عادل عه‌بدولمه‌هدی: عێراق نابێته‌ به‌شێک له‌ سزاکانی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌ر ئێران

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ وڵاته‌که‌ی به‌شێک نییه‌ له‌ سزاکانی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌ر ئێران.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 11ی کانوونی یه‌که‌می 2018 عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌ی خۆیدا له‌ به‌غدا ڕای‌گه‌یاند: هه‌ڵوێستی عێراق سه‌باره‌ت به‌ سزاکانی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌ر ئێران ڕوونه‌ و عێراق به‌شێک نییه‌ له‌ سزاکان.

ناوبراو وتیشی: له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا وه‌فدێکی عێراق سه‌ردانی واشنتۆن ده‌کات به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ و چاره‌سه‌ری بابه‌تی سزاکان.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ پۆسته‌کانی کابینه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی باسی له‌وه ‌کرد سه‌ربه‌ست بوووه‌ له‌ دانانی به‌شێک له‌ وه‌زیره‌کان به‌ڵام به‌شێکی دیکه‌ی وه‌زیره‌کان به‌پێی ڕێککه‌وتنی سیاسی دانراون.

عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌باره‌ی کردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌وز به ڕووی هاووڵاتییاندا وتی: ئه‌و بڕیاره‌ هیچ پاشگه‌زبوونه‌وه‌یێکی تێدا نییه‌ و پێویسته‌ به‌رپرسه‌کان هاوشێوه‌ی دۆخی خه‌ڵکی ئاسایی بژین.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50191

Your Comment

You are replying to: .
captcha