گۆڕانکاری لە تێڕوانینی مەسعوود بارزانی بۆ هاوکێشە ئیقلیمییەکان/ کوردەکانی عێراق و سیاسەتی ئێران و تورکیا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسعوود عەبدولخالق شرۆڤەکار و چاودێری گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا وێڕای لێکدانەوەی هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی ئەم دواییەی مەسعوود بارزانی ئاماژەی دا بە ستراتێژیی ئێران و تورکیا لە ناوچەکە و جەختی کردەوە کە بەرژەوەندیی کورد لە ئێستادا زیاتر لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ئێراندا دەگونجێت.

کوردپرێس: گۆڕەپانی سیاسیی عێراق پاش ساڵی 2003 و پاش دەسەڵاتی نوێ کە لەسەر بنەمای دیموکراسیی تەوافوقی دامەزرا، بەردەوام تووشی گرژی و ئاڵۆژی بووەتەوە بە تایبەت لە نێوان سێ لایەنی سەرەکیی کورد، شیعە و سوننەدا. بارگرژی لە نێوان کورد و شیعە بە تایبەت پاش دەستپێکی شەڕی داعش کە بوو بەهۆی گۆڕانی ستراتێژیی بەشێک لە سەرکردەی کورد بەرەو سەربەخۆی لە ساڵی 2017دا گەیشتە ئاستێکی بەرز، جیا لە شۆناسی گرژییەکان و هۆکاری سەرهەڵدانیاین، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی 2018 و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە وەرزێکی نوێ لە چوارچێوەی عێراقی یەکپارچەدا دەست پێکرد. ستراتێژی و هەوڵی ئەم دواییەی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی ئەو پارتە واتا مەسعوود بارزانی لە پێوەندیی لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان لە ڕێگای دیالۆگەوە و هەروەها سەردانی ناوبراو بۆ بەغدا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، هیواکانی بۆ دەستپێکی قوناخێکی نوێ لە سەقامگیریی سیاسی بەتایبەت لە پێوەندیی کورد و دەسەڵاتی ناوەندی دووهێندە کردەوە.

میدیا و مەحفیلە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی گۆڕانکاری لە سیاسەتی کوردی لە عێراق و سەردانەکەی مەسعوود بارزانی خستە ڕوو کە یەکەم سەردان بوو پاش بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی.

هەواڵدەریی کوردپرێس لە درێژەی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەم جارەیان لەگەڵ مەسعوود عەبدولخالق بەڕێوەبەری ناوەندی standardkurd بابەتەکانی سەرۆی تاوتوێ کردووە:

دەقی دیمانە لەگەڵ مەسعوود عەبدولخالق بەڕێوەبەری ناوەندی standardkurd

کوردپرێس: پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لە چ ئاستێکدایە و ئاسۆی ئەو پێوەندییانە چۆن دەبینن؟

مەسعوود عەبدولخالق: بەگشتی پاش ساڵی 2003 دەرفەتێکی زێڕین بۆ هەرێمی کوردستان ڕەخسا، سەرکردیەتیی کورد دەبوا حیکمەتێکی زیاتر بە کار بێنێت بۆ قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە، بە هەر حاڵ گەیشتە ئەو ڕادەیە کە سەرکردایەتیی کورد ڕیفراندۆمی کرد. لە حالی ئێستادا پێوەندیی هەرێم و بەغدا بەرەو چاک بوونە لەبەر ئەوەی کە هەیئەتی ڕیئاسی لە بەغدا هەندێک باش هاتۆتە پێش و دوکتور بەرهەم سەرۆک کۆمارێکی زۆر سەرکەوتووە، دوکتور عادل عەبدولمەهدی کە سەرۆک وەزیرانە دۆستی کوردە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دۆستی هەندێک لە حزبە کوردییەکانە، هەیئەتی ڕیئاسی گونجاوە بۆ ئەوەی کە چارەسەری کێشەکان بکرێت، سەردانەکەی مەسعوود بارزانیش بە ئاراستەیێکی خراپ نییە لە دوای ئەو هەموو وەزعە کە هاتە پێش. بەڵام کێشە ئەوەی کە وەکوو حزب ئەو سەردانەی کرد نەک وەکوو هەموو کوردستان.

