بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دانا عهبدولکهریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆژەی هێڵی ئاسنین لە هەرێـمی کوردستان ماستەرپلانی لە ساڵی 2012ـەوە دانراوە.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە گوتیشی: "لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە پلانمان داناوە بۆئەوەی ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ چەندین کۆمپانیا قسە کراوە، خۆشبەختانە باشترین کۆپمانیا کە ئێمە توانیمان گفتوگۆکانمان لەگەڵیان بەردەوامی پێبدەین، کۆمپانیای دۆیجەبانی ئەڵمانییە بووە، کە لە باشترینەکانی جیهانە.
دانا عهبدولکهریم باسی لەوەشکرد کە دوای ساڵ و نیوێک لە گفتوگۆ گەیشتوونە ئەوەی ئەمڕۆ و لێکتێگەیشتنێکیان ئیمزا کرد، ئەو یاداشتەش بۆ دروستکردنی هێڵێ ئاسنینە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دروستکردنەکە ئامادەکاری دەوێت، ئامادەکاریەکان لە "ئەنجامی شیکاری" پرۆژەکە، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسپانی گرێبستەکەی واژووی دەکەن.
دانا عهبدولکهریم گوتیشی: "سەرەڕای ئەمانە ئامادەکارییەکانی دیکەی پرۆژەکە دیزاین کردن و چۆنێتی جێبەجێ کردنی و دابین کردنی بودجەی پرۆژەکە لەخۆدەگرێت، هەروەها هەوڵ دەدرێت بودجەی پرۆژەکە لەسەر چەند کۆمپانیایەکی جیهانی بێت کە پێشتر گفتوگۆیان لەگەلدا کراوە".
Your Comment