قایمقامی گشتیی یه‌په‌گه‌ داوایێک له‌ ده‌وڵه‌تی سووریا ده‌كات

به‌شی سووریا- قایمقامی گشتیی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه‌" په‌یامێک ئاراسته‌ی حكوومه‌تی سووریا ده‌كات و ده‌ڵێت: "پێویسته‌ كار بۆ پاراستنی سنووره‌كانی سووریا و خاكه‌كه‌ی بكه‌ن و ئێمه‌ ئاماده‌ی كاری هاوبه‌شین بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ توركیا."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سیپان حه‌مۆ قایمقامی گشتیی یه‌په‌گه سه‌باره‌ت به‌ هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی فورات به‌ ڕۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی گوتوووه‌: پێویسته‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سووریا کار بۆ پاراستنی خاکه‌که‌ی بکه‌ین و ئێمه‌ بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی فورات ئاماده‌ین که‌ کاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سووریا ئه‌نجام بده‌ین.

حه‌مۆ گوتیشی: "پێموایه‌ ڕووسه‌كان به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر یه‌په‌گه‌ دڵخۆشن و دیمه‌شقیش خۆی له‌ هه‌ڕه‌شه‌كان به‌ دوور ده‌گرێت و هیچ ده‌ستپێشخه‌رییێكی بۆ به‌رگری كردن له‌ سنووره‌كانی وڵاته‌كه‌ی نییه‌."

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاندوووه‌: "سوپای ئه‌مه‌ریكا به‌په‌له‌ خاڵی چاودێری دامه‌زراند له‌سه‌ر سنووری سووریا و توركیا و كاروانی سه‌ربازییان خسته‌ گه‌ڕ."

قایمقامی گشتیی یه‌په‌گه‌ ئاشکرای ده‌کات: "توركیا هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد له‌ به‌ین ببات، هێزه‌كانی له‌سه‌ر سنوور مۆڵداوه‌ و ناو خاكی سووریا بۆمباران ده‌كات. به‌رپرسانی هه‌واڵگریی توركیا له‌گه‌ڵ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان كۆ بوونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ی كاری هاوبه‌شی سه‌ربازی بن وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ عه‌فرین ڕووی دا."

سیپان حه‌مۆ ده‌ڵێت: "ئه‌ردۆغان ده‌ڵیت سنووره‌كانی توركیا ئارام نین و وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ عه‌فرین كردیان له ‌ناو خاكی سووریا ڕێوشوێنی پێویست ده‌گرنه‌به‌ر، ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ توركیا خواستی داگیركاریی هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو زیاتر بوووه‌ بۆ داگیركردنی خاكی سووریا. ناوچه‌كانی قه‌ڵغانی فورات و عه‌فرین و ئیدلبی داگیر كرد، ئێستاش ده‌یه‌وێت ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات ببات و واقیعێكی نوێ له‌سه‌ر زه‌وی بخوڵقێنێ و پاشان بیر له‌ چاره‌سه‌ری سیاسی بكاته‌وه‌."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50280

Your Comment

You are replying to: .
captcha