سه‌رۆکی کاتیی په‌رله‌مانی کوردستان: پارتی ھیچ كاندیدێكی بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان دیاری نه‌كردوووه

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕێڤینگ ھرووری ده‌ڵێ: په‌رله‌مان له‌ ئێستادا چاوه‌ڕوانی پێكھاتنی لایه‌نه‌كانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ھه‌ڵبژێردرێ و پارتی ھیچ كاندیدێكی بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان دیاری نه‌كردوووه‌ و بۆ یه‌كێتییش سه‌داسه‌د نییه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕێڤینگ ھرووری سه‌رۆكی كاتیی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "په‌رله‌مان له‌ ئێستادا چاوه‌ڕێی پێكھاتنی لایه‌نه‌كانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ھه‌ڵبژێردرێ و پرسه‌كه‌ یه‌كلا بكرێته‌وه‌، دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستانیش ناكرێت تا لایه‌نه‌كان خۆیان بۆ كاندیدی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگره‌كه‌ی یه‌كلا نه‌كه‌نه‌وه‌."

پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیداکانی خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ھه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دیاری كردوووه‌ و لیژنه‌یشی بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پێکھێناوه‌ و سه‌رۆكی كاتیی په‌رله‌مانیش له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات په‌رله‌مان چاوه‌ڕێی سازانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌ بۆ دانانی سه‌رۆكایه‌تیی نوێ بۆ په‌رله‌مان و ڕاسپاردنی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ پێكھێنانی كابینه‌ی نوێ.

ھرووری باوه‌ڕی وایه ڕه‌نگه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان بێت به‌ڵام ده‌شڵێت که‌ ئه‌و بابه‌ته‌ "سه‌دا سه‌د نییه‌."

ناوبراو گوتیشی: "پارتی دیموكراتی كوردستان تا ئێستا ھیچ كاندیدێكی بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان دیاری نه‌كردوووه‌ ھه‌ر بۆیه‌ به‌ سازانی سیاسیی نێوان پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان كه‌سێک بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان داده‌نرێت."

ڕۆژی 30ی ٩ی ئه‌مساڵ، ھه‌ڵبژاردن بۆ 111 ئه‌ندامی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی ھه‌رێمی كوردستان له‌ ھه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی ھه‌رێمی كوردستان، ھه‌ولێر، دھۆک، سلێمانی و ھه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجام درا و 21ی 10ی 2018یش ئه‌نجامی كۆتاییی ھه‌ڵبژاردنه‌كان ڕاگه‌یه‌ندرا كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان 45 كورسیی په‌له‌مانی كوردستانی به‌ ده‌ست ھێنا.

له‌ 3ی 12دا ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش به‌ سه‌رپه‌رشتیی مه‌سعوود بارزانی كۆ بوووه‌وه‌ و ھه‌ریه‌که‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سه‌رۆكی ھه‌رێم و مه‌سروور بارزانی بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران دیاری كرد و لیژنه‌یێكیشی بۆ سه‌ردانی كردنی لایه‌نه‌كان پێکھێنا و دوای سازانی سیاسیی نێوان لایه‌نه‌كان، په‌رله‌مانی كوردستان 30 ڕۆژ كات ده‌دات به‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكھێنانی كابینه‌ی نوێ.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50121

Your Comment

You are replying to: .
captcha