بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لوقمان فەیلی، وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە وتارێكدا، كە سوومریە نیووز بڵاوی کردۆتەوە ئاماژەی بەوە كردووە کە ئەو زانیارییانە ورد نین و بەردەوام وتوومانە كە بەرهەم ساڵح پێشتریش جەختی كردۆتەوە، كە پێویستە پاڵپشتی هەوڵەكانی چارەسەریی ئاشتی بكرێت بۆ كۆتایی هێنان بە توندوتیژییەكان لە وڵاتی سووریای دراوسێ ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بڕیاری سەربەخۆی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بەبێ دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆ.
وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ڕاشیگەیاندووە كە سەرۆک كۆمار پێی وایە، كە گەیشتن بەو ئامانجە پێویستی بە هەماهەنگی و پشتیوانی وڵاتانی دراوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە تا ڕێگە بگیرێت لە پێكدادان و دروست بوونی ململانێی نوێ لە ناكۆكیە هەرێمیەكان.
وتەبێژەكەی بەرهەم ساڵح نووسیویەتی: "بەرهەم ساڵح بەردەوام جەختی كردۆتەوە، كە عێراق بەردەوام بەدوای پتەو كردنی پەیوەندییەكانی دەگەڕێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەوانە توركیا، كە پێكەوە گرێدراوین و بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە و تێكەڵاوی كلتوری و مێژوویی پێكمانەوە دەبەستێتەوە و هەروەها دەستووری عێراق ئەوەی چەسپاندووە، كە نابێت پەیڕەوی سیاسەتی دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتنی دیكە بكرێت".
لوقمان فەیلی لە كۆتاییی وتارەكەیدا دەڵێت سەرۆک كۆمار پشتیوانی ئەو هەوڵانە دەكات، كە دەدرێت بۆ گێڕانەوەی ئاشتی لە سووریا و دەبێتە هۆی ئارامی و ئاسایش و بوونی پەیوەندییێكی باش لەگەڵ دراوسێكان.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویای كردبووەوە، كە بەرهەم ساڵح، سەرۆک كۆماری عێراق پڕۆژەیێكی پێشكەش كردووە بۆ ڕێكەوتنی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا لەگەڵ كوردەكانی كوردستانی سووریا تا دوای كشانەوەی سوپای ئەمریكا، كوردەكان لەدەست هێرشی توركیا پارێزراو بن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment