نه‌وه‌ی نوێ‌: به‌رپرسیارێتیی پاراستنی سه‌روه‌ریی هه‌رێم و عێراق له ‌ئه‌ستۆی دامه‌زراوه‌كانی هه‌ر دوو حكوومه‌تدایه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا فراکسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ئیدانه‌ی بۆردومان كردنه‌كانی دوێنێی سوپای توركیا ده‌كات بۆ سه‌ر مه‌خموور و شنگال و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت که‌ به‌رپرسیارێتیی پاراستنی سه‌روه‌ریی هه‌رێم و عێراق له ‌ئه‌ستۆی دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم و عێراقه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فراکسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ ڕێگای ڕاگه‌یێندراوێکه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ "فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دژی هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كه‌ بۆ سه‌ر سه‌روه‌ریی وڵاته‌كه‌مان و ئیدانه‌ی بۆردومان كردنه‌كانی دوێنێی سوپای توركیا ده‌كه‌ین بۆ سه‌ر مه‌خموور و شنگال كه‌ به‌داخه‌وه‌ زیانی گیانی و ماڵی لێ كه‌وتوووه‌ته‌وه‌."

له‌ ڕاگه‌یێندراوه‌که‌دا هاتوووه‌ که‌ ئه‌وان له‌ فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ‌ به‌رپرسیارێتیی پاراستنی سه‌روه‌ریی هه‌رێم و عێراق ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی عێراق كه‌ بۆ چه‌نده‌مین جاره‌ سه‌روه‌ریی وڵاته‌كه‌مان پێشێل ده‌كرێت و هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێم و عێراق نه‌یانتوانیوه‌ له‌ ڕێی كه‌ناڵه‌ یاسایی و دیپلۆماسییه‌كانه‌وه‌ چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ ئه‌م ده‌ستدرێژییانه‌ بدۆزنه‌وه‌.

له ‌کۆتایی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ‌ وێڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌می بۆ كه‌سوكاری قوربانییه‌كان و زیانلێكه‌وتوووان به ‌ئه‌ركی حكوومه‌تی هه‌رێم و عێراقی ده‌زانێت نه‌هێڵێت جارێكی‌تر ئه‌م ڕووداوانه‌ دووباره‌ ببنه‌وه ‌و ده‌بێت قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتوووانیش بكرێته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌رسوڕمانی خۆیان نیشان ده‌ده‌ن كه‌ حزبه‌ كوردستانییه‌كان هه‌ڵوێستیان نه‌بوووه‌ له‌ ئاست ئه‌م پێشێلكارییه‌دا.

شایانی باسه‌؛ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 13ی کانوونی یه‌که‌می 2018 فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ سوپای‌ توركیا ناوچه‌کانی گر عوزێر، گه‌لی شلۆی شنگال، که‌مپی مه‌خموور و چیای قه‌ره‌چوخ له‌ مه‌خمووریان بۆردومان كرد و به‌و هۆیه‌وه‌ چوار که‌سی مه‌ده‌نی شه‌هید بوون که‌ سیانیان ئه‌ندامی یه‌ک خێزانن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50300

Your Comment

You are replying to: .
captcha