کوردپرێس:
لەم ڕۆژانەی دواییدا سوپای تورکیا شەنگال و مەخمووری بۆردومان کرد و بە هۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیاوە چەندی هاووڵاتیی مەدەنی بوونە قوربانی. وەزارەتی دەرەوەی عێراق فاتێح یێڵدز باڵوێزی تورکیا لە عێراقی بانگ کرد و ئیدانەی ئەو دەسدرێژییەی تورکیای کرد و ڕایگەیاند ئەو هەڵمەتە شکاندنی سەروەریی خاکی عێراقە. لە لایێکی دیکەشەوە محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو لە پەیامێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی تورکیای کرد و دژایەتیی خۆی بەرانبەر بە شکاندنی سەروەریی عێراق ڕاگەیاند. بەڵام تا ئەم کاتەش هیچ کەسایەتییێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە هەڵوێستی نەنواندووە.
موسەننا ئەمین سەرۆکی لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کە هاوکات ئەندامی کۆتلەی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە لە دیمانەیێکی تایبەت لەگەڵ کودپرێسدا وەڵامی چەند پرسیاری هەواڵنێری کوردپرێسی داوەتەوە و سەبارەت بە دەسدرێژییەکەی ئەم دوایییەی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕەخنەی لە هەڵوێستی لاوازی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش گرت و گوتیشی پەکەکەش لەو هێرشانە بەرپرسیارە لەبەر ئەوەی لە دەستووری عێراقدا ڕێگە نەدراوە خاکی عێراق بۆ دوژمنکاری بەرانبەر بە هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکار بهێنرێت. بەڵام ئەوەش نابێت بکرێتە بیانوو بۆ ئەوەی وڵاتێکی وەکوو تورکیا لە نێوەڕاستی خاکی عێراقدا هاووڵاتییانی عێراقی و کورد بکاتە ئامانج.
کورتەی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ دوکتور موسەننا ئەمین بەپێی تەوەری پرسیارەکان لێرە بخوێنەوە:
عێراق هەموو ڕێگایێک بگرێتە بەر بۆ ڕێگری کردن لە دەستدرێژیی تورکیا
موسەننا ئەمین سەبارەت بە دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی وت: بێگومان هەر چەشنە هێرشێک بکرێتە سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی عێراق و بە یاسای نێودەوڵەتی کارێکی مەحکووم و تاوانە بۆیە پێویستە عێراق هەموو ڕگایێک بگرێتە بەر بۆ ڕێگری کردن لەم دەستدرێژییەی تورکیا. دیارە هەر بیانوویێک بکرێتە پاساو بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی عێراقی بکوژرێن یان بریندار بکرن و ماڵیان بسووتێنرێت و گوندەکانیان وێران بکرێت و ترساندن و تۆقاندنیان لە سەر بسەپێندرێت تاوان و هەڵەیە و پێویستە هەر دەوڵەتێک کردبێتی کۆتاییی پێ بهێنێت و پێویستە عێراقیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان شکایەت لە سەر ئەو دەوڵەتانە تۆمار بکات و هەموو ڕێکارێکی سیاسی و دیپڵۆماسی بگرێتە بەر بۆ ئەوەی ئەو دەستدرێژییانە کۆتایییان پێ بێت.
هەڵوێستی حکوومەتی بەغدا لاوازە
سەرۆکی لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بارەی هەڵوێستەکەی حکوومەتی بەغدا بەرانبەر بە دەسدرێژییەکەی حکوومەتی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق ڕایگەیاند: حکوومەتی بەغدا هەمیشە هەڵوێستەکانی لاوازن و لە ئاستی پێویستدا نین. ناوخۆی عێراقیش سەبارەت بەم پرسە، ناوخۆیێکی یەکگرتوو و مەحکەم نییە. تورکیا خۆی ڕێگەی نەدا فڕۆکەیێکی ڕووسی بۆ چەند دەقەیێک بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا بسووڕێتەوە و خستیە خوارەوە. بەڵام ئێمە هەڵوێستی دەوڵەتی عێراق زۆر بە لاواز دەبینین و ئەو بیانووانەش تورکیا بۆ ئەو دەستدرێژییە بەکاریان دەهێنێت بێ بنەمایە.
