ئەردۆغان: کەس ناتوانێت وانەی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و ئازادییەکان بە وڵاتەکەمان بڵێتەوە

بەشی تورکیا- رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیا لەسەر رووداوەکانى فەرەنسا ڕایگەیاند، "هیچ کەس ناتوانێت وانەی دیموکراسیی، مافی مرۆڤ و ئازادییەکان بە وڵاتەکەمان بڵێتەوە".

کوردپرێس:

ڕۆژی دووشەمە 10ی کانوونی یەکەمی 2018 بەبۆنەى رۆژى جیهانیى مافەکانى مرۆڤ، رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆمارى تورکیا لە ناوەندى گشتیى پارتى دادوگەشەپێدان، لە وتارێکدا رەخنەى توندى لەو وڵاتانە گرت کە تورکیایان بە پێشێل­کردنى مافەکانى مرۆڤ تۆمەتبار کرد.

لەکاتی بەشداریکردن لە پرۆگرامی "شارستانێتیی مرۆڤایەتیی" کە لە رۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا لە ناوەندی گشتیی ئاکپارتی سازکرابوو، ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی "لەمەودوا کاتێک باسی مافی مرۆڤ و دیموکراسی کرا، هەرگیز تورکیا نابێتە ئەو شوێنە کە تێیدا بەدوای کێشەدا بگەڕێن. ئیتر هیچ کەس ناتوانێت وانەی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و ئازادییەکان بە وڵاتەکەمان بڵێتەوە".

ئەرۆدغان ڕایگەیاند: " ئه‌وانه‌ی به‌تایبه‌ت ببوونه‌ داكۆكیكاری مافه‌كانی مرۆڤ له‌ كرده‌كانی گه‌زیدا، (كوێر، كه‌ڕ و لاڵ بوون) به‌رامبه‌ر رووداوه‌كانی پاریس بێدەنگن، ئەو وڵاتانەى رەخنەیان لە تورکیا دەگرت لەکاتى هاتنى بەلێشاوى پەنابەران و داوایان دەکرد سنوورەکان بکرێنەوە، خۆیان وڵاتەکانیان بە تەلى دڕکاوى بە ڕووى پەنابەراندا داخست.

ئەردۆغان رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت و رایگەیاند "ئەوەی پێویستە سەرنجی بدرێ ئەوانەن کە لە سووریا، عێراق، یەمەن، لیبیا و میانماردا مرۆڤەکان لەژێر داروپەردوو جێدەهێڵن. ئەو کەسانەن کە لە هەموو گۆشەیەکی ئەفریقادا مرۆڤایەتییان لەژێر چەپۆکی برسێتی و بێئاویدا جێهێشتووە. هیچ گوتەیەکی پرشنگدار، گوتارێکی رەونەقدار، شێوازێکی شاهانەی ژیان ناتوانێ دووڕوویی رۆژئاوا سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان بشارێتەوە. ئێمە هەر لەسەرەتاوە چی بووبین، ئێستاش هەر ئەوەین".

سەرۆک کۆمارى تورکیا رەخنەى ئاراستەى ئەو وڵاتانە کردووە و پرسیویەتى، کێ داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤە؟ ئێمە یان ئەوان؟، وتووشیەتى: "لەمەودوا هیچ کەس ناتوانێت وانەی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و ئازادییەکان بە وڵاتەکەمان بڵێتەوە."

سەرۆک کۆمارى تورکیا لە ئێستاوە وەک هەوڵێک بۆ بانگەشەکردنى پارتەکەى تا لە هەڵبژاردنەکانى ساڵى داهاتووى تورکیادا سەرکەوتن بەدەست بهێنن، هێرشى توند دەکاتە سەر بەشێک لە وڵاتانى ئەورووپا و تورکیا بە وڵاتێکى دیموکراسى پێناسە دەکات.

News Code 50163

Your Comment

You are replying to: .
captcha