کوردپرێس: ئایا ئێوە پێتان وایە پاش ئەو گۆڕانکارییانە، گوڕانێک لە دید و بۆچوونی مەسعوود بارزانی دروست بووە؟ واتا سەردانەکەیان بۆ بەغدا ستراتێژیک بوو یا تاکتیکی؟

مەسعوود عەبدولخالق: من پێم وایە شکست بەگشتی تەبێعەتی وایە، دەسەڵاتی کوردی لە هەموو ڕوویێکەوە زۆر خراپ تووشی شکست بووەتەوە پاش ڕیفراندۆمەکە سیادەی هەرێمی کوردستان بە تەواوێتی کەوتە ژێر هەڕەشە. ئەوە تورکیا هێزێکی زۆری هێنایە و هەڕ ڕۆژێک زیادی دەکات و هەڕەشەکەی لەسەر هەموو کوردە تەنانەت ئەوانەش کە دۆستی تورکیا بوون، بەرنامەی تورکیادا کوژاندنەوەی هەموو کیانێکی کوردییە یەعنی بە کورتی ئەمن باسی جیاوازییێکی نێوان تورکیا و ئێرانتان بۆ بکەم تورکیا لایەنی کوردیی مەزهەبیی پێخۆشە واتا حەول دەدات ئەو حالەتە قەومییە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە بیکات بە مەزهەبی وەکوو سەردەمی عوسمانی ببێتە بەشێک لە پڕۆژەی تورکیا کە هیچ ئایندەیێکی بۆ کورد تێدا نییە. لە بەرمبەردا ئێران ئەوەی ناوێت کوردەکان بە ستراتێژی و سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دتوانن جووڵەی سیاسییان ببێت و بەرژەوەندییان باشتر دابین دەبێت، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئێران بەراورد بە تورکیا بۆ کوردەکان باشترە، سەرکردایەتیی کورد ئەوەی باش نەدازانی وابزانم ئێستا تێگەیشتووە لەو بابەتە و بۆیە ئیتیکای گۆڕاوە، ئەو سەردانەی مەسعوود بارزانی بۆ بەغدا بەپێی ئەو بارودۆخەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە ئەنجام دراوە کە بە ڕای من گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە و رای دەوڵەتی ئیقلیمی و ناوەندیی دەوڵەتی عێراقی گۆڕاوە.

کوردپرێس: ئاماژەتان بە حیزبی بوونی سەردانەکە دا تا چەند پارتی ئەم ڕوانگە نوێیەی ڕووبە بەغدا دەست پێکردووە و تا چەند پێوەندیی بە ڕکاربەری لەگەڵ بە تایبەت یەکێتی هەیە، دەبینین پاش ڕیفراندۆم یەکێتیی هەوڵی ئەوەی داوە کە هەمان پێگەی پێشووی لەبەغدا هەبێت و بەهێزتری بکات و پارتی بخاتە پەراوێزەوە، ئەو سەردانە تاچەند پێوەندیی بە هاوسەنگیی هێزەوە هەیە لە هەرێمی کوردستان؟

مەسعوود عەبدولخالق: مادام کە ناوی ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی هات دەبێت باسی پڕۆژەی هەردوولا بکەین، پارتی دیموکراتی کوردستان لێکدانەوەی ئیقلیمی و جیهانییەکەی تا ڕادەیێک بە هەڵەدا چوو کە وایزانی سیاسەتی ئەمریکا بەرپا کردنی شەڕێکی گەورەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدا ئێستا ڕوون بووەتەوە کە سیاسەتی ترەمپ سیاسەتی شەڕ نییە ئەو دەیەوێت ئەو ئامانجانەی کە هەیەتی بەبێ شەڕ لە چوارچێوەی تەکنۆلۆجیا و لە چوارچێوەی ئابلۆقەی ئابووری جێبەجێ بکات. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووخانی ئێران بۆیان ئاسان نییە و ئەو ئیشە بە ئەمریکا ناکرێت بۆیە پێم وایە پارتی دیموکراتی کوردستان بە درنگەوە لەو نەزەرییە گەیشتووە. وەکوو باسم کرد گۆڕانکارییێکی گەورە بەسەر ڕێڕەویدا دێت وەکوو چوونە بەغدای بەڵام ئەو چوونە بەغدای ئێستای لەڕووی حیزبییەوە وەفدەکەی زۆر لاوازە کە حەتا وەفدی حیزبیشی لەگەڵ خۆی نەبرد و زیاتر عاعیلەییە. بۆیە وای پێدەچێت کە لەسەرەتادا هەندێک مەلەفی تایبەتی هەیە کە ڕووبەڕووی عاعیلە دەبێتەوە وەکوو مەلەفی نەوت. لەدوای ڕیفراندۆم، مەسعوود بارزانی وای زانی جارێکی دیکە ئیشی بە بەغدا نابێت کە بە هەڵەدا چوو ئێستا گەڕاوەتەوە. کێشەی نەوت واپێدەچێت ئەو مەلەفە تەسلیمی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ بکرێتەوە بۆیە ئەوە کۆتایی دەێت چوونکە هەموو لایێک تێگەیشتوون کە ئەو نەوتە هەندێک دەوڵەتی دەورووبەر بەشێکی زۆری دەبا و تەنانەت ناگاتە ئاستی مووچەی هەرێمیش بۆیە ئەو پڕۆژەی ئابووری سەربەخۆ و نەوت لە کوردستان شکستی هێنا ڕەنگە ئەوەش تەسلیمی عێراق بکرێتەوە لەبەرامبەردا مووچەی تەواو بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

کوردپرێس: پێتان وایە لە داهاتوودا ئاقاری مەلەفە کێشەلەسەرەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر دەبێت؟

مەسعوود عەبدولخالق: من پێموایە ئەو دەسەڵاتەی ئێستا لە بەغدا لەسەر حوکمە ئەوندە عونسوری نییە چاو لەوە بکات کە تەعریب بکات وەکوو پێشووتر؛ ئیمکانی هەیە ئێمە بە حیکمەت و لێزانانە بتوانین کەرکووک و مەخموور هەتا شەنگال جارێکی دیکە وەرگرینەوە ئەوەش بە تەریقێکی جوان دەکرێت من بە ئاراستەیێکی ئیجابیی دەبینم.

کوردپرێس: کاتی سەردانەکەی مەسعوود بارزانی جۆرێک ڕێکخرا بوو کە بەرهەم ساڵح لە بەغدا نەبووە ئەمە چ پەیامێکی هەیە؟

مەسعوود عەبدولخالق: ئەو پەیامە زۆر سادەیە و ئاسانە دیارە کە سەرکردە کوردەکان ئاستیان ئەوندە بەرز نییە لێبووردەییان ببێت هەموو خەڵکی کوردستان قسەیێکی هەیە دەڵێن کاک مەسعوود لە بەغدا وتوویەتی ئێمە هاتووین هەڵەکانمان چاک بکەینەوە دەبووایە ئەو قسەی یەکەمجار لە کوردستان بکردابا، لە کوردستان هەڵەی زۆر کراوە لەبەرامبەر ئەو میللەتە و بەرامبە مووچەخۆان و بەرامبەر بە شەهید و پێشمەرگە هەڵە و زوڵمی گەورە کراوە دەبوایە ئەو داوەیەی یەکمجار لە کوردستان بکردایێت ئەوجا بچوایێتە بەغدا. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارێکە کە خەڵکی کوردستان زۆریان پێویستی پێیەتی گۆڕانکارییەکان و ئەو دەسکەوتانەی باسم کرد هەمووی بەری دەکەوێت یەعنی واچاکە کە کاک مەسعوود ئەو نەوعە عیلاقاتە شەخسییە کە لەناوخۆ بووە نەینێرنە بەغدا و ئاستی نێودەوڵەتی هەر لە ناوخۆ چاکی بکەنەوە باشە.

لە کۆتاییشدا دەبێت بڵێم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەند میللەتی ئەساسیی لێیە کوردی لێیە تورک و عەرەب و فارسی لێیە لەگەڵ برایانی دیکەش ئەو چەند مییلەتە دەبێت لە کات و ساتی تەنگانەدا یارمەتیی یەک بدەن ئێمە دەزانین لە کاتی ئەنفال و کیمیاباراندا ئێران یارمەتیی ئێمەی داوە زۆر سپاسی دەکەین بەڵام ئێستا ئێران کەوتۆتە ژێر هەڕەشەیێک کە ئێمە وەکوو کورد زۆر پێویستەی چاکەی خەڵکی بدەینەوە و هاریکاریی ئەو چوار میللەتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر پێویستە و دەبێت نەبینە داردەستی هیچ لایێک. ئەمن پێشنیارێکم کردووە کە ڕەنگە بیکەینە پڕۆژە، کورد بەتایبەتی کە ئێمە سەرۆک کۆمارمان هەیە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرینگ ببینێت لە پێناوی هێور کردنەوەی ئەو وەزعە لە نێوان ئەمەریکا و ئێران بتوانین دەورێکی خێر ببینین نەک ئەوەی کە ببینە بەشێک لە سزا بۆ سەر هیچ لایێک.

دیمانە: حەسەن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی هەواڵدەریی کوردپرێس

News Code 50099

Your Comment

You are replying to: .
captcha