کوردپرێس:
ئەمڕۆ چوارشەمە 14ی سەرماوەزی 1397 بەرانبەر بە 5ی کانوونی یەکەمی 2018 جەلال مەحموودزادە نوێنەری خەڵکی مەهاباد لە پەرلەمانی ئێران وتارێکی پێشکەش کرد و لە وتەکانیدا وێڕای ئەوەی ڕەخنەی توندی لە کوژرانی کۆڵبەری کورد گرت، ئاماژەیێکی کورتی بە نەهامەتی و قارەمانێتیی گەلی کورد کرد.
نوێنەری خەڵکی مەهاباد لە وتەکانیدا ڕایگەیاند پێچەوانەی مادەی 84ی دەستوور، چەندین جار لە سەر ڕووداوێکی مێژووییی گەلی کورد بانگ کراوە بۆ دادگاکان و ئەوەش جێگەی داخە کە شانی نوێنەری پەرلەمان ئەوەندە نزم دەکرێتەوە کە مامەڵەی نەگونجاوی لەگەڵ دەکرێت.
مەحموودزادە تیشکی خستە سەر ئەو نەهامەتییانەی بەسەر کورددا هاتووە و وتی: ئەم جارەیان تەوەری قسەکانم جادە و خانوو و هەلی کار نییە. لەبەر ئەوەی لە هەموو دەوڵەتەکاندا بیانوو پاساو دەهێنرێتەوە بۆ ئەو خەمساردییانەی لە بۆ پێدانی خزمەتگوزاری لە ناوچە کوردنشینەکان دەکرێت. بۆیە ئەم جارە باسی ئەو گەلەتان بۆ دەکەم کە نەک هەر بە ڕەچەڵەک ئاریایین بەڵکوو پێشتر لەوەی زنجیرە چیای ئێران سەرهەڵبدات لەم ناوچەیەدا ژیاون. ئەو گەلەی لە مێژودا چۆکیان بۆ دیکتاتۆرییەت و ستەم دانەداوە و بەرزەپا وەستاون و گیانیان بەخت کردووە. ئەو گەلەی بە هۆی ستەمی سیستەمی دیکتاتۆرییەتەوە خاکەکەیان لە نێوان چوار وڵاتدا دابەش کرا. ئەو گەلەی ڕژیمی بەعس بە دڕندەترین شێوە 182 هەزار ژن و ساوا و پیر و گەنجی لێ زینەبەچاڵ کرد. باسی کۆبانێ و عەفرینتان بۆ دەکەم. باسی ئەو شێرەژنانەی زیاتر لە 134 ڕۆژی بە کەمترین چەک و کەرەستەی سەربازی لە بەرانبەر داعش و نوسرەی دڕندە و تەنانەت تورکیا و ناتۆ وەستان و بەرخۆدانیان کرد.
نوێنەری خەڵکی مەهاباد دیسان تانەی لە دەوڵەت دا و وتی: گەلی کورد لە دوو خولی سەرۆکایەتیی حەسەن ڕۆحانیدا بە دڵێکی پاکەوە دروشمە شیرینەکانی ئەو بەڕێزەیان بە ڕاست زانی و بە دەم بانگەوازەکەی ڕۆحانییەوە هاتن بەڵام ئێستا لە خراپترین دۆخی ئابووریدا دەژین. هاووڵاتییان کورد بەردەوام لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەییی وەرزشیدا فەخر و میداڵیایان بۆ ئێران مسۆگەر کردووە بەڵام موحتاجی نانی شەویانن و بۆ پاروویێک نان کۆڵبەری دەکەن و لە بەرانبەردا دەوڵەت لە جێگەی ئەوەی هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنێت و خزمەتیان بکەن، مشتیان لێ دەگرێت و فیشەکی ئێران دەکاتە میوانیان.
ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆکایەتیی کوتلەی جووتیاری لە پەرلەمانی ئێران گوتیشی: "زۆر جێگای داخە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە سەدان گەنجی کۆڵبەر لە ناوچە کوردنیشنەکان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لە دەست داوە.
وەسفی قارەمانێتیی گەلی کوردی کرد. ئێستا کە ئامادەیە وەڵامی ژن و منداڵی بێ سەرپەرشتیاری ئەو کۆڵبەرە کوژراوانە بداتەوە؟ گەنجی کورد بۆ 50 هەزار تمەن کرێ ئەو ڕێگا سەخڵەتە دەگرێتە بەر و تەقەی لێ دەکرێت بەڵام ئەوەی قاچاخچییە و سوودی زەبەلاح دەنێتە گیرفانی لە سێبەری ئەمنی سیستەمی حکومڕانی و بەرپرساندا خۆی حەشار داوە.
Your Comment