کوردپرێس:
محەمەد جەواز زەریف وەزیرى دەرەوەى ئێران لە لێدوانێكدا بەر لە كۆبونەوەی "سەرۆكی پەرلەمانەكان سەبارەت بە بەرەنگاربونەوەی تیرۆریزم و توندڕەوی" كە لە تارانی پایتەخت سازكرابو، بە ئاژانسی فەرمیی کۆمارى ئیسلامیی ئێرانى ڕاگەیاندووە: فرۆشتنى چەک لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاوە بە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست زیاد لە پێویستى خۆیەتى.
ئەوەشى وتووە، ئەمریکا بە ئەندازەیێکى باوەڕپێنەکراو چەک دەفرۆشێت، رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى کردووەتە :"عەمبارێکى باروت"، ئەوەشى بە کارێکى مەترسیدار لەقەڵەم داوە.
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران جەخت دەكاتەوە، ئەو سیاسەتەی ئەمریكا سەبارەت بە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گرتویەتیە بەر، ناوچەكەی كردۆتە كۆگای چەك و تەقەمەنی و چەكەكانی واشنتۆنیش كەوتوونەتە دەست رێكخراوەكانی قاعیدە و داعش.
وتیشی "ئەوە نیشانەیێكی زۆر مەترسیداری ئەو سیاسەتەی ئەمریكایە، كە لە ناوچەكەدا گرتویەتیە بەر. ئەو سیاسەتەی پەیڕەو كراوە هیچ سوودێكی نییە بۆ ئەوەی ناوچەكە بە ئاشتی و ئاسایش بگات، بەڵکوو ناوچەكەی بۆ كۆگایێكی پڕ لە بارووتی چەكی وێرانكەر گۆڕیوە".
زەریف جەختی لەوەكردۆتەوە، كە واشنتۆن بە بیانووی جۆراوجۆر چەكی ڕەوانەی ناوچەكە كردووە و راشیگەیاند "چەكی ئەمریكییەكان لە یەمەن كەوتە دەست قاعیدە و لە سووریاش كەوتە دەست داعش. ئێمە ئەمەمان لە رۆژنامە ئەورووپییەكانەوە خوێندەوە. ئەم دۆخە بەردەوام هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشمان".
دووهەمین کۆنفرانسی سەرۆک پەرلەمانەکانی 6 وڵاتی ئێران، پاکستان، تورکیا، چین، رووسیا و ئەفغانستان لە ژێر ناونیشانی "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەھێزکردنی پەیوەندییە ھەرێمایەتییەکان" دا دەستی بەکارەکانی کرد.
هەر لەو کونفڕانسەدا حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەبارەی کێشە هەرێمایەتییەکان و بەتایبەتی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دوا و رایگەیاند، "کاتێک ئەمەریکا تەنگ بە چین ھەڵدەچنێت دەزانێت کە چەندین وڵات زیان دەکەن لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە، کاتێکیش ھەڕەشە لە تورکیا دەکات و ئێران سزا دەدات دەزانێت کە ھەموو وڵاتانی ناوچەکە زیان دەکەن".
Your Comment