کوردپرێس:
حوکمی زیندانی­کرانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و سری سورەیا ئوندەر لەلایەن دادگای ئیستینافی بازنەی 2ی سزاکانی ئەستەنبوڵەوە دەرکرا و بەو پێیەش سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە 56 مانگ و سری سورەیا ئوندەر 42 مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا و بەو بۆنەیەشەوە پارتی دیموکراتیکی گەلان لە بەیاننامەیێکدا ئیدانەی حوکمەکەی کرد و نووسیی: گەلی تورکیا ئەو ڕەفتارەیان بیر ناچێتەوە.
هەدەپە هەر لە بەیاننامەکەدا نووسیویەتی ئەوەی کە حوکمەکە بەپەلە دەرکرا و دانیشتنی دادگا زووتر ئەنجام درا تەنها لەبەر یەک هۆکار بوو. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئامانجی دادگاکە ئەوە بوو پێبەند نەبێت بە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا کە حوکمی ئازادکردنی بەپەلەی دەمیرتاشی دەرکردبوو.
هەر لە درێژەی بەیاننامەکەدا نووسراوە: بەگوێرەی حوکمەکە ئێستا دەمیرتاش لە نازناوی "تۆمەتبار"ەوە بۆ "تاوانبار" گۆڕدراوە و ئەوەش فێڵ و تەزویرێکی دەوڵەت بوو کە بەهۆی فشارخستنە سەر دەزگای داد فەرمانی بەو دەزگایە کرد حوکمەکە دەربکات.
لە بەیاننامەکەدا نووسراوە:ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا تەنها چەند کاتژمێر پاش حوکمەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا کە داوای ئازادکرانی دەمیرتاشی کردبوو ڕایگەیاند: ئەو حوکمە لای دەوڵەتی تورکیا بە فەرمی ناناسرێت و ئەنقەرە ملی پێ نادات و لە بەرانبەر ئەو حوکمەدا ڕەدفیعلی خۆیان دەبێت. لە ڕاستیدا ئەوە شەرمەزاییە بۆ دەوڵەت و دەزگای دادی تورکیا. ئەردۆغان، دەزگای دادی کردووە بە بووکەشووشەی دەستی خۆی و ئێستا نایشارێتەوە کە دەزگای داد لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدایە. لە پێش چاوی کامێرەکان فەرمان بە دادگاکان دەکات. دەزگای دادیش سەلماندوویەتی ئامێری دەستی دەوڵەتە و بەس.
بەیاننامەکە زیادی دەکات: تا ئێستا یە وشە جگە لە "ئاشتی" لە زاری دەمیرتاش و ئوندەرەوە نەدرکێندراوە. ئێمەش پشتگیریی هەموو هەڵوێست و قسەکانی ئەو دوو کەسایەتییە دەکەین و پێی پێبەند دەبین. ئێمە هەرگیز واز لە بڕوامان بۆ ئازادی و ئاشتەوایی ناهێنین. چ ئەردۆغانیش و چ دەزگای دادی تورکیاش باش بزانن گەلی تورکیا ئەو چەواشەکارییەی دەوڵەت و دەزگای دادیان قەت لە بیر ناچێت.
Your Comment