مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک به‌ ڕێککه‌وتنی یه‌کێتی و پارتی یه‌کلا ده‌کرێته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌ری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک گفتوگۆیێکی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێس کردوووه‌ پڕۆسه‌ی ته‌عریب له‌ پارێزگای که‌رکووک به‌رده‌وامه‌ و ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌و پارێزگایه‌ و دیاری کردنی پارێزگاری کورد به‌ستراوه‌ به‌ ڕێککه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌کێتی.

کوردپرێس: له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا کۆمه‌ڵێک هه‌واڵ و ڕاپۆرت له‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی هێز و فه‌رمانبه‌ره‌ کورده‌کانی سه‌ر به‌ ڕێکخراوه‌ سه‌ربازی و ئیدارییه‌کانی که‌رکووک بۆ دیکه‌ی ناوچه‌کانی عێراق بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و بابه‌ته‌ش ناڕه‌زایی و نیگه‌رانیی کورده‌کانی ئه‌و پارێزگایه‌ی لێکه‌وتۆته‌وه‌. ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس له‌وباره‌یه‌وه‌ وتوویه‌تی: هه‌ندێک شت هه‌یه‌ ئاڵوگۆڕه‌ و که‌س ناتوانێت ڕێگه‌ له‌و ئاڵوگۆڕانه‌ بگرێت چوونکه‌ ئه‌و کۆمپانیایه‌ کۆمپانیای نه‌وتی شیماله‌ و نه‌وتی شیمالیش له‌ 9 پارێزگادا نه‌وتی هه‌یه‌ و ئیش و کاری هه‌یه‌ ئینجا پۆلیس لێره‌وه‌ ده‌بات بۆ ئه‌وێ و ڕه‌نگه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بێت که‌ کورد له‌ که‌رکووک ده‌ربکه‌ن به‌ڵام له‌ ناحیه‌ی قانوونیشه‌وه‌ ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ ئاڵوگۆڕ به‌ هێزه‌کان بکات چوونکه‌ کۆمپانیای نه‌وتی باکوور ته‌نها هی که‌رکووک نییه‌.

عه‌سکه‌ری زیادی کرد: ئێمه‌ هه‌وڵی زۆرمان داوه‌ کۆمپانیاکه‌ حه‌سر بێت له‌سه‌ر که‌رکووک به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارێزگاکانی دیکه‌ش ئه‌گرێته‌وه‌ و نه‌وت و غاز له‌ پارێزگاکانی دیکه‌شدا هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناکرێت.

پارێزگاری که‌رکووک له‌ 16ی ئه‌کته‌وبری 2017وه‌ که‌وتۆته‌وه‌ ده‌ست هێزی سه‌ربازی و ئه‌منی و ئیداریی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند. حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌وده‌م نه‌جمه‌ددین که‌ریمی له‌ کار لادا که‌ پارێزگاری کورد سه‌ر به‌ یه‌کێتیی که‌رکووک بوو و ڕاکان جبووری وه‌کوو پارێزگاری به‌وه‌کاله‌ت ده‌ستنیشان کرا. تا ئێستا حیزبه‌ کوردییه‌کان که‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک زۆرینه‌ن نه‌یانتوانیوه‌ کۆبوونه‌وه‌ بکه‌ن و پارێزگاری نوێ ده‌ستنیشان بکه‌ن. هۆکاری هه‌ڵنه‌بژێردرانی پارێزگاری که‌رکووک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ململانێی نێوان یه‌کێتی و پارتی و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی نوێنه‌ری پارتی بۆ که‌رکووک و به‌شداری نه‌کردنی له‌ دانیشتنه‌کانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ڵام له‌ دوایین کۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ر دوو مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی و یه‌کێتیدا وه‌فدێک بۆ چاره‌سه‌ر کردنی مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک و ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخه‌که‌ پێکهێنرا. ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکووک له‌ نێوان یه‌کێتی و پارتیدا ڕێککه‌وتنێکی نوێیه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا پێبه‌ندی ئیتیفاقه‌که‌ بن پێشکه‌وتن له‌ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه‌کانی که‌رکووک ده‌بینرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ر دوو حیزب کۆده‌نگ بن ده‌ستبه‌جێ فراکسیۆنی برایه‌تی که‌ له‌ حیزبه‌ کوردییه‌کان پێکهاتوووه‌ و زۆرینه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووکی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ڕێوه‌ ده‌بات و له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری نوێ ڕێکده‌که‌ون و به‌و شێوازه‌ش کۆتایی به‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ناده‌ستوورییانه‌ ده‌هێندرێت که‌ ئێستا له‌لایه‌ن پارێزگاری به‌وه‌کاله‌تی که‌رکووک و ئه‌ندامانی تیمه‌که‌ی ناوبراو جێبه‌جێ ده‌کرێت.

پارتی له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا هه‌وڵی داوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ که‌رکووک و نووسینگه‌کانی خۆی له‌و پارێزگایه‌دا کارا بکاته‌وه‌ و پۆستی پارێزگاریی که‌رکووک به‌ده‌ست بهێنێت که‌ یه‌کێتی به‌ مافی خۆی ده‌زانێت و به‌پێی زانیاریی میدیا هه‌رێمی و عێراقییه‌کان به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ کردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ شاندی ناردۆته‌ به‌غدا. ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌ری له‌باره‌ی هه‌وڵه‌کانی پارتی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری که‌رکووک و گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وت: ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک و هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری کورد یه‌کلا بکرێته‌وه‌ و لیستی برایه‌تی کۆ ببێته‌وه‌ ده‌توانێت پارێزگاری که‌رکووک دابنێت و ئه‌و بابه‌ته‌ش عه‌لاقه‌ی به‌ پێوه‌ندیی نێوان پارتی و یه‌کێتییه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر یه‌کێتی و پارتی ڕێکبکه‌ون ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ئاسانتر ده‌بێت.

پاش ئه‌کته‌وبری 2017 و گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند و دیاری‌کردنی پارێزگارێکی عه‌ره‌بی به‌وه‌کاله‌ت بۆ پارێزگای که‌رکووک هاووڵاتییان و حیزبه‌ کوردییه‌کانی ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌ڵێن پڕۆسه‌ی به‌ عه‌ره‌ب کردن و ده‌رکردنی کورد و داگیر کردنی موڵک و ماڵ و زه‌وی و زاری کورده‌کان له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه‌ په‌ره‌ی سه‌ندوووه‌ و ده‌ڵێن هاووڵاتیی عه‌ره‌ب له‌ باقی ناوچه‌کانی عێراقه‌وه‌ بۆ که‌رکووک ده‌گوازرێته‌وه‌. ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌ری ئه‌و بابه‌ته‌ی پشتڕاست کرده‌وه‌ و به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی گوت: پڕۆسه‌ی ته‌عریب به‌رده‌وامه‌ و به‌ شێوه‌ی جۆربه‌جۆر ده‌کرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و ئاسانکارییان بۆ ده‌کرێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50534

Your Comment

You are replying to: .
captcha