وه‌ڵامی توندمان بۆ هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا ده‌بێت/ ئه‌مه‌ریکا بێده‌نگ نه‌بێت

به‌شی سووریا- سه‌رۆک وه‌زیرانی کانتۆنی جزیره‌ گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێس کردوووه‌ و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌ردۆغان هێرش بکاته‌ سه‌ر خاکی کوردستانی سووریا ده‌دۆڕێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ شکستمان به‌ گرووپێکی تیرۆریستیی جیهانی هێنا که‌ داعش بوو بۆیه‌ شکست به‌ تورکیاش ده‌هێنین.

عه‌بدولکه‌ریم سارۆخان له‌ گفتوگۆیێکی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێسدا ئاماژه‌ی به‌ جووڵه‌ سه‌ربازییه‌کانی سوپای تورکیا له‌ سنووری سووریا کردوووه‌ و ده‌ڵێت: هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی کوردستانی سووریاوه‌ جیدین و ئێمه‌ به‌ مه‌ترسیی ده‌زانین چوونکه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ تازه‌ نیین و له‌ ماوه‌ی 7 ساڵی ڕابردوودا ناوچه‌که‌ی ئێمه‌ به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر بوووه‌ و تورکیا ده‌ستدرێژیی کردۆته‌ سه‌ر خاکمان.

ناوبراو درێژه‌ی پێدا: تورکیا هه‌رکات هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشکردنی کردبێت هێرشه‌که‌شی کردوووه‌ دوایین نموونه‌شی عه‌فرین بوو که‌ تورکیا ده‌ستدڕێژیی کرده‌ سه‌ر ئه‌و کانتۆنه‌ کوردنشینه‌ و ئه‌و به‌شه‌ی خاکی سووریای جیا کرده‌وه‌.

عه‌بدولکه‌ریم سارۆخان گوتیشی: ئه‌مڕۆکه‌ش هه‌مان هه‌ڕه‌شه‌ به‌رده‌وامه‌ به‌ڵام ئێمه‌ ته‌واو ئاماده‌ین و وه‌ڵامی هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یێک ده‌ده‌ینه‌وه‌ و بێده‌نگ نابین. هێزه‌کانی ئێمه‌ له‌ بواری سه‌ربازی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌شکیلاتیدا خۆیان ئاماده‌ کردوووه‌ که‌ به‌رپه‌رچی ده‌ستدرێژییه‌کانی تورکیا بده‌نه‌وه‌.

سه‌رۆک وه‌زیرانی کانتۆنی جزیره‌ دووپاتی کرده‌وه‌ وه‌ڵامیان ده‌بێت بۆ هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا و ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌ردۆغان هێرش بکاته‌ سه‌ر خاکی کوردستانی سووریا ده‌دۆڕێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ شکستمان به‌ گرووپێکی تیرۆریستیی جیهانی هێنا که‌ داعش بوو بۆیه‌ شکست به‌ تورکیاش ده‌هێنین.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: هیچ ڕه‌گه‌ز و نه‌ته‌وه‌ و عه‌شیره‌ و گرووپێکی سیاسیی دانیشتووی باکووری سووریا له‌ به‌رانبه‌ر ده‌ستدرێژییه‌که‌ی تورکیاوه‌ بێده‌نگ نابن و هه‌ڵوێستیان ده‌بێت. خه‌ڵکی ئێمه‌ چیتر ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ساڵانی پێشوو نیین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ هه‌موو توانا و هێزی خۆیانه‌وه‌ ئاماده‌ی به‌رگری کردن له‌ خاکه‌که‌یانن.

سارۆخان هه‌ر له‌و دیمانه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێسدا تیشکی خسته‌ سه‌ر ده‌وربینینی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانیی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ڕێگری کردن له‌ هێرشه‌که‌ی تورکیا و به‌ کوردپرێسی گوت: ئه‌مه‌ریکا له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا بوونی هه‌یه‌. ئێمه‌ له‌و قه‌ناعه‌ته‌دا نیین که‌ ئه‌مه‌ریکا بیهه‌وێت خزمه‌تی ئێمه‌ بکات یان یارمه‌تیمان بدات به‌ڵام بڕوا ناکه‌ین هێرشه‌که‌ی تورکیا بۆ سه‌ر کوردستانی سووریا به‌ قازانجی داهاتووی ئه‌مه‌ریکاش و هاوپه‌یمانیی ڕۆژئاوایش بێت.

ناوبراو ئه‌وه‌شی زیاد کرد: ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا مامه‌ڵه‌ بکه‌ن و ڕێگه‌ به‌ هێرشه‌که‌ی تورکیا بده‌ن هه‌موو شتێک به‌ستراوه‌ به‌ ئاستی به‌رخۆدان و خۆڕاگریی ئێمه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ده‌ستدرێژییه‌کانی تورکیا.

سه‌رۆک وه‌زیرانی جزیره‌ ئاماژه‌ی به‌ ئامانجه‌کانی تورکیا له‌و هێرشه‌ی بۆ باکووری سووریا کرد و به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: تورکیا حه‌ز ده‌کات داعش له‌ سووریا ده‌سه‌ڵاتی زیاتری هه‌بێت و ئه‌و هێرشانه‌ی ئێمه‌ له‌ هه‌جین دژی داعش کردمان نموونه‌یێکه‌ که‌ تورکیا ده‌یهه‌وێت دووپات نه‌بێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیوای به‌ گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کانه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و گرووپانه‌ نه‌مێنن شکست ده‌هێنێت.

ناوبراو له‌ کۆتاییدا گوتیشی: ئه‌ردۆغان ده‌یهه‌وێت گوشاری سه‌ر داعش سووک بکرێت و به‌و شێوازه‌ش سه‌ری کێشه‌ نێوخۆیییه‌کانی تورکیا بنێته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50267

Your Comment

You are replying to: .
captcha