کوردپرێس:
ئەمڕۆ كۆبوونەوەی 2+2ی نێوان وەزیری دەرەوە و بەرگریی ڕووسیا لەگەڵ هاوتا توركیەكانیان لە مۆسكۆ ئەنجامدرا و كەمێك پێش ئێستاش كۆبوونەوەكە كۆتایی هات و بەرپرسانی هەردوو وڵاتیش بەشێكی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانیان ئاشكراكرد.
سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگریی ڕووسیا بە میدیاكانی ڕاگەیاندووە، كە جارێكی دیكە هەوڵی دروستكردنەوەی ناوچەی داماڵڕاو لە چەك لە ئیدلب كراوە و گفتوگۆش كراوە لەسەر جێبەجێ كردنی ڕێكەوتننامەكان، كە لە ئەستەنبوڵ لە پێشتردا بەستراون و هەروەها هەموو ئەو باسانەش، كە تایبەتن بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فوڕات.
ڕاشیگەیاندووە، كە بڕیارە جارێكی دیكە گفتوگۆ بكەین لەسەر ئەوەی چی بكەین لەدوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا.
هەروەها سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی، “هەماهەنگی زیاتر دەكەین لەگەڵ توركیا بۆ بنربڕكردنی تیرۆر” و وتیشی، “جەختمان لە بڕگەكانی ڕێكەوتنی ئەستانە كردۆتەوە”.
لای خۆشیەوە، مەولوود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوەكردووە، كە سەبارەت بە دۆسیەی سوریا هەردوولامان هاوكاری یەكتری دەكەین و بەوهۆیەشەوە پێشكەوتنی زۆر باش لە پڕۆسەی سیاسی و بوارەكانی دیكە ڕوویداوە.
جەختیشی كردۆتەوە، كە وەفدی توركی لە مۆسكۆ دەیەوێت كاروبارەكان هەڵسەنگێنێت و بۆچوونی خۆی بگەیەنێت تاوەكو ئاستی ڕێكەوتن و گۆڕینەوەی بۆچوونەكان.
ئاشكراشی كردووە، كە “ئێمە لێرەین و ئامادەین بۆ هەر گفتوگۆیەك بە هەموو شەفافیەتێكەوە”.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment