وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق زمانی کوردی ده‌خاته‌ پڕۆگرامی خوێندنه‌وه‌

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق زمانی کوردی ده‌خاته‌ پڕۆگرامی خوێندنه‌وه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری پارێزگاکانی عێراق و له‌ ساڵی داهاتووه‌وه‌ کاری پێده‌کرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌پێناو فێربوونی قوتابیان بۆ زمانی كوردی و بڵاوكردنه‌وه‌ی گیانی برایه‌تی له ‌نێوان سه‌رجه‌م تاكه‌كانی عێراق پێویسته‌ بۆ له‌مه‌ودوا وه‌ک هه‌ر مادده‌یێكی دیكه‌ی په‌روه‌رده‌یی له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق گرنگی به‌ زمانی كوردی بدرێت.

به‌پێی گشتاندنێکی به‌شی خوێندنی کوردی، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق که‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م په‌روه‌رده‌ی پارێزگاکانی عێراق (جگه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان) کراوه‌ و ژماره‌ (ک 238)ی (26-12-2018)ی له‌سه‌ره‌، له‌ ساڵی داهاتووه‌وه‌ زمانی کوردی که‌ زمانی دووه‌می فه‌رمی عێراقه ده‌چێته‌ ناو پڕۆگرامه‌کانی خوێندنه‌وه‌ وه‌ک مادده‌یێکی سه‌ره‌کی.

نووسراوه‌که‌ ئیمزای سه‌نا گه‌رمیانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی خوێندنی کوردی له‌سه‌ره‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردوووه‌ له‌پێناو چاندنی گیانی برایه‌تی له ‌ناو گه‌لی عێراق و مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ زمانی کوردی وه‌ک زمانی فه‌رمی دووه‌م له‌ عێراقدا ئه‌و بڕیاره‌یان ده‌رکردوووه‌.

به‌پێی ده‌ستووری عێراق که‌ له‌ تشرینی یه‌که‌می ساڵی (2005) خرایه‌ ڕاپرسییه‌وه‌ و ده‌نگی به‌ڵێی (78%)ی هاووڵاتییانی عێراقی به‌ده‌ستهێنا، هه‌ر دوو زمانی عه‌ره‌بی و کوردی زمانی فه‌رمیی ده‌وڵه‌تن و پێویسته‌ له ‌سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ ڕه‌سمییه‌کاندا هاوشانی عه‌ره‌بی زمانی کوردییش هه‌بێت.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی عێراق

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50638

Your Comment

You are replying to: .
captcha