کوردپرێس:
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆیێکی لەگەڵ تۆڕی میدیاییی ڕووداو کردووە و لەو دیمانەیەدا وتوویەتی ئێستا لە خەڵوەتێکی سیاسیدایە و ڕەخنەی توندیش لە ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزبەکەی دەگرێت کە لەم دواییەدا بۆ بڕیاردان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و هەست دەکرێت بەرەیێکی نوێی یەکێتی هاتوونەتە پێشەوە.
لە مەسەلەی هەڵبژێردرانی بەرهەم ساڵح وەکوو سەرکۆماری نوێی عێراق مەلا بەختیار ڕای ئیجابیی نەبوو بەڵام لە سەر هەڵمەتی چەند ئەندامێکی سەرکردایەتیی، بەرهەم ساڵح گەڕێندرایەوە نێو یەکێتی و پۆستی سەرۆککۆماری پێ بەخشرا و پاش ئەوەش مەلا بەختیار لە ناو کۆبوونەوەکانی یەکێتی نەبینرا. ژمارەیێک چاودێرانی سیاسی بڕوایان وایە تووڕەبوونەکەی مەلا بەختیار زادەی ئەوەیە کە بەرگەی رای زۆرینەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نەگرت بۆ هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.
مەلا بەختیار لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵبژێردرانی بەرهەم ساڵح وەکوو سەرکۆماری عێراق ڕایگەیاند: زۆربەیەک کە هەڵە دەکات، قەت لەو کەمینەیە باشتر نییە کە هەڵەی نەکردووە، ئەنجامەکەشی دەبینین، زۆرینەی هەڵەش هەیە، زۆرینەیێک لەسەر بنەمای دیراسە، زۆرینەیێک لەسەر بنەمای ژینگەی تەندروستیی حیزبێک، لەسەر بنەمای گفتوگۆیێکی هەڤاڵانە، زۆرینەیێک کە توانیبێتی هەموو هاوکێشەکان باش بخوێنێتەوە و هەرە خەڵکە زیرەکەکە بە توێژینەوەیێکی هەمەلایەنە، ئەو زۆرینەیە گەڵاڵەی بیر و بۆچوونەکانی بکات جیایە. بەڵام زۆرینەیێک لە زەرفی دوو سەعات چەند تەکەتولێک کۆ ببێتەوە و بێت و بیروڕای دەرەوەی حیزبەکە بێنێت لەناو حیزبەکە بیکات بە بڕیاری حیزبەکە، ئەم جۆرە زۆرینەیە گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرێت.
مەلا بەختیار سەبارەت بە هۆکاری بەشداری­نەکردنی لە کۆبوونەوەکانی یەکێتییش ڕایگەیاند: دەتوانم بڵێم لە خەڵوەتێکی سیاسیی خۆمدام، هاوکات خەریکی نووسینی پڕۆژەیێکیشم کە پێشکەشی بەڕێز جێگری سکرتێری گشتی، مەکتەبی سیاسی، سەرکردایەتی، ئەنجومەنی ناوەندیی بکەم. کۆی ئەو بۆچوونانە و رەخنانە و هەڵسەنگاندنانە، ئەو هەست و هەڵوێستانەی کە هەمە، دەمەوێت لەو پڕۆژەیە پێشکەشیان بکەم.
Your Comment