مه‌سعوود بارزانی: هه‌ڵوێستمان له‌سه‌ر حیسابی ئامانجه‌ ستراتێژییه‌کانی خەڵکی کوردستان نابێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مه‌سعوود بارزانی له‌ پرێس کۆنفرانسێکدا ئه‌نجامی دیدار و سه‌ردانه‌کانی بۆ به‌غدا، نه‌جه‌ف، ئیمارات و کوه‌یت ئاشکرا کرد و ڕای‌گه‌یاند: هیچ هه‌ڵوێست و هه‌نگاوێکی ئێمه‌ له‌سه‌ر حیسابی پره‌نسیپ و ئامانجه‌ ستراتێژییه‌کانی گه‌لی کوردستان نابێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28ی تشرینی دووهه‌می 2018 مه‌سعوود بارزانی له‌ پرێس کۆنفڕانسێکدا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی دیدار و سه‌ردانه‌کانی بۆ به‌غدا، نه‌جه‌ف، ئیمارات و کوه‌یت گوتی: "ویستمان به‌و سه‌ردانه‌ جارێکی دیکه‌ نییه‌تی باشی خۆمان ده‌رببڕین، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی ئاشتیخوازانه‌ی خۆمان دووباره‌ بکه‌ینه‌وه‌، چوونکه‌ هه‌میشه‌ ڕامان وابوووه‌ و ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ قۆناخه‌کانی پێشووش له‌ هه‌موو قۆناخه‌کاندا هه‌میشه‌ داکۆکیمان کردوووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌موو گرفته‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌بێت به‌ دیالۆگ و لێکتێگه‌یشتن و ڕێز له ‌یه‌کدی گرتن چاره‌سه‌ر بکرێن. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ نه‌بووین که‌ بژارده‌ی ڕێگه‌ی دیکه‌مان گرتبێت، ئه‌وه‌ به‌غدا بوو که‌ پێشتر هه‌موو ده‌رگاکانیان داخستبوو و بژارده‌ی دیکه‌یان هه‌ڵبژارد."

بارزانی له‌باره‌ی قۆناخی نوێی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر و به‌غدا گوتیشی: "ئێستاش پێمانوایه‌ ده‌رفه‌تێکی تازه‌ هاتوووه‌ته‌ پێش بۆ هه‌موو عێراق و بۆ کوردستان، جه‌نابی به‌ڕێز سه‌یید عادل عه‌بدولمه‌هدی دۆستێکی دێرینی ئێمه‌یه‌، مرۆڤێکه‌ له‌ کێشه‌ی کورد و کوردستان تێده‌گات، له‌ کوردستان ژیاوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئومێدمان زۆره‌ بتوانین له‌گه‌ڵ ئه‌و بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌ری زۆر باش بۆ هه‌موو کێشه‌کان، پێشم گوت که‌ ئێمه‌ به‌ هه‌موو توانایێکمانه‌وه‌ پشتیوانیت لێده‌که‌ین، ئومێدمان وایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بگه‌ینه‌ ته‌فاهوماتێکی باش."

مه‌سعوود بارزانی ڕاشیگه‌یاند: "له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌ بێ جیاوازی کۆ بووینه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی دۆستی ئێمه‌ بوون، ئه‌وانه‌ی له‌ خراپترین قۆناخه‌کاندا دۆستایه‌تی خۆیان پاراست و ئه‌وانه‌شی هه‌رچی پێیان کرا دژی ئێمه‌ کردیان، له‌گه‌ڵ هه‌موویان دانیشتین به‌ڵام ده‌مه‌وێت لێره‌دا داکۆکی له‌سه‌ر خاڵێک بکه‌م، هیچ هه‌نگاوێک و هه‌ڵوێستێکی ئێمه‌ له‌سه‌ر حیسابی پره‌نسیب و ئامانجه‌ ستراتێژییه‌کانی گه‌لی کوردستان نابێت."

سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ ته‌وه‌ری گفتوگۆکانی له‌ به‌غدا ڕوونی کرده‌وه:‌ "باسی هه‌موو گرفته‌کانمان کرد به‌تایبه‌تی ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، ئێمه‌ گه‌یشتووینه‌ ته‌فاهوماتێکی باش که‌ به‌ دیالۆگ و به‌پێی ده‌ستوور و ماده‌ی 140 ئه‌و کێشانه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین به‌ڵام هێشتا حکوومه‌ت به‌ ته‌واوه‌تی پێکنه‌هێنراوه‌، ئه‌مه‌ پرسێکیش نییه‌ من نامه‌وێت ته‌وه‌قوعاتی خه‌ڵکی کوردستان زۆر به‌رز بکه‌مه‌وه‌ بڵێم هه‌موو شتێک ته‌واو ده‌بێت، ڕه‌نگه‌ کاتی بوێت، منیش له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین، پێویسته‌ به‌کردار ئه‌نجامه‌که‌ی ببینین، ئێمه‌ له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ پێیه‌وه‌ پابه‌ند ده‌بین که‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یێک هاوکار ده‌بین بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌کان. پێموایه‌ له‌ به‌غداش هه‌موو لایه‌نه‌کان دوای ئه‌و ئه‌زموونه‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌ به ‌سه‌ر هه‌موو لایێکدا هات، تێگه‌یشتوون که‌ جیا له‌ دیالۆگ ناتوانن هیچ کێشه‌یێکی دیکه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ تا ڕاده‌یێک گه‌شبینم، مرۆڤیش هه‌میشه‌ گه‌شبین بێت باشتره‌ له‌وه‌ی ڕه‌شبین بێت، به‌ڵام دیسان جارێکی دیکه‌ش من نامه‌وێت هیچ به‌ڵێنێک بده‌م یان پێشبینی خه‌ڵکی خۆمان به‌رز بکه‌مه‌وه‌ به‌ڵام به ‌جیدی هه‌وڵی جیدی ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی ئابووریی و سیاسی و سه‌ربازی و ئه‌منییه‌وