عادل عه‌بدولمه‌هدی گوشاری له‌سه‌ره‌/ سه‌ردانه‌که‌ی بارزانی بۆ به‌غدا سه‌ردانێکی حیزبی بوو

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌لیم حه‌مزه‌ ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر پشکی کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان له‌ گفتوگۆیێک له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند هۆکاری ته‌واونه‌کرانی کابینه‌که‌ی عه‌بدولمه‌هدی ده‌کات و ده‌ڵێت: عادل عه‌بدولمه‌هدی گوشاری ناوخۆیی و ده‌ره‌کیشی له‌سه‌ره‌.

کوردپرێس: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ دوو مانگ به‌ سه‌ر سه‌ره‌تای پێکهێنانی حکوومه‌ته‌که‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی تێپه‌ڕ ده‌بێت تا ئێستاش کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی عێراق ته‌واو نه‌کراوه‌ و له‌ کۆی 22 وه‌زاره‌تخانه‌ 8یان به‌ به‌تاڵی ماونه‌ته‌وه‌.

دوایین دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر 8 وه‌زیره‌که‌ی عه‌بدولمه‌هدی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 13ی سه‌رماوه‌ز به‌رانبه‌ر به‌ 4ی کانوونی یه‌که‌می 2018 به‌ڕێوه‌ چوو به‌ڵام ناکۆکیی نێوان کوتله‌کانی په‌رله‌مان و تانه‌دانی حیزب و لایه‌نه‌کان له‌ یه‌کتر له‌سه‌ر پشک پشکێنه‌ و گرفت دروست کردن بۆ ته‌واو کردنی کابینه‌که‌ جارێکی‌تر دوا که‌وت و ئێستاش هیچ ئاسۆیێکی ڕوون بۆ چاره‌کردنی ئه‌و کێشه‌یه‌ به‌دی ناکرێت بۆیه‌ عێراق په‌لکێشی قه‌یرانێکی نوێی سیاسی بوووه‌.

سه‌لیم حه‌مزه‌ ساڵح ناسراو به‌ سه‌لیم شووشکه‌یی نوێنه‌ری په‌رله‌مانی عێراق له‌ پشکی کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس کردوووه‌ و له‌و دیمانه‌یه‌دا سه‌باره‌ت به‌ کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی عێراق ده‌ڵێت: هۆی سه‌ره‌کی بۆ ڕێکنه‌که‌وتنی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان له‌سه‌ر ده‌نگی متمانه‌ بۆ 8 وه‌زیره‌که‌ی عه‌بدولمه‌هدی ئه‌وه‌ بوو موناقشه‌ و ناکۆکیی نێوخۆ له‌ نێوان کوتله‌ و هاوپه‌یمانێتییه‌ شیعه‌ و سوننه‌ و کورده‌کانیشدا په‌ره‌ی سه‌ندوووه‌ به‌و مانایه‌ی هه‌ر سێ لایه‌نی سه‌ره‌کیی عێراقی له‌ په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌دا له‌سه‌ر پۆست و وه‌زاره‌تخانه‌کان موناقشه‌یانه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی فراکسیۆنی کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتیشی: شیعه‌کانی عێراق هاوده‌نگ نیین له‌سه‌ر فالح فه‌یاز بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و سوننه‌کانیش تا ئێستا ڕێکنه‌که‌وتوون له‌سه‌ر به‌ربژێرێک بۆ وه‌زیری به‌رگریی عێراق و وه‌زاره‌تی دادیش هه‌ریه‌که‌ و له‌ یه‌کێتی و پارتی هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ خۆیان بێت بۆیه‌ له‌ ئه‌نجامدا سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ڕای‌گه‌یاندوووه‌ تا ئه‌و کاته‌ی لایه‌نه‌کان خۆیان ڕێکنه‌که‌ون جارێکی‌تر وه‌زیره‌کان ناهێنێته‌ نێو په‌رله‌مان.

ناوبراو له‌باره‌ی داهاتووی پێکهێنانی حکوومه‌ت و پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و 8 وه‌زاره‌ته‌ی به‌ به‌تاڵی ماوه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وتوووه‌: له‌ چه‌ند دانیشتنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراقیشدا ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ نادرێت و ڕه‌نگه‌ له‌ واده‌که‌ی خۆی ته‌ئخیر ببێت به‌ تایبه‌ت یه‌کێتی و پارتی له‌ ئێستادا له‌ خیلاف و گرفتی قووڵدان.

