برێت مه‌كگۆرک: تا دامه‌زراندنی هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی ناوخۆ له‌ سووریا ده‌مێنینه‌وه‌

به‌شی سووریا- نوێنه‌ری تایبه‌تی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش ڕای‌گه‌یاند: تا دامه‌زراندنی "هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی ناوخۆ" له‌پێناو پاراستنی سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌ سه‌ر داعشدا له‌ سووریا به‌رده‌وام ده‌بن له‌ مانه‌وه‌یان له‌و وڵاته‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، برێت مه‌كگۆرک له‌ میانی كۆنگره‌یێكی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌باره‌ی دوا پێشهاته‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش دوا و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ هێشتا له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانیاندا به‌رده‌وامن له‌ دژی داعش و بوونی داعشیشیان بۆ له‌سه‌دا یه‌ک كه‌م كردۆته‌وه‌ و سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشا كه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی دوای به‌ ته‌واوه‌تی پاككردنه‌وه‌ی سووریاش له‌ داعش به‌رده‌وامی بده‌ن به‌ پاراستنی سه‌ركه‌وتنه‌ به‌ده‌ستهاتوووه‌كان.

برێت مه‌کگۆرک له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكیش كه‌ داخۆ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش به ڕێبه‌رایه‌تیی ئه‌مریكا كه‌ی له‌ سووریا ده‌كشێته‌وه‌ گوتی: "له‌ خاڵێكداین كه‌ (ده‌بێت) له‌وه‌ دڵنیا بین هه‌موو سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن. ئامانجی سه‌ربازی شكستهێنانی یه‌كجاره‌كییه‌ به‌ داعش و ناكرێت دوای ساڵانێک شتێک بزانی و ئه‌وان له‌ ڕووی فیزیكییه‌وه‌ شكست پێبێنی و بڕۆی. ده‌بێت دڵنیا بیت له‌ دامه‌زراندنی هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی ناوخۆ له‌پێناو پاراستنی سه‌ركه‌وتنه‌كان".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ بۆچی له‌ناوچوونی داعش ئه‌وه‌نده‌ زۆری خایاند كه‌ له‌ ناوچه‌یێكی بچووكدایه‌، مه‌كگۆرک باسی له‌وه‌ كرد كه‌ چه‌كدارانی داعش پشتێنه‌ی بۆمبڕێژكراو له‌ خۆیان ده‌به‌ستن و له‌ زۆر شوێن بۆمبیان داناوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ شه‌ڕه‌كه‌ سه‌خت بوووه‌ و زۆری خایاندوووه‌.

پێشتر وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا (پنتاگۆن) له‌ ڕاپۆرتێكیدا باسی له‌وه‌ كردبوو چه‌کدارانی هه‌سه‌ده‌ كه‌ ئه‌مریكا پشتیوانییان لێده‌كات ده‌ستیان كردوووه‌ به‌ مه‌شق و ڕاهێنان به‌ "هێزی ئاسایشی ناوخۆ"، "هێزی ئاسایشی سنوور" و "پسپۆڕانی ته‌قه‌مه‌نی" و پلانی بۆ دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر داناوه.

سه‌رچاوه‌: ته‌له‌فزیۆنی NTV

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50198

Your Comment

You are replying to: .
captcha