ئەمریکا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناوچەی دژەفڕین دادەمەزرێنێت

بەشی سووریا- چاودێرێکی سیاسیی کاروباری سووریا بە ئاژانسی کوردپرێسی وتووە ئەمریکا لە سووریا پەیڕەوی هەمان سیاسەت دەکات کە لە عێراق کردوویەتی و بە وتەی جێمز جفری نوێنەری ئەمریکا لە سووریاش بێت، واشەنتۆن بەنیازە ناوچەیێکی دژەفڕین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دابمەزرێنێت.

کوردپرێس:

"پەروەر میدی" چاودێری سیاسی بۆ کاروباری سووریا لە دیمانەیێک لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی بە ئامانجەکانی مانەوەی ئەریکا لە سووریا کردووە و دەڵێت: ئەمریکا لە سووریا سێ ئامانجی سەرەکی پەیڕەو دەکات: یەکەم لەناوبردنی داعش. دووهەم ڕێگری کردن لە هەژموونی و دەسەڵاتی ئێران و سێهەم دەستەبەر کردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات.

ناوبراو گوتیشی: ئەمریکا ئەجیندا و ستراتێژییەتی دوورە مەودای لە سووریا داڕشتووە. بۆ خۆتان دەزانن ماوەی چەندین ساڵە ئەمریکا هاوپەیمانێتیی دژەداعشی پێک هێناوە و هاوکاریی هێزی سووریای دیموکرات (هەسەد) دەکات و ئەو ناوچانەی ئازادی کردوون ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی هێزی کوردی سووریا دیموکرات و هێزە ئەمریکییەکاندایە و کراونەتە ناوچەی ستراتێژییانە بۆ ئەمریکا.

ئەو چاودێرە سیاسییە سەبارەت بە قۆناغی پاش نەمان داعشیش بە ئاژانسی کوردپرێسی وت: قۆناغی پاش داعش قۆناغی شەڕی وڵاتانی هەرێمی و جیهانی لە ناوچەکەیە. لە ڕاستیدا قۆناغی پاش داعش داڵغەی سەرەکی ئەوەیە کە چی لەو گرووپە تیرۆریستییانە بکرێت کە تورکیا پشتگیرییان دەکات و لە ئیدلیبەوە تا باب و جرابلۆسیان بە دەستەوەیە.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: پێ دەچێت لە سەر مەسەلی عەفرین و ئیدلیب زۆرینەی ئەو دەسەڵاتانەی ئێستا لە سووریان ڕووبەڕووی یەک ببنەوە لەبەر ئەوەی یەکلاکردنەوەی قەیرانی سووریا لەو دوو ناوچەیەوە دەست پێدەکات.ئەگەرچی ئێران و تورکیا و سووریا ڕێک کەوتوون لە سەر ئەوەی ناوچەی ئارام پێک بهێنرێت بەڵام دەوڵەتی ناوەندیی سووریا هەرگیز بەوە ڕازی نابێت ئەو ناوچەیە بە دەست گرووپە توندڕەوەکانەوە بێت.

"پەروەر میدی" جەختیشی کردەوە کە پاش نەمانی داعش شەڕی درێژمەودا لە نێوان ئەو دەسەڵاتانەدا ڕوو دەدا کە ئێستا لە سووریان ئەگەر بێتوو لەبارەی ئیدلیب و باب و عەفرینەوە نەگەنە ڕێککەوتن.

لەم نێوانەدا سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات شەفاف و ئاشکرایە. ئەمریکا نایەوێت سنوورەکانی ئەو ناوچەیەی سووریا بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئێران و ڕووسیا هەر بۆیەش پشتگیریی سیاسی و سەربازی لە هێزی سووریای دیموکرات دەکات.

ئەو چاودێرە سیاسییەی کاروباری سووریا دووپاتیشی کردەوە: ئەمریکا لە سووریا پەیڕەوی هەمان سیاسەت دەکات کە لە عێراق کردوویەتی و بە وتەی جێمز جفری نوێنەری ئەمریکا لە سووریاش بێت، واشەنتۆن بەنیازە ناوچەیێکی دژەفڕین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دابمەزرێنێت

ناوبراو زیادی کرد: بەتایبەتی پاش ئەو هێرشانەی فڕۆکە تورکییەکان بۆ سەر کوردی سووریا کردیان ئەمریکای ناچار کرد هێزەکانی خۆی لە سنووری نێوان تورکیا و سووریا جێگیر بکات. ئەمریکا دەبینێت کە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هێزی کورد وا دەکات کوردی سووریا لە شەڕی داعش دەستیان سارد ببێتەوە و بەناچار ئەمریکا هێزی تایبەتی خۆی دەنێرێتە سنوورەکانی تورکیا وسووریا و بەو شێوازە ئەم پەیامە بە تورکیا دەگەیێنێت کە بەنیازە بۆ ماوەیێکی زۆر لە سووریا بمێنێتەوە.

"پەروەر میدی" دەشڵێت: ئەو جووڵەیەی ئەمریکا چ لە ناوخۆی سووریا و چ لە دەرەوەی ناوچەکەش کاردانەوەی توندی جۆربەجۆری لێدەکەوێتەوە. بێگومان تورکیا دژی ئەو بڕیارەی ئەمریکا دەبێت و لە لایێکی دیکەشەوە دەوڵەتی ناوەندیی دیمەشق لەو بارەیەوە کوردەکان بە خەتابار دەزانێت.

ناوبراو گوتیشی: تورکیا هەست بە مەترسیی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نیمچە سەربەخۆی دیکە دەکات و ڕووبەڕووی ئەو بابەتە دەبێتەوە لەبەر ئەوەی بە مەترسیی دەزانێت بۆ نێوخۆی تورکیا. لە بەر ئەوەی مەترسیی ئەوە دەبینێت کە ئەگەر بێتوو لە دەوروبەری سنوورەکانیدا سیستەمێکی دیموکراسییانە دابمەزرێت کارتێکەریی لە کاروباری ناوخۆی تورکیاش هەبێت.

ئەو کارناسە دەشڵێت: دانووستانەکانی ئەستانە ئەنجامی نەبوو و پێ دەچێت نەخشەڕێگاکەی ئەمریکا بژاردەیێک گونجاوتر بێت بۆ قەیرانی سیاسی لە سووریا.

ناوبراو گوتیشی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا دژی هەموو نەخشەڕێگاکانی ئەمریکایە و کوردی سووریا بەوە خیانەت کردن تۆمەتبار دەکات لەبەر ئەوەی لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێن. بۆیە ترسی ئەوەی هەیە کە کوردی سووریا لە باکووری و ڕۆژهەڵاتی ئەو و وڵاتە دەسەڵاتیان زیاد بێت ئەوەش لە کاتێکدایە کوردەکان بۆ گفتوگۆکردن سەدرانی دیمەشقیان کرد بەڵام وەڵامیان وەرنەگرت.

ئەو چاودێرە سیاسییە لە کۆتاییدا بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: تاکە دەرەچە بۆ قەیرانی سووریا گفتوگۆی "سووری-سووری"یە و تا ئەم کاتەش هەر دانووستانێکی دەرەکی لە سەر پرسی سووریا کراوە و بەشێک لە جەماوەری سووریای تێدا پەراوێز خرابێت ئەنجامی نەبووە لە بەر ئەوەی خەڵکی سووریا بڕیاران لە سەر نەداوە بەڵکوو گرووپە توندڕەوەکان بەشداریی دانیشتنەکانیان کردووە. دیارە سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی کوردیش لە باکووری سووریا بەستراوە بە شێوازی ڕەفتارکردنی کوردی سووریا. دیارە ئەگەر کورد هەموو لە سووریا یەک بن دەتوانن مافەکانی خۆیان لەو وڵاتەدا بچەسپێنن.

News Code 50146

Your Comment

You are replying to: .
captcha