هۆشداری له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش بۆ پارێزگای دیاله‌ ده‌درێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- لێپرسراوی کۆمیته‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی یه‌کێتی ڕای‌ده‌گه‌یێنێت که‌ گرووپی تیرۆریستیی داعش له ‌ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم سه‌رقاڵی خۆرێكخستنه‌وه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، محه‌مه‌د عومه‌ر لێپرسراوی كۆمیته‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی یه‌كێتی به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: داعش له‌ سنووره‌كانی قه‌ره‌ته‌په‌ و جه‌له‌ولا و سه‌عدییه‌ به ‌ئاشكرا بوونیان هه‌یه‌ و سوپای عیراق و حه‌شدی شه‌عبی ناتوانن ڕوبه‌ڕویان ببنه‌وه‌ و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی بپارێزن".

ناوبراو وتیشی: "پێشتر سه‌ره‌ڕای بوونی فه‌وجێكی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی دوو لیوای هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووری حه‌مرین جێگیر كرابوون كه‌چی له‌ سنووری قه‌ره‌ته‌په ‌و جه‌له‌ولا ناوبه‌ناو داعش كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌دات و ئێستاش كه‌ به ‌پانتاییی 15 كیلۆمه‌تر له ‌نێوان قه‌ره‌ته‌په ‌و جه‌له‌ولا تا ده‌گاته‌ ده‌ریاچه‌ی حه‌مرین، سه‌ربازێكی سوپای لێ نییه‌، داعش ئه‌وه‌ به‌ هه‌ل ده‌زانێت و سه‌رقاڵی دانانی به‌رنامه ‌و خۆڕێكخستنه‌وه‌یه‌ بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كرده‌وه‌كانیان زیاتر بێت".

به ‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی، له ‌كاتێكدا سوپای عێراق ناتوانێت ئه‌و ناوچانه‌ بپارێزێت، داوای هاوكاریش له ‌هێزی پێشمه‌رگه‌ ناكات و ده‌شڵێت: "بۆ نه‌هێشتنی مه‌ترسییه‌كانی داعش ده‌بێت هه‌ماهه‌نگی له ‌نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌بێت ئه‌گه‌رنا داعش زیاتر گه‌شه‌ ده‌كات".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50269

Your Comment

You are replying to: .
captcha