بۆچی حکوومەتی عێراق بەرانبەر بەو دەستدرێژییانە هەڵوێستەکەی لاوازە؟
سیاسەت کردن لە عێراقدا سەربەخۆ نییە و وابەستەی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانە. پاش ڕووخانی دەوڵەتی بەعس ئەوەی ڕووخا دەوڵەتی عێراق بوو نەک ڕژێمی سەدام حوسێن. لە بەر ئەوەی دروست کردنەوەی دەوڵەتی عێراق جارێکی دیکە کاتێکی زۆری دەوێت و پێویستی بە سەقامگیری و ئارامی هەیە بەڵام ئەوەی عێراق بە دەستیەوە دەناڵێنێت لە تیرۆر و لە شەڕ و لە دەستدرێژیی هەرێمایەتی سەرباری ئەو زامە کۆنانەیە کە لە ڕژێمی پێشوو مابوویەوە. ئەوەش وای کردووە عێراق نەتوانێت بکەوێتەوە سەر پێی خۆی و تووشی شەڕی تیرۆر و ناوخۆ کرا و دەستدرێژیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەرۆکی گرت و ژێرخانی ئابووریی عێراق تەواو پڕە لە قەیران و ئاڵۆزی. سەرباری ئەوەش عێراق ڕابەر و خاوەنی نییە. عێراق وڵاتێکە پڕە لە مەزهەب و تایفە و نەتەوە و ئتنیک و حیزبی جیاواز و ئایدیۆلۆژیا و ئەجیندای نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیی جیاواز. هەموو ئەمانە وای کردووە عێراق پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی لەم قەیرانانە ڕزگار ببێت.
بێ­هەڵوێستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە دەستدرێژیی تورکیا و قوربانی بوونی خەڵکی مەدەنی
ئەو ڕەخنەیەش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گیراوە کە بەرانبەر بە دەستدرێژییەکەی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵوێستی نەبوو. موسەننا ئەمین لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: کوردستانیش هەمان کێشەی هەیە و ئالوودەی قەیرانی دابەشبوونە لە نێوان هێزە هەرێمایەتییەکاندا و سەرەڕای ئەوەش حکومڕانیی ناتەندروستی هەیە. کێشەکان لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان کەمێک جیاوازن بەس لە زۆر ڕواڵەتیشدا هاوبەشن. واتا هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە عێراقی پڕ لە قەیران و خۆیشی نەیتوانیوە وەکوو پێویست هەڵوێستی ببێت. بۆیە بێگومان فشارە هەرێمایەتییەکان و دابەشبوونی هەرێمی کوردستان کاریگەریی لە سەر ئەو بابەتە دەبێت.
ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەرێمی کوردستانیش و عێراقیش ڕۆڵیان هەبێت بۆ گێڕانەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان لە تورکیا و فراوان کردنی ڕووبەری دیموکراسییەت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات تا ئەو کاتەی کێشەی ئاسایشی سنوورەکانی ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بمێنێت ئەم دەستدرێژییانەش هەر دەمێنێت. بۆیە پێویست بەوە دەکات کە لە چوارچێوەی بەگەڕ خستنەوەی دیموکراسیەت جارێکی تر دەنگەکان بێدەنگ بکرێن و بیانووەکان کۆتایی پێ بهێنرێن.
