شاندێکی به‌غدا ده‌روازی سنووری پشته‌ی بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تی کردن به‌ سه‌ر کرده‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- بۆ جاری سێیه‌م شانده‌ باڵاكه‌ی عێراق، كه‌ نوێنه‌ری 10 وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ ده‌روازه‌ سنوور‌ییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، سه‌ردانی ده‌روازه‌ی سنووری پشته‌ی كرد بۆ ئه‌وه‌ی بزانن دوای سێ مانگ مۆڵه‌ت‌ که‌ به‌ به‌رپرسانی ده‌روازه‌که‌ درابوو ڕێنمایییه‌کان جێبه‌جێ کراوه‌ یان نا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌رپرسانی شانده‌که‌ی عێراق و به‌رپرسانی ده‌روازه‌ی پشته‌ له‌ سنووری گه‌رمیان ڕای‌ده‌گه‌یێنن که‌ پێده‌چێ ئه‌مه‌ کۆتا سه‌ردانی شاندی به‌غدا بێت و بڕیار له‌باره‌ی به‌نێوده‌وڵه‌تی کردنی بدرێت.

شاكر جبووری به‌ڕێوه‌به‌ری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن له‌ ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراق ده‌ڵێت: "هاوئاهه‌نگی و په‌رۆشی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانمان بینی له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانیدا، هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان و لادانی به‌ربه‌سته‌كان له‌پێناوی هه‌ستانه‌وه‌ی به‌ره‌وپێشبردن له‌ ڕووی بازرگانی و جوانی ده‌روازه‌كان ئه‌وه‌ش له‌پێناو خزمه‌ت كردنی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی و عێراق به‌گشتی. ئامانجی ئێمه‌ش ئه‌كتیڤ كردنی ده‌روازه‌که‌یه‌‌ له ‌ڕووی ژێرخانه‌وه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ده‌روازه‌كه و دوای بینینی ڕاپۆرتی ئێمه‌ دڵنیام له‌ به‌غداوه‌ هه‌واڵی خۆش ده‌گات".

ناوبراو گوتیشی که‌ 14 فه‌رمانگه‌ی سه‌ر به ‌حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێستا له‌ ده‌روازه‌كه‌دا‌ هه‌ن و گۆڕه‌پانی وه‌ستانی ئۆتۆمبێل، ڕێگه‌وبان و شورا ته‌واو كراون.

حوسێن ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی گه‌رمیانیش ده‌ڵێت: ''ڕۆاژنه‌ 200 ئۆتۆمبێل هاتوچۆ ده‌كه‌ن. ئه‌مڕۆ هه‌موو ده‌زگاكانمان هێنا و به‌ شانده‌که‌مان ئاشنا کردن. دڵنیام كۆتا سه‌ردان ده‌بێت و ده‌روازه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌ ده‌روازه‌یێكی نێوده‌وڵه‌تی. پاراستنی ده‌روازه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆی پۆلیسی گومرگ و هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور و ئاسایشی گه‌رمیاندایه. هه‌زار و 847 ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر له‌ ده‌روازه‌ی پشته‌ كار ده‌كه‌ن. به‌پێی ئاماری گومرگی گه‌رمیان له‌ ماوه‌ی چوار مانگی ڕابردوودا داهاتی ئه‌و ده‌روازه‌ سنوورییه‌ پێنج ملیار دینار بوووه‌.

له‌ نێوان ھه‌رێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سێ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و چوار مه‌رزی لاوه‌کی بوونیان ھه‌یه‌‌ که‌ بریتین له‌ ده‌روازه‌کانی په‌روێزخان و باشماخ و حاجی ئۆمه‌ران، له‌گه‌ڵ مه‌رزه‌ لاوه‌کییه‌کانی (پشته‌ ‌و ته‌وێڵه‌ له‌ ھه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌یرانبه‌ن له‌ سلێمانی و کێلێ له‌ ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین.)

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50053

Your Comment

You are replying to: .
captcha