فراکسیۆنی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان له‌ کۆبوونه‌وه‌ی پێشووتری په‌رله‌ماندا به‌یانێکی ده‌رکرد و ڕای‌گه‌یاند که‌ هه‌وڵێک له‌ ئارادایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کێتی له‌ حکوومه‌ت بسڕدرێته‌وه‌ و سه‌لیم شووشکه‌یی له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ به‌ ئاژانسی کوردپرێسی وتوووه‌: ناکۆکیی نێوان پارتی و یه‌کێتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ قووڵ بوویه‌وه‌ که‌ نه‌یانتوانی له‌ به‌غدا له‌سه‌ر سه‌رۆک کۆماری عێراق ڕێکبکه‌ون. یه‌کێتی له‌ پاش ئازادکردنی عێراقه‌وه‌ پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار به‌ ئیستیحقاقی خۆی ده‌زانێت واتا پۆسته‌که‌ به‌ ئیستیحقاقی خۆی ده‌زانێت و له‌ نێو کوردیشدا ده‌ڵێت ئه‌و پۆسته‌ هی یه‌کێتییه‌ ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ هیچ بڕگه‌یێکی یاسایی بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ نییه‌ به‌ڵکوو ڕێککه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌کێتییه‌ که‌ سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ پارتی و سه‌رۆک کۆماری عێراق بۆ یه‌کێتی بێت. کێشه‌کان له‌وێوه‌ ده‌ستی پێکرد. پارتی ئێستاش پێی وایه‌ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی به‌ کورد ده‌درێت هه‌مووی بۆ پارتی بێت. ئه‌وه‌ش له‌ خۆیدا ڕاست نییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی کوردیش کورسییان هێناوه‌ جگه‌ له‌ پارتی و یه‌کێتی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ 15 کورسییان هێناوه‌ و لانیکه‌م یه‌ک یان دوو وه‌زیریان ده‌که‌وێت بۆیه‌ هه‌م یه‌کێتی و هه‌م پارتی شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی و به‌ده‌ست هێنانی پۆست ده‌که‌ن.

پێشتر مه‌ریوان نادر نوێنه‌ری یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان له‌ په‌رله‌مانی گوتبووی حیزبه‌که‌ی له‌ هه‌موو ئاستێکی سه‌رکردایه‌تیدا به‌ نوێنه‌رایه‌تی و سه‌رۆکایه‌تیی کۆماریشه‌وه‌ ته‌رکیزیان کردۆته‌ سه‌ر وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی داد، سه‌لیم شووشکه‌یی له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاند: پێشبینی کردنی بابه‌ته‌که‌ زه‌حمه‌ته‌ به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌کرێت یه‌کێتی بتوانێت ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ به‌ده‌ست بهێنێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ کورده‌ی په‌رله‌مانی عێراق ئاشکراشی کرد: به‌ گوێره‌ی ئیستیحقاق کورده‌کان سه‌دا 18ی په‌رله‌مانی عێراق پێکده‌هێنن و به‌و پێیه‌ش له‌ کابینه‌ی حکوومه‌تدا 4 وه‌زاره‌تیان ده‌که‌وێت.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ چاره‌کردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوودا به‌ ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق پڕۆژه‌که‌ی خۆی ڕاگه‌یاندوووه‌ و پڕۆژه‌یێکی نیشتیمانیی قووڵی هه‌یه‌ بۆ خزمه‌ت کردن به‌ هه‌موو گه‌لی عێراق به‌ هه‌موو پێکهاته‌ و مه‌زهه‌به‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و فشاره‌ نێوده‌وڵه‌تی و نێوخۆیییانه‌ له‌ سه‌ریه‌تی کێشه‌ دروست ده‌کات و به‌ ڕای من ئه‌گه‌ر ئه‌و فشارانه‌ به‌رده‌وام بن ناتوانێت به‌و جۆره‌ سه‌رکه‌وتوو بێت.

ئه‌و نوێنه‌ره‌ کورده‌ی په‌رله‌مانی عێراق ڕوونیشی کرده‌وه‌: عادل عه‌بدولمه‌هدی بڕیاری دابوو خه‌ڵکی تێکنۆکرات و بێلایه‌ن دابنێت به‌ڵام حیزبه‌کان فشاریان بۆ سه‌ر دروست کرد که‌ هه‌ر که‌س به‌ربژێریی خۆی بداتێ. جگه‌ له‌وه‌ش فشاری دیکه‌ی زۆری له‌سه‌ره‌ و خۆیشی نایشارێته‌وه‌ و ده‌ڵێت له‌ژێر فشاری زۆردام.

پاش قۆناغێکی یه‌ک ساڵه‌ی ململانێ له‌گه‌ڵ به‌غدا مه‌سعوود بارزانی سه‌ردانی به‌غدای کرد و کاردانه‌وه‌ی زۆری به‌ دوای خۆیدا هێنا. سه‌لیم شووشکه‌یی له‌باره‌ی سه‌ردانه‌که‌ی بارزانییه‌وه‌ به‌ کوردپرێسی وت: به‌ڕێز بارزانی وه‌کوو سه‌ردانێکی حیزبی سه‌ردانی به‌غدای کرد چوونکه‌ پۆستی حکوومیی نییه‌. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت باس له‌ پێوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بکه‌ین ده‌بێ به‌رپرسانی حکوومه‌تی هه‌رێم بچنه‌ به‌غدا بۆیه‌ بارزانی وه‌کوو که‌سی یه‌که‌می پارتی سه‌ردانی به‌غدای کردوووه‌ و باس کردن له‌ پێوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی که‌سایه‌تییه‌کانی ناو حکوومه‌تدا بێت.

سه‌لیم شووشکه‌یی له‌باره‌ی ئاسۆی چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند پێی وابوو له‌ ئێستادا زوووه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بکرێت.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50179

Your Comment

You are replying to: .
captcha