هەڵوێست نواندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکانی تورکیا
موسەننا ئەمین ئاماژەی بەو کارانەش کرد کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵوێست نواندن بەرانبەر بە دەستدرێژییەکانی تورکیا کردوویەتی و گوتی: لە لێژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی جدی لە سەر ئەو پرسە دەکرێت داواش لە حکوومەتی عێراق کراوە هەموو ڕێکارەکان بگرێتە بەر بۆ ئەو پرسە و دەبێت حکوومەتی تورکیا هەم کۆتاییی پێبهێنێت و هەم قەرەبووی ئەو کەسانە بکاتەوە کە زیانیان لێکەوتووە. ئەوەی پێمان بکرێت لە پەرلەمانی عێراق دەیکەین بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق هەڵوێستەکانی وەکوو پێویست بن.
بەرپرسیارێتیی پەکەکە و دەوڵەتی عێراق
ئەندامێ کۆتلەی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لە بارەی بەرپرسیارێتیی پەکەکە و دەوڵەتی عێراقەوە بە کوردپرێسی وت: بە دڵنیایییەوە پەکەکە بەرپرسیارێتیی هەیە بەڵام دەبێت چارەسەری کێشە بە دوو لایەنە بکرێت. دەستووری عێراق ڕێگە نادات خاکی عێراق دژ بە هیچ وڵاتێکی دیکە بەکار بهێنرێت. بۆیە دەبێت عێراق لەم ڕوووەوە ئیلتیزاماتی خۆی جێبەجێ بکات بەوەی کە بەشدار بێت لە دروست کردنی ئاشتی و دیموکراسیەت لە تورکیا. دیارە ناکرێت ئەو ڕوانگەیەی مەسەلەکەش نادیدە بگرین. من وەکوو تاکێک و یەکگرتووی ئیسلامییش وەکوو حیزبی ئێمە بڕوامان بە هیچ چەک و تفەنگێک نییە چوونکە زیاتر ئەو وڵاتانە بەرەو وێرانی و کاولکاری دەکێشێت. بۆیە قەناعەتم بەوە نییە کە هیچ هێزی سەربازی ڕێگەی پێ بدرێت هەڵبکوتێتە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هیچ کردەیێک بکات. ئەمەش ئیلتیزامی عێراقە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە و بە پێی دەستووری عێراق خۆیشی. بۆیە دەبێت عێراقیش لەم ڕووەوە ڕۆڵی هەبێت لە بێدەنگ کردنی هەر هەڵمەتێکی سەربازی بۆ سەر هەر دەوڵەتێکی دراوسێ. بەس ئەوەش بیانوو نییە بۆ ئەوەی کە تورکیا بێت لە ناوەڕاستی خاکی عێراقدا خەڵکی ئێمە بکاتە ئامانج و هاووڵاتییانی ئێمە بکوژێت. ئەو تەنها دەتوانێت ئاگای لە سنوورەکانی خۆی ببێت بۆ ئەوەی کەس نەچێتە ئەو دیوی سنوور بۆ کردەی سەربازی. دەشتوانێت ئەو کێشەیە بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بکات. تورکیا ناتوانێت ئەو قەیرانەی لە ناوچەکە هەیە بیکاتە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵمەتی سەربازی بۆ سەر دەوڵەتێکی دیکە بکات. ئەگەر باس لە هەبوونی ئوپۆزسیۆن بێت ئەوا ئوپۆزسیۆنێکی زۆری عێراقیش لە نێو خاکی تورکیا هەیە بەڵام ئەوە ناکرێتە بیانوو بۆ هەڵمەتی سەربازیی عێراق دژ بە تورکیا. ئەم کێشانەش تاوەکوو لە ڕووی سەربازییەوە چارەسەر نەکرێن قوربانییەکانی زۆرتر دەبێت و گرفتەکانیش قووڵتر دەبنەوە. ئەوەش ئەرکی عێراق خۆیەتی کە چۆن سنوور دابێنت بۆ هەر هێزێکی چەکدار کە چۆن خاکی عێراق بە کار بهێنێت و مافی تورکیاش نییە لە نێو خاکی وڵاتێکی دیکەدا کردەی سەربازی بکات.
دیمانە: حەسەن ساڵحی. بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان/ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس
Your Comment