عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئه‌وله‌ویه‌تەکانی به‌رنامه‌ی چوار ساڵی ئاینده‌ی فراكسیۆنی گۆڕان دەخاتەڕوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند؛ ئه‌وله‌ویه‌تی به‌رنامه‌ی چوار ساڵی فراكسیۆنه‌كه‌ی سێ خاڵه‌ كه‌ یه‌كه‌میان جێگیر كردنی سیستمی په‌رله‌مانی و نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی مه‌ده‌نییه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له ‌په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ به‌یاننامه‌یێكدا رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ فراكسیۆنی گۆڕان له ‌بینای په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ مارتن وار، كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له ‌هه‌ولێر كۆ بووه‌ته‌وه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا فراكسیۆنی گۆڕان به‌رنامه‌ی چوار ساڵی ئاینده‌ی خۆی له‌ ئه‌گه‌ری ئۆپۆزسیۆن بوون یان هاوبه‌شی کردن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا خسته‌ڕوو كه‌ سێ خاڵ ئه‌وله‌ویه‌تی به‌رنامه‌كه‌یه‌تی.

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ كه‌ جێگیر كردنی سیستمی په‌رله‌مانی و نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێکی مه‌ده‌نی که‌ سیستمی په‌رله‌مانی و لامه‌رکه‌زیه‌ت و ماف و ئازادییه‌کانی تاک تێیدا پارێزراو بێت، خاڵی یه‌كه‌می ئه‌وله‌ویه‌تی به‌رنامه‌ی فراكسیۆنه‌كه‌یه‌.

هه‌روه‌ها وتووشیه‌تی كه‌ خاڵی دووه‌م بریتییه‌ له‌ چاره‌سه‌ریی قه‌یرانی دارایی، به‌ به‌دامه‌زراوه‌یی کردنی که‌رتی نه‌وت، شه‌فافیه‌ت و چاکسازی له‌ داهات و خه‌رجیدا.

هه‌رچی خاڵی سێیه‌می ئه‌وله‌ویه‌تی به‌رنامه‌ی فراكسیۆنه‌كه‌یه‌ به‌پێی قسه‌ی عه‌لی حه‌مه‌ساڵح بریتییه‌ له‌ رێکخستنه‌وه‌ی هێزی چه‌کدار، که‌ به‌ریتانیا له‌م بواره‌دا ده‌ورێکی گرنگی هه‌بووه‌.

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا کونسوڵی به‌ریتانیا، پلان و به‌رنامه‌ی خۆیانی بۆ ڕێکخستنه‌وه‌ی هێزی چه‌کدار له‌ کوردستاندا خستۆته‌ ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌ چوار ساڵی ئاینده‌ له‌ کوردستان و عێراق گرنگی به‌دۆخی ئابوری ده‌درێت.

کونسوڵی به‌ریتانیا، ئه‌وه‌شی خستۆته‌ ڕوو كه‌ گرنگه‌ له‌ کاتی پێکهێنانی حکوومه‌ت ئه‌و بابه‌ته‌ سیاسییانه‌ی که‌ چوار ساڵی ڕابردوو ناکۆکی دروست کرد چاره‌سه‌ر بکرێت، له‌م چوار ساڵه‌شدا له‌بری ناکۆکی سیاسی، سه‌رقاڵی ڕیفۆرم و گه‌شه‌پێدانی ئابووری بن.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ئاوێنە

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 50032

Your Comment

You are replying to: .
captcha