سۆران عومه‌ر: کۆمه‌ڵ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زانیویه‌تى به‌شدارى حکوومه‌تى پێناکرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێکى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ فراکسیۆنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى ڕایده‌گه‌یه‌نێت: كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وه‌ی زانیوه‌ كه‌ له ‌كابینه‌ی ئاینده‌دا به‌شداری پێ ناكرێ و به‌شداری پێكردنی ئه‌مجاره‌ی لایه‌نه‌كان به ‌مه‌رجی بێده‌نگییه‌ له‌ په‌رله‌مان و میدیا و چالاكی مه‌ده‌نی!

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سۆران عومه‌ر ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌ په‌یجى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووکدا نوسیویه‌تى: "كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌ر له ‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وه‌ی زانیوه‌ كه‌ له ‌كابینه‌ی ئاینده‌دا به‌شداری پێ ناكرێت بۆیه‌ ناكرێت پاش ئاشكراكردنی كاندیدی سه‌رۆک وه‌زیران له‌لایه‌ن پارتی و ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی جه‌وله‌ی دووه‌می دانووستانه‌كان ناگونجێت هێشتا چاوه‌ڕوانی چوونه‌ حكوومه‌ت بی!."

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى کۆمه‌ڵ ڕاشیگه‌یاندوووه: "ئێمه‌ ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستانمان به‌و ئۆپۆزسیۆن بوونه‌ی ئه‌و حكومڕانێتییه‌ گه‌نده‌ڵ و سته‌مكاره‌ هێناوه‌، ئێسته‌ ناكرێت دانیشین به‌دیار فه‌رموو بۆ ئه‌و حكوومه‌ته‌."

ناوبراو له‌باره‌ى به‌شداری کردنیان له‌ حکوومه‌ت ئاماژه‌ى به‌وه‌ کردوووه‌ که‌ به‌شداری پێكردنی ئه‌مجاره‌ی لایه‌نه‌كان‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی به‌ مه‌رجی بێده‌نگییه‌ له ‌په‌رله‌مان و میدیا و چالاكی مه‌ده‌نی!."

سۆران عومه‌ر پێی وایه‌ ده‌بێت كۆمه‌ڵی ئیسلامی خۆی یه‌كلایی بكاته‌وه ‌و ڕای‌بگه‌یه‌نێت: "ئۆپۆزسیۆنی گه‌نده‌ڵی و دزی و سته‌مكاری و پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤه ‌و پشتیوانی چاكسازی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نادادی و گه‌نده‌ڵییه‌، ناكرێ ئه‌و كاته‌ ئۆپۆزسیۆن بیت كه‌ به‌شداری حكوومه‌تت پێ ناكرێ! وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی 2009 كه‌وته‌وه‌، كاتێک له‌گه‌ڵ پێكهێنه‌ری حكوومه‌ت ڕێكکه‌وتن ڕووی نه‌دا پارتی وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌ كۆمه‌ڵ وتی ده‌بینه‌ ئۆپۆزسیۆن!."

له‌ درێژه‌ى نووسینه‌که‌یدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ڕایگه‌یاندوووه‌: "كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی ڕابردوودا ڕوون و ڕاشكاو بوووه‌ له‌ سیاسه‌ت و بڕیاردانی، ناكرێت ئێستا قه‌له‌ق و چاوه‌ڕوان بێت! ناكرێت ده‌سه‌ڵات تۆ بكات به‌ ئۆپۆزسیۆن! ده‌بێت خۆت ئه‌وه‌ هه‌ڵبژێری ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵات بیت، ئه‌مه‌ش ڕێگا سه‌خته‌كه‌یه‌ و له ‌سبه‌ی زووتر نییه‌، پێویسته‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی خه‌ڵكی خۆی كۆ بكاته‌وه‌ و بڕیاری خۆی یه‌كلایی بكاته‌وه‌، چاوه‌ڕێی پارتی نه‌بێت حكوومه‌ت پیرۆزی خۆی و ئه‌وانه‌ بێت كه‌ شه‌ڕیانه‌ له‌سه‌ری!."

له‌ ئێستادا پارتى دیموکراتى کوردستان مه‌سروور بارزانى ڕاسپاردوووه‌ بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکوومه‌ت و له‌ چه‌ند ڕۆژى ئاینده‌دا جه‌وله‌ى دووه‌مى کۆبوونه‌وه‌کانى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ست پێده‌کاته‌وه‌ بۆ پێکهێنانى حکوومه‌ت.

کۆمه‌ڵى ئیسلامیى کوردستان له‌م خوله‌ى په‌رله‌ماندا خاوه‌نى ٧ کورسییه‌ و له‌ نیوه‌ى کابینه‌ى پێشووى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان خۆیان وه‌ک هێزى ئۆپۆزسیۆن ناساند و له‌ حکوومه‌ت کشانه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50139

Your Comment

You are replying to: .
captcha