دڵشاد شه‌هاب: په‌رله‌مان شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان دیاری ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی شاندی دانووستاندنکاری پارتی بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌ت ده‌ڵێت: گفتوگۆیێکی ڕوون و ئاشکرا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان ده‌که‌ن و په‌رله‌مانی کوردستان شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان دیاری ده‌کات و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش ده‌توانن به‌ربژێریان هه‌بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دڵشاد شه‌هاب ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی پارتی و ئه‌ندامی شاندی دانووستانکاری پارتی بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌ت ڕایگه‌یاند: "له‌ ڕۆژانی داهاتوودا ده‌ست به‌ پرۆگرامی خۆمان ده‌که‌ین. ئێمه‌ وه‌کوو پارتی پرۆگرامێکی ئاماده‌مان ده‌بێت. تێڕوانینی خۆمان بۆ لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی کاری حکوومه‌ت ده‌خه‌ینه‌ڕوو. هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ی گرنگن بۆ به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌ی سیاسی و حوکمڕانی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا گفتوگۆیێکی ڕوون و ئاشکرا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان ده‌رباره‌یان ده‌که‌ین. هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ی وه‌کوو ته‌گه‌ره‌یێکی چاوه‌ڕوانکراون له‌ حکومڕانیدا له‌ ئاینده‌دا بێنه‌پێش، ئه‌وانه‌ش گفتوگۆ ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ کاتێکی گونجاو ده‌ست به‌ پرۆسه‌ی پێکهێنانی حکوومه‌ت بکه‌ین".

دڵشاد شه‌هاب سه‌باره‌ت به‌ نه‌بوونی ناوی مه‌سروور بارزانی به‌ربژێری پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆکوه‌زیران له ‌نێو شاندی دانووستاندنکار بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت گوتی: "له‌ قۆناخی داهاتوودا کاتێک گفتوگۆکان وردتر ده‌بنه‌وه‌، به‌ دڵنیایییه‌وه‌ به‌ڕێز مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵ شاندی دانووستاندنکار سه‌ردانی لایه‌نه‌کان ده‌کات".

ناوبراو له‌و بڕوایه‌دا نییه‌ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌ت درێژه‌ بکێشێت و ده‌ڵێت: "پاش ئه‌وه‌ی ڕێککه‌وتن ده‌کرێت و سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت، به‌پێی یاسا که‌ که‌سێک بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی حکوومه‌ت کاندید ده‌کرێت ئینجا به‌پێی یاسا مافی 30 ڕۆژی هه‌یه‌ بۆ پێشکه‌ش کردنی کابینه‌که‌ی".

دڵشاد شه‌هاب سه‌باره‌ت به‌ پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان گوتی: "هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ی هه‌ن ده‌خرێنه‌ گفتوگۆ. ئێمه‌ که‌ ده‌ڵێین ئه‌وه‌ کاندیدی پارتییه‌، یاسا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی ڕێکخستوووه‌، ئێمه‌ نه‌مانگوتوووه‌ ئه‌مه‌ سه‌رۆکی هه‌رێمه‌، گوتوومانه‌ کاندیدی پارتییه‌، په‌رله‌مان هه‌ر شێوازێکی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان په‌سند بکات به‌و شێوه‌یه‌ ده‌بێت. هیچ لارییێکیش نییه‌ له‌وه‌ی خه‌ڵکی دیکه‌ خۆی به‌ربژێر بکات به‌ڵام ئێمه‌ پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌ ئیستیحقاقی خۆمان ده‌زانین".

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 49987

Your Comment

You are replying to: .
captcha