یادی خاتوونێک

بەشی فەرهەنگ و هونەر- یادی دادە مەعسوومی خێزانی مامۆستا هەژار بە ستایلێکی ئاکادیمییانە و لە سەر ئەرکی توێژینگەی کوردستانناسی لە زانکۆی کوردستان بەرز ڕادەگیرێت.

کوردپرێس:

توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستان ڕۆژی پێنجشەمە ۲۲ی سەرماوەزی 1397 بەرانبەر بە 13ی کانوونی یەکەمی 2018 بە بەشداریی نووسەران و شاعێران و توێژەرانی کورد کۆڕێک بۆ بەرز ڕاگرتنی پێگەی دادە مەعسوومی ئەحمەدی، خێزان و شەریکی ژیان و ماندووی یەکەمی ئازارەکانی مامۆستا هەژار مووکریانی بەڕێوە دەبات.

هەر لە کۆڕەکەدا پەردە لە سەر بەڵگەی پێشکەشی­نامەی ئاسەوارەکانی مامۆستا هەژار بە کوردستانناسیی زانستگای کوردستان لادەدرێت.

کۆڕی «یادی خاتوونێک» کاتژمێر ۳ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ۲۲ی سەرماوەز لە هۆڵی مەولەوی دەست پێدەکات و لە دوو بەشدا بەڕێوە بچێت و تا 6ی پاش نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت.

خشتەی بەرنامەکانی ئەو کۆڕە بەم شێوازەی خوارەوەیە:

لە بەشی یەکەمی کۆڕەکەدا دوکتۆر چەمەنئارا سەرۆکی ناوەندی کوردستانناسیی زانستگای کوردستان پەیامی ئەو ناوەندە دەخوێنێتەوە و پاشان کورتە فیلمێک لە سەر ژیان و بەسەرهاتی دادە مەعسووم بڵاو دەکرێتەوە. دواتر کاک ماجید مەردۆخ ڕۆحانی وتارێک لەسەر کەسایەتیی دادە مەعسووم پێشکەش دەکات و لە دوا وتاری بەشی یەکەمدا کاک عەتا نەهایی لە سەر پێگەی ژن دەدوێت و شێخ یەحیا بەرزنجی بە خوێندنەوەی چەند شێعرێک کۆتایی بە بەشی یەکەمی کۆڕەکە دێنێت.

بەشی دووهەمی کۆڕەکە بە مۆسیقاوە دەست پێدەکات و پاشان بەڕێز سدێق ساڵح لە هەرێمی کوردستانەوە و بەڕێز عەباس غەزالی هەر یەکەو وتارێک دەخوێننەوە و پاشان لە لایەن دوکتۆر ئەخلاقیان سەرۆکی زانکۆوە پەردە لە سەر بەرهەمەکانی مامۆستا هەژار لادەدرێ و دواتر بەڕێز عەدنان بەرزنجی ئاسەوارەکانی مامۆستا هەژار دەناسێنێ و لە ئەنجامدا پڕۆفیسۆر ڕەحمەت سادقی باسی خەڵاتی ساڵانەی مامۆستا هەژار دەکات و بڕیاری دیاری کردنی خەڵاتی ساڵانەی مامۆستا هەژار بۆ باشترین لێکۆڵینەوە لە سەر ئەدەب و فەرهەنگی کوردی ڕادەگەیەندرێت کە بڕیارە لە داهاتی فرۆشی ئاسەوارەکانی مامۆستا هەژار خەڵاتەکە دابین بکرێ.

News Code 50133

Your Comment

You are replying to: .
captcha