مه‌حموود سه‌نگاوی: له‌ نزیکه‌ی مانگێکدا داعش له‌ گه‌رمیان 142 هێرشی ئه‌نجام داوه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند: له‌ سنووری گه‌رمه‌سێر داعش جموجۆڵی زیادی کردوووه‌ و ڕۆژانه‌ هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر هێزه‌ عێراقییه‌کان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له ‌نێوانیان ڕوو ده‌دات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌حموود سه‌نگاوی به‌رپرسی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ تۆڕی میدیاییی ڕووداوی ڕاگه‌یاند: داعش له‌ سنووری گه‌رمه‌سێر جموجۆڵی زیادی کردووه‌ و ڕۆژانه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری وادی سه‌لاب و حه‌دیدیه‌ و چه‌ند ناوچه‌یێکی دیکه‌ هێرش ده‌کاته‌سه‌ر هێزه‌ عێراقییه‌کان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له ‌نێوانیان ڕوو ده‌دات و له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا فه‌رمانده‌ی فه‌وجێکی هێزه‌ عێراقییه‌کانیشیان کوشت.

ناوبراو گوتی: "له‌ نزیکه‌ی مانگێکدا داعش 142 هێرش و کرده‌ی ئه‌نجام داوه‌، چوونکه‌ ئێستا داعش ته‌نها ئه‌و که‌سانه‌ نین که‌ چه‌کدارن و به‌ ئاشکرا له‌ حکوومه‌ت قاچاخن، به‌ڵکوو زۆربه‌ی چه‌کداره‌کانی داعش خۆیان ڕاده‌ستی هێزه‌ عێراقییه‌کان کردووه‌ و ئێستا له ‌نێو حه‌شدی شه‌عبی و چه‌ند هێزێکی دیکه‌دان و به‌شێک له‌ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ له ‌ژێر ناوی داعشدا دژی کورد و دۆسته‌کانی، کرده‌ی کوشتن و هێرش کردن ئه‌نجام ده‌ده‌ن".

مه‌حموود سه‌نگاوی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که‌ هێزه‌ عێراقییه‌کان ناتوانن سنووری نێوان گه‌رمیان و ناوچه‌ عێراقییه‌کان کۆنترۆڵ بکه‌ن و ڕاشی‌گه‌یاند: "تاوه‌کوو ناوچه‌که‌ له‌ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌دا بوو هه‌رگیز بوار به‌ جموجۆڵی داعش نه‌ده‌درا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌وکاته‌ خه‌ڵک هاوکاری هێزی پێشمه‌رگه‌ بوو و به‌رده‌وام زانیاری به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌دا به‌ڵام ئێستا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ‌نێو هێزه‌ عێراقییه‌کان و حه‌شد پێشێلکاری به‌رده‌وام هه‌یه‌، هه‌ر که‌سێک زانیارییێکیان له‌سه‌ر داعش پێبگه‌یێنێت ئاشکرا ده‌بێت و ڕووبه‌ڕووی کوشتن ده‌بێته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ خه‌ڵک ئاماده ‌نییه‌ زانیاری له‌سه‌ر داعش بدات".

سه‌نگاوی سه‌باره‌ت به‌ هاوئاهه‌نگیی نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌کانیش ڕوونی کرده‌وه‌: "هیچ هاوئاهه‌نگییێک له ‌نێوانماندا نییه‌ چوونکه‌ هێزه‌ عێراقییه‌کان ویستیان پێشمه‌رگه‌ ته‌نیا بۆ شه‌ڕ و پێکدادان به‌کار بهێنن و دواتر هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌بێت و ئێمه‌ش به‌وه‌ ڕازی نه‌بووین".

مه‌حموود سه‌نگاوی که‌ هاوکات ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیشه‌ گوتی: "له‌ ساڵی 2009 به‌ ئاماده‌ییی ئه‌مریکا رێککه‌وتنێک له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقدا واژۆ کراوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ کارا بکرێته‌وه‌، ئێمه‌ ئاماده‌ی هه‌موو هاوئاهه‌نگییێکین بۆ پاراستنی سنووره‌که‌ به‌تایبه‌ت سنووری خانه‌قین که‌ ئێستا 31 گوندی سنووری خانه‌قین له‌به‌ر کرده‌وه‌کانی داعش چۆڵ کراون".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50153

Your Comment

You are replying to: .
captcha