کوردپرێس:
لە بانگەوازەکەیدا کەنەکە رایگەیاندووە، پێویستە ئەمریکا بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەەکگرتووەکان کردووە دانیشتنێکی بەپەلە ساز بکەن و هەرێمی دژەفڕین رابگەیەنن، هەروەک داواشی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کردووە، نەبن بە سەیرکەری چەند کۆمەڵکوژییێکی دیکە.
کەنەکە ئاشکراشی کردووە، تورکیا ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر کوردستانی سووریا دەکات.
تورکیا لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر کانتۆنی عەفرین لە کوردستانی سووریا دەست پێکردوو دوای نزیکەی دوو مانگ بە هاوکاریی گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە سووریا توانیان دەستبەسەر ناوەندی شاری عەفریندا بگرن و بەبەرچاوی دونیاوە کارەساتی مرۆییی دروست کرد. ئێستاش دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەم کارەساتە لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانی سووریا دووبارە بکاتەوە.
کەنەکە دەربارەی مەترسییەکانی بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە باکووری سووریا رایگەیاندووە، بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کۆمەڵکوژیی گەورە رووبەڕووی خەڵکی ناوچەکە دەبێتەوە.
کەنەکە داوای کردووە؛
پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکە نەکشێنەوە.
پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆ ببێتەوە و بڕیاری پاراستنی هەرێمەکە و دانانی هەرێمی دژەفڕین بۆ کوردستانی سووریا بدات.
پێویستە ئەمریکا چاو بە بڕیارەکەیدا بخشێنێتەوە و هەڵیبوەشێنێتەوە.
لە سەرووی هەموویانەوە ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەڕەنسا، داوا لە وڵاتانی ئەورووپا دەکەین ئەم بابەتە بکەنە رۆژەڤی خۆیان و نەبن بە سەیرکەری ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەگەر هەیە رووبەڕووی کورد، عەرەب، ئاشووری و ئەرمەنییەکانی ناوچەکە ببێتەوە.
پێویستە رووسیا وەک ئەوەی لە عەفریندا کردی، لە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا بێدەنگ نەبێت.
داوا لە پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ، بزووتنەوەکانی ئاشتی و هەرکەسێک دەکەین کە لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا کار دەکەن، دەنگی خەڵکی کورد، عەرەب، ئاشووری، ئەرمەنی، سونی، عەلەوی، یەزیدی و کریستیانەکان ببیستن و بە دیار کۆمەڵکوژییانەوە بێدەنگ دانەنیشن.
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تاکە هۆکاری مانەوەی هێزەکانیان لە سووریا شەڕی داعش بووە و ئێمەش داعشمان تێکشکاند. سەرلەبەیانی ئەمڕۆش (٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨) رایگەیاند، کاتی گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە بۆ وڵاتەکەیان.
Your Comment