تورکیا ڕازییە پێشمەرگەی ڕۆژ بچێتە شوێنی یەپەگە لە کوردستانی سووریا

بەشی سووریا- بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەی ئەنەکەسە ڕایدەگەێنێت "کشانەوەى ئەمریکا چاوەڕوانکراو بوو، چوونکە بەرژەوەندیى ئەمریکا لە سووریا کۆتایی هاتووە".

کوردپرێس:

ڕۆژی یەک‌شەممە 23ی کانوونی یەکەمی 2018 ئیبراهیم برۆ بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەی ئەنجومەنی نیشتیمانیی کوردستانی سووریا بە ئاژانسى ئانادۆڵوی حکوومەتی تورکیا ڕاگەیاندووە "گەڕانەوەى هێزە پێشمەرگەی رۆژ بۆ سووریا گرنگیى تایبەتى هەیە و سەقامگیریى ناوچەکە بە گشتى دەهێنێتە ئاراوە، تورکیاش ئەمەى قبووڵە، چوونکە چەندین ساڵە سووریا بەدەست بوونى دەیان گرووپى چەکدارى دەناڵێنێت".

ئیبراهیم برۆ ئاماژەی بەوەش داوە "دۆخى سووریا زۆر ئاڵۆزە، ئەگەر رێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و تورکیا نەبێت بۆ گەڕانەوەى هێزی پێشمەرگەی رۆژ ئەوا ئەو پرسە ئەستەمتر دەبێت لە هەمان کاتیشدا پێویستە رێککەوتنێک لەبارەى گۆڕینى ئیدارەى ئێستاى سووریا بێتە ئاراوە، لەبەرئەوەى ئەو ئیدارەیەى ئێستا هەیە، نەیتوانى هیچ گۆڕانکارییێک دروست بکات کە خزمەت بە هەموو پێکهاتەکانى سووریا بکات، کە ئەم هەنگاوانە بە دروستى بە ئامانج گەیشتن، دەبێت سەرلەنوێ پێکەوە کار بکەین بۆ هێنانەدیى ئارامى بۆ تەواوى سووریا".

هاوکات فەرماندەیێکى هێزی پێشمەرگەی رۆژ کە نەیویستوە ناوی ئاشکرا بکرێت لەبارەى گەڕانەوەى لەشکرى رۆژ بۆ سووریا لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو ڕایگەیاندووە "ئەمریکا هەوڵ دەدات سەرجەم پێشمەرگەکانى هێزی رۆژ بگەڕێنێتەوە سووریا و هەروەها ئێمە بەهیچ شێوەیێک هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ پەیەدە و یەپەگە ئەنجام نادەین، ئەوەى تا ئێستا رێگر بووە لە هەوڵى ئێمە لە سووریا تەنها و تەنها پەیەدە بووە، ئەگینا پێش چەند ساڵە دەگەڕاینەوە بۆ سووریا".

هێزی لەشکرى رۆژ باڵى سەربازیى ئەنجوومەنى نیشتمانیى کورد لە سووریا (ENKS)ەیە لە بەروارى ١٢ ئادارى ساڵى ٢٠١٢ لە لایەن هەرێمى کوردستان دامەزرێنرا و لە لایەن فەرماندەیی زێرەڤانییەوە مەشق و راهێنانى سەربازییان پێکراوە و ژمارەیان نزیکەى ١٠ هەزار پێشمەرگە دەبێت و لە رەگەزى نێر و مێ پێکهاتوون، هەمووشیان کوردى سووریان.

*لە شارپرێس وەرگیراوە

News Code 50496

Your Comment

You are replying to: .
captcha