یه‌کێتی له‌سه‌ر دواسه‌ردانی باڵیۆزی تورکیا بۆ که‌رکووک دێته‌ ده‌نگ

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌سه‌ر دواسه‌ردانی باڵیۆزی توركیا له‌ عێراق بۆ كه‌ركووک دێته‌ ده‌نگ و په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی ئه‌و حزبه‌ش له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "یان حكوومه‌تی عێراق ئاگاداری ئه‌و پێشێلكارییه‌ی توركیایه‌ یان خۆی گێل ده‌كات".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جه‌مال شوكر په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له ‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "دوو سه‌ردانه‌كه‌ی باڵیۆزی توركیا بۆ شاری که‌رکووک ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی توركیایه‌ له ‌سه‌روه‌ری و كاروباری ناوخۆی خاكی عێراق".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پرسیار ده‌كات و ده‌ڵێت: "له ‌شار و شارۆچكه‌كانی دیكه‌ی عێراق كاره‌ساتی هاوشێوه‌ بوووه‌ وه‌ک گڕگرتنی بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر و لافاوه‌كه‌ی قه‌زای شه‌رگات، بۆچی باڵیۆزی توركیا سه‌ردانی ئه‌و ناوچانه‌ ناكات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ مه‌رامێكی سیاسی له‌پشته‌وه‌ نه‌بێت؟"

ناوبراو ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ی ئێستا توركیا له‌ كه‌ركووک ده‌یكات، مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر سه‌روه‌ریی خاكی عێراق و كارێكی نایاسایی و ناده‌ستوورییه ‌و ده‌بێت وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بێته‌ ده‌نگ".

جه‌مال شوكر ئه‌وه‌شی وت: "هه‌ر به‌رپرسێكی بیانی سه‌ردانی شاره‌كه‌ بكات ده‌بێت چاوی به ‌هه‌موو پێكهاته‌كان بكه‌وێت، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش ڕوونكردنه‌وه‌ بدات ده‌بێت حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ی باڵیۆزی توركیا بێته ‌ده‌نگ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا هیچ هه‌ڵوێستێكی ڕانه‌گه‌یاندوووه‌، وادیاره‌ ده‌وڵه‌تی عێراق ئاگاداره‌ یان خۆی گێل ده‌كات".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 49986

Your Comment

You are replying to: .
captcha