کوردپرێس: بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێم، سێکتەری پیشەسازی زۆرترین مۆڵەتی وەبەرھێنانی پێدراوە کە ٢١٣ پڕۆژەن، دوای ئەویش نیشتەجێبوون بە ١٦٥ مۆڵەتەوە دێت، سێکتەری گەشتیاریش بە ١٤٨ مۆڵەتەوە لە پلەی سێیەمدایە.
دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دوایین ئامارەکانی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات، بەپێی ئامارەکانی دەستەکە کە لەسەر زاری بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاریی دەستەکە وەرگیراوە، قەبارەی وەبەرھێنان گەیشتووەتە ٤٧ ملیار دۆلار.
سەربەست خدر عەلی بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە و زانیاری دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێم، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "لە سەرەتای دامەزراندنی دەستەی وەبەرھێنانەوە لە ساڵی ٢٠٠٦ تاوەکوو ئێستا مۆڵەتمان بە ٨١٦ پڕۆژە داوە و نزیکەی ١١٧ مۆڵەتیشمان ھەڵوەشاندووەتەوە، سەرمایەی گشتی وەبەرھێنانیش تاوەکوو ئێستا گەیشتووە سەروو ٤٧ ملیار دۆلار، ئەو مۆڵەتانەشی بۆ وەبەرھێنان دراون لە ١٣ سێکتەری جیاجیان، زۆرترینی وەبەرھێنان بەپێی پارێزگاکانی ھەرێم لە پارێزگای ھەولێرە کە ٣٦٠ پڕۆژەمان ھەیە و لە پارێزگای سلێمانی ٢١٨ پڕۆژەمان ھەیە و لە پارێزگای دھۆک-یش ٢٣٩ پڕۆژەمان ھەن".
سەربەست خدر عەلی سەبارەت بە سەرمایەی وەبەرھێنان لە پارێزگاکانی ھەرێم و دابەشبوونیان گوتی: "لە پارێزگای ھەولێر سەرمایەی وەبەرھێنان ٢٦ ملیار دۆلار و ٤٥٠ ملیۆن دۆلار دەبێت و لە پارێزگای سلێمانی-یش سەرمایەی وەبەرھێنان بڕی ١٤ ملیار و ٩٦٠ ملیۆن دۆلارە و لە پارێزگای دھۆک-یش بڕی سەرمایەی وەبەرھێنان بریتییە لە شەش ملیار و ٤٦٧ ملیۆن دۆلار".
سەربەست خدر عەلی ئەوەشی گوت "دوو شێوە وەبەرھێنانمان ھەیە، وەبەرھێنانی راستەوخۆ کە وەبەرھێنانی بیانییە، لەگەڵ وەبەرھێنانی ھاوبەش، لەو ٤٧ ملیار دۆلارەی کە سەرمایەی وەبەرھێنانە تاوەکوو ئێستا بڕی ٤٥ پڕۆژەمان وەبەرھێنانی بیانیین کە سەرمایەکەیان شەش ملیار و ١١٢ ملیۆن دۆلار".
سەبارەت بە ریزبەندیی وڵاتانی بیانی لە وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستاندا ئەو بەرپرسەی دەستەی وەبەرھێنان رایدەگەیەنێت کە ئیمارات لە پلەی یەکەم و تورکیا دووەم و پاشان لوبنان بە پلەی سێیەم دێت.
سەربەست خدر عەلی دەشڵێت "ئەو وڵاتانەشی بە شێوەی راستەوخۆ لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان دەکەن نزیکەی ١٥ وڵاتن و ئیمارات لە پلەی یەکەم دێت کە بڕی سەرمایەی وەبەرھێنانەکەی دەگاتە سێ ملیار و ٣١٤ ملیۆن دۆلارە، تورکیا بە ١٦ پڕۆژەوە لە پلەی دووەم دێت کە بڕی سەرمایەی وەبەرھێنانەکەی دەگاتە ملیارێک و ١٣٠ ملیۆن دۆلارە، ھەروەھا لوبنان بە پلەی سێیەم دێت لە وەبەرھێنانی بیانی کە بڕی سەرمایەی وەبەرھێنانی ملیارێک و ١٦ ملیۆن دۆلارە و نۆ پڕۆژەی وەبەرھێنانی ھەیە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment