بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەهدی عەبدولکەریم بەرپرسی راگەیاندنی لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان بە پێگەی "مەعلوومە"ی وتووە: بڕیاری موقتەدا سەدر و کوتلەی سەدر بۆ بایکۆت کردنی دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک سوپرایزێکی گەورە وابووە بۆلایەنی کوردی بەگشتیی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی.
ڕوونیشی کردۆتەوە کە سەرەڕای ئەو بڕیارە، بەڵام پارتی و رەوتی سەدر چەند هێڵێڵێکی ستراتیژیان بۆ پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار و پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو هەیە و ناکرێت لەو هێڵە گشتیانە دوور بکەوینەوە.
بە وتەی عەبدولکەریم درووستبوونی ئاستەنگ بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان بواری ئەوە بۆ پێکهاتە و کوتلە سیاسییەکان دەرەخسێنێت بگەنە ڕێککەوتنێک کە هەموو لایەک پێی رازیی بن، روونیشی کردۆتەوە کە لایەنی شیعی دەتوانن ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن و لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بگەنە سازان.
بەرپرسەکەى پارتى جەختیشی کردۆتەوە کە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهینانی حکوومەتی داهاتوو یەکلایی دەبێتەوە و چارەسەر دەکرێت.
Your Comment