کوردپرێس:
ژمارەیێک بەرپرسی ئەمریکی بە مەبەستی ناڕەزایی پیشاندان بەرانبەر بە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا دەستیان لە کار کێشایەوە کە سەرکیترینیان بریتین بوون لە جەیمز مەتیس وەزیری بەرگریی ئەمریکا و برێت مەکگۆرک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئەو بەرپرسەی پێگەیشت ڕایگەیاند هیچ لای گرنگ نییە و تەنانەت وتیشی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا ناناسێنت و باراک ئۆباما ناوبراو دیاری کردووە بۆ ئەو ئەرکە.
ئەوەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئەمریکا بڕوایان وایە برێت مەکگۆرک لە دروست کردنی پێوەندی و هەماهەنگیی نێوان کوردەکانی عێراق و سووریا زۆر بەتوانا بوو و دەست لە کار کێشانەوەی ناوبراو کارتێکەریی خراپی دەبێت لە سەر تواناکانی هاوپەیمانیی نێودەوەڵتیی دژەداعش کە ئەمریکا سەرۆکایەتیی دەکات.
هاوکارەکانی برێت مەکگۆرک بە "سی ئێن ئێن"یان وتووە ناوبراو دەوری سەرەکیی دەبینی لە هەماهەنگیی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزەکانی سووریای دیموکرات (پەیەدە).
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بڕوایان وایە ئەگەر دەستکەوتی باش لە هەماهەنگیی هاوپەیمانان لەگەڵ کوردی سووریا و عێراق هەبووە بە بۆنەی عیلاقاتی باشی مەکگۆرک لە گەڵ کوردی ئەو دوو وڵاتە و ئەزموونی 20 ساڵەی ناوبراو لە سیاسەت کردن لە ناوچەکە بووە.
ژمارەیێک بەرپرسی ئەمریک بە سی ئێن ئێنیان وتووە ئێستاش هێشتاکە مەجال بۆ هاوکاری کردنی هێزی ئەمریکی و هێزە کوردییەکانی سووریا ماوە بەڵام پاش کشانەوەی هێزی ئەمریکی ئەو هاوکارییە کەم دەبێتەوە و بەرەو ساردی دەڕوات.
Your Comment