینگه‌ی حه‌لبووسی: ئاگادار نین عه‌بادی چه‌ند خانووی ده‌وڵه‌تی له‌ لایه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق ڕوونکردنه‌وه‌یێکی له‌باره‌ی ڕاده‌ست کردنی خانوووه‌که‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی بڵاو کرده‌وه‌ و ڕای‌گه‌یاند: "سه‌رۆکی په‌رله‌مان ئاگادار نییه‌ عه‌بادی چه‌ند خانووی ده‌وڵه‌تی له لایه‌."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ (31ی کانوونی یه‌که‌می 2018) عه‌لی سنێد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی هاوپه‌یمانیی نه‌سر که‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردبوو که‌ به‌ ئاگاداریی محه‌مه‌د حه‌لبووسی، حه‌یده‌ر عه‌بادی شوێنی مانه‌وه‌ی خۆی ڕاده‌ستی حکوومه‌ت کردوووه‌ته‌وه‌ و نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی محه‌مه‌د حه‌لبووسی له‌ به‌یاننامه‌یێکدا بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ نووسینگه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆکی په‌رله‌مان ده‌یه‌وێت ڕوونی بکاته‌وه‌ که‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان هیچ زانیاری و ئاگادارییێکی نییه‌ سه‌باره‌ت به‌و شوێن و باره‌گایانه‌ی که‌ عه‌بادی یان لێپرسراوانی دیکه‌ به‌کاری ده‌هێنن، به‌ شێوه‌یێک زانیارییه‌کان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن ئه‌و شوێنانه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕێنماییه‌کانه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا دابه‌ش کراون، ئه‌وه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ندێک له‌و که‌سانه‌ له‌ کار و دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌تیشدا نه‌ماون و ئه‌و شوێنانه‌ به‌کار ده‌هێنن.

له‌ کۆتاییی به‌یاننامه‌که‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌ په‌رله‌مان هه‌ڵوێستی ده‌بێت بۆ چۆنێتیی ڕێکخستنی شێوازی به‌کارهێنانی خانووبه‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت به‌ شێوه‌یێک که‌ داهاته‌که‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌ک به ‌گوێره‌ی پێوه‌ره‌ سیاسییه‌کان به‌کارهێنانی حه‌ڵاڵ بکرێت.

ئه‌و به‌یاننامه‌ی نووسینگه‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق له ‌کاتێکدایه عه‌لی سنێد، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی هاوپه‌یمانی نه‌سر رایگه‌یاندبوو "به‌رپرسی پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كانی عادل عه‌بدولمه‌هدی ڕه‌فتارێكی ناشیرینی كردوووه‌، ئێمه‌ش له‌ به‌رامبه‌ردا گله‌ییمان له‌ عه‌بدولمه‌هدی كردوووه‌ كه‌ چۆن ڕێگه‌ به‌ به‌رپرسی پاسه‌وانه‌كانی ده‌دات هه‌ڵكوتێته‌ سه‌ر باره‌گایێكی حه‌یده‌ر عه‌بادی، له ‌كاتێكدا مانگێک پێش ئێستا عه‌بادی به‌ ئاگاداریی محه‌مه‌د حه‌لبووسی باره‌گاكه‌ی ڕاده‌ست كردوووه‌ته‌وه‌".

عه‌لی سنێد ده‌شڵێت: "هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر خانوووه‌که‌ له‌ كاتێكدا بوووه‌ كه‌ عه‌بادی خۆی له‌وێ‌ نه‌بوووه‌ و ده‌مێكیشه‌ باره‌گاكه‌ی جێهێشتوووه‌ به‌ڵام به‌ مه‌به‌ستی هێنانه‌وه‌ی هه‌ندێک كه‌لوپه‌ل كه‌ هێشتا له‌ نێو باره‌گاكه‌ مابوون پاسه‌وانه‌كانی عه‌بادی گه‌ڕابوونه‌وه‌ باره‌گاكه‌ که‌چی بینیبوویان ده‌رگای باره‌گاكه‌ داخراوه‌ و پاسه‌وانیشی بۆ دانراوه‌، به‌ فه‌رمانی به‌رپرسی پاسه‌وانانی عه‌بدولمه‌هدی ناسراو به‌ (ئازاد) ڕێگه‌ی چوونه‌ نێو باره‌گاكه‌ به‌ هیچ كه‌سێک نادرێت".

عه‌لی سنێد ده‌پرسێت: "ئه‌گه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌رپرسی پاسه‌وانه‌كانی خۆی بۆ كۆنترۆڵ نه‌كرێت، ئیدی چۆن وڵات كۆنترۆڵ ده‌كات؟"

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی عێراق

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50694

Your Comment

You are replying to: .
captcha