به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئیبراهیم بیلمه‌ز پارێزه‌ری عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سه‌رۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که) به ئاژانسی فورات نیووزی ڕاگه‌یاندوووه: "له دوورگه‌ى ئیمراڵی هه‌ڵسوکه‌وت و ڕه‌فتاری به‌ده‌ر له یاسا و مافه‌کان ئه‌نجام ده‌درێت و دوورگه‌یێکی به‌ده‌ر له یاسا و مافه‌کانه و ته‌نانه‌ت تورکیا یاساکانى خۆیشی پێشێل ده‌کات."
ئیبراهیم بیلمه‌ز ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه: "سیسته‌مى گۆشه‌گیری له ئیمراڵی له ساڵی ١٩٩٩ه‌وه تاوه‌کوو ئێستا به شێوه‌یێکى به‌رنامه بۆداڕیژراو به‌ڕێوه ده‌چێت و ئه‌و گۆشه‌گیرییه ته‌نها کاریگه‌ریى به سه‌ر ئیمراڵییه‌وه نییه به‌ڵکوو کاریگه‌ریى به سه‌ر هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌وه هه‌یه. ئیدی تورکیا ده‌وڵه‌تێکى یاسایى نییه و تاوه‌کوو ده‌چێت له مافه‌کان و یاساکان دوور ده‌که‌وێته‌وه. گۆشه‌گیرکردنى ئۆجالان کاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی گه‌لانى کوردستان و تورکیا ده‌کات."
ئیبراهیم بیلمه‌ز وتیشی: "ئامانجی گۆشه‌گیرییه‌که له چوارچێوه‌ى پلانى سیاسی‌دا چڕ و قورس‌تر ده‌کرێته‌وه و بێگومان گۆشه‌گیریى چڕ به‌رده‌وامیى پیلانگێڕیی نێوده‌وڵه‌تییه و له یه‌ک جیا ناکرێنه‌وه و ئامانجی سه‌ره‌کیى پیلانگێڕییه‌که ئه‌وه بوو که له که‌سایه‌تیى ئۆجه‌لاندا هه‌وڵ و تێکۆشانی ئازادیى گه‌لان تێکبشکێنن."
بیلمه‌ز باسی ئه‌وه‌شی کرد: "ئۆجه‌لان له دژی ژیانى ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه چاره‌سه‌ری و ژیانێکى ئه‌ڵته‌رناتیڤی پێشنیاز کرد به‌ڵام سیسته‌مى ئیمراڵییان بۆ دروست کرد و ئه‌و سیستمه له ساڵی ١٩٩٩ه‌وه تاوه‌کوو ئێستا به‌شێوازى جۆراجۆر به‌رده‌وامیى پێده‌درێت و هه‌موو داواکانى پارێزه‌رانى ئۆجه‌لان به پاساوی بێ بنه‌ما ڕه‌ت ده‌کرێنه‌وه و ئه‌و پاساوانه هیچیان ڕاست نین. تاوه‌کوو ئێستا ده‌وڵه‌ت به شێوه‌یێکى فه‌رمی درۆی ده‌کرد و ده‌یوت "که‌شتى خراپ بوووه یان که‌ش و هه‌وا له‌بار نییه" به‌ڵام دواى کووده‌تاکه‌ى ١٥ی ته‌مووز داواکارى گشتیى کۆماری له بورسا به‌پێى یاسای باری نائاسایى هه‌موو چاوپێکه‌وتنه‌کانى پارێزه‌رانى له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجالان قه‌ده‌غه کرد. ئێستاش که گوایه باری نائاسایى نه‌ماوه به پاساوی سه‌پاندنی سزای ژووری تاکه‌که‌سی مافی چاوپێکه‌وتنیان قه‌ده‌غه کردوووه."
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment