سه‌عدی پیره‌: له‌ دوو ڕۆژی داھاتوودا پارتی و یه‌كێتی كۆ ده‌بنه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتیمانیی کوردستان باسی له‌ ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسیی ئه‌و حیزبه‌‌ كرد و ئاشكرای كرد که‌ له‌ دوو ڕۆژی داھاتوودا شاندێكی پارتی سه‌ردانی سلێمانی ده‌كات و له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆ ده‌بنه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 8ی کانوونی یه‌که‌می 2018 مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆ بوووه‌وه‌ و دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ له‌ كۆنگره‌یێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای‌گه‌یاند: "له‌ دوو ڕۆژی داھاتوودا شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی سلێمانی ده‌كات و له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كۆ ده‌بێته‌وه‌."

ناوبراو دووپاتی كرده‌وه‌: "ئێمه‌ ناگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می په‌نجا به‌ په‌نجا به‌ڵام ده‌بێ یه‌كێتی شه‌ریكی ڕاسته‌قینه‌ بێت له‌ حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان."

سه‌عدی ئه‌حمه‌د گوتیشی: "بابه‌تی دوو جێگر بۆ سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ ھیچ كۆبوونه‌وه‌یێكی ئێمه‌ و پارتی باس نه‌كراوه‌ و ھه‌ندێک که‌ناڵی ڕاگه‌یاندن ئه‌و بابه‌ته‌ گه‌وره‌ ده‌كه‌ن."

ناوبراو ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: "به‌و پێیه‌ی فراکسیۆنی پارتی گه‌وره‌ترین فراکسیۆنی ناو په‌رله‌مانه‌ بۆیه‌ ئه‌وان کاندید بۆ پۆسته‌ باڵاکان ڕاده‌سپێرن، ھه‌روه‌ھا بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ پارتی هاوپه‌یمانێتی پێکده‌هێنن و ڕێز له‌ بڕیاره‌کان ده‌گرین."

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ڕاشی‌گه‌یاند: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ پارتی گفتوگۆ له‌سه‌ر پێكھێنانی حكوومه‌ت ده‌كه‌ین و كاتێک رێككه‌وتین ئه‌وكات پۆست و كاندیده‌كانمان بۆ حكوومه‌ت ئاشكرا ده‌كه‌ین."

سه‌رچاوه‌: K24

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50097

Your Comment

You are replying to: .
captcha