گوندنشینانی هەرێمی کوردستان لەژێر تۆپبارانەکانی تورکیا ڕۆژگارێکی تاڵیان هەیە

بەشی جیهان- زۆرینەی گوندەکانی باکووری هەرێمی کوردستان کە لەسەر سنووری تورکیان بە هۆی درێژەی هێرشە ئاسمانی و تۆپخانەییەکانی تورکیاوە بۆ سەر پەکەکە کە زیاتر لە ساڵێکە چڕ بووەتەوە، چۆڵ کراون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تورکیا پاش کۆتایی هاتنی ئاگربڕ لەگەڵ پەکەکە لە ساڵی 2015 و دەستپێکی شەڕێکی تازە لەگەڵ ئەو گرووپە کوردەدا لە شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، ئێستا شەڕەکەی هێناوەتە بناری قەندیل لە باکووری خاکی عێراق. ئەو شەڕە کە لە یەک ساڵی ئەخیر و جێگیر بوونی چەند هەزار هێزی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان تەشەنەی سەندووە، ژیانی لە گوندنشینانی هەرێمی کوردستان تاڵ کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆرینەی گوندنشینانی ئەو دەڤەرە لە ترسی هێرشەکانی تورکیا و پەکەکە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

ئەلمانیتور لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بە دۆخی نالەباری گوندنشینانی باکووری هەرێمی کوردستان دەکات کە بە هۆی تۆپبارانەوە ماڵ و حاڵیان بەجێ هێشتووە.

ژمارەیێک لەو گوندنشینانە کە هێشتا لە گوندەکانیان ماونەتەوە دەڵێن ئەو گوندانەش کە هێشتا چۆڵ نەکراون بە هۆی درێژەی تۆپبارانەوە بەم زووانە بە تەواێتی چۆڵ دەکرێن. خەڵک مەجبوورن بۆ پاراستنی گیانی خۆیان ناوچەکە چۆڵ بکەن بەڵام شوێنێکیشیان بۆ پەنا بردن نییە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەلمانیتور گوللەبارانەکانی تورکیا گەیشتۆتە ناوچەکانی بارزان کە هۆزەکانی سەربە بارزانییەکان لەوێ دەژین. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستی بارزانییەکانە کە پێوەندییێکی باشیان لەگەڵ تورکیا هەیە.

ئەلمانیتۆر دەڵێت بێدەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمبەر ئەو هێرشانە بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە: یەکەم ئەوەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێوەندییێکی نزیکی لەگەڵ ئەنقەرە هەیە و بۆ بووژانەوەی ئابووری و هەناردە کردنی نەوت پێویستی بەو وڵاتە هەیە و دووهەمیش ئەوەیە کە پارتی دیموکرات بە سەرکردایەتیی بارزانی و پەکەکە لە ساڵانی پێشەوە ڕکابەری یەکترن و تەنانەت لە نەوەدەکاندا چەند جار شەڕ لە نێوانیاندا دروست بووە. لە لایێکی دیکەوە پەکەکە و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ زیاتر کردنی کونتروڵیان لەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریا ڕکابەریی یەکتر دەکەن.

ئەلمانیتور لە ڕاپورتەکەیدا هەروەها ئاماژە دەکات بە دروست کردنی ڕێگایێکی نوێ لە کوێستانی قەندیل بەرەو سنوورەکانی تورکیا کە دەگاتە بنکەیێکی چاودێری و هێزی پێشمەرگە تیایدا جێگیر کراون. ژمارەیێک لە گوندنشینان بە دروست کردنی ئەو ڕێگا دڵخۆشن و دەڵێن بوونی ئەو ڕێگایە دەبێتە هۆی دابەزینی هێرشەکانی تورکیا بەڵام کەسانێک ترسی ئەوەیان هەیە کە ئەو ڕێگایە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە سوپای تورکیا زیاتر لە ناو خاکی هەرێم دزە بکات و هێرشەکانی بۆ سەر پەکەکە زیاتر ببێتەوە کە ئەوەش ئەبێتە هۆی ئاوارە بوونی گوندنشینان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 50154

Your Comment

You are replying to: .
captcha