ستراتێژیی تورکیا داگیر کردنی ناوچەکەیە/ بێدەنگیی بەغدا هەمبەر دەست درێژییەکانی تورکیا جێگای شەرمە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فەرماندەی باڵای یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال ڕایگەیاند: ئێمە وەکوو هێزەکانی پاراستنی شەنگال تا دوا هەناسەمان بەرگری لە ئێزدییەکان دەکەین و لە لایێکی دیکەوە بێدەنگیی حکوومەتی ناوەندیی عێراق هەمبەر هێرشەکانی تورکیا شەرمەزار دەکەین؛ نابێت بەغدا مۆڵەت بە دەست درێژیی تورکیا بدات.

دژوار فەقیر لە فەرماندە باڵاکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی هێرشی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر شەنگال و مەخموور وتی: ئامانجی تورکیا لە بۆردوومانی شەنگال و مەخموور لەناوبردنی کەمینە ئاینی و ئەتنیکییەکانە. هەر هێزێک خزمەت بە خەڵکی خۆی بکات، تورکیا بە دوژمنی دەزانێت و هێرشی دەکاتە سەر.

ناوبراو درێژەی دا مێژوویش ئەو دەسەلمێنێت کە ئامانج و مەرامی تورکیا کونترۆڵ کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

تورکیا بەو هەوڵەوە دەیهەوێت کەمینەکان لە ژێر کونترۆڵی ئەودا بن، هەروەها کە لە عەفریندا تاوانی کرد، ئەمڕۆکەیش بەنیازن عێراق کونترۆڵ بکەن.

فەرماندەی باڵای یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال وێڕای ڕەخنە گرتن لە بێدەنگ بوونی بەغدا لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا، وتی: بەداخەوە عێراق هەنگاوێکی کرداری هەمبەر پاوانخوازییەکانی تورکیا هەڵناگرێت هەروەها کە هەرێمی کوردستان و پارتی لەوبارەوە بێدەنگن.

ناوبراو ئاشکرای دەکات هێرشی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر شەنگال لە ڕۆژی جەژنی ئێزدییەکاندا ئەنجام درا، تورکیا بەو هێرشەوە پەیامێکی بۆ هەمووان هەیە ئەوەش ئەوەیە کە ئەوان پێبەند بە هیچ پرەنسیپێک ئنین و هێرشەکەی ساڵی ڕابردووش بۆ سەر شەنگال لە ساڵۆگەڕی ژینۆسایدی ئەرمەنییەکاندا بوو، بۆیە تورکیا بەنیازە بە هەمووانی بسەلمێنێت کە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی ئامادەیە هەر قەوم و میللەتێک لەناو ببات.

دژوار فەقیر وێڕای جەخت کردن لەسەر ئەوش کە ئەنقەرە دەیهەوێت هێژمۆنیی ئیمپراتۆریی عوسمانی زیندوو بکاتەوە، وەبیری هێنایەوە کە ئەو وڵاتە بەنیازە ڕۆڵی سەرەکی لە پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت و لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا لە گۆڕانکارییەکاندا خۆی وەکوو فاکتەری سەرەکی بناسێنێت بۆیەش دەست بە هەموو تاوانێکەوە دەدات.

ناوبراو وتیشی: ئێمە وەکوو یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال تا دوا هەناسەمان بەرگریی لە خەڵکی ئێزدی دەکەین و لە لایێکی دیکەوە بێدەنگ بوونی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیاوە شەرمەزار دەکەین، نابێت بەغدا ڕێگە بە پاوانخوازییەکانی تورکیا بدات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 50315

Your Comment

You are replying to: .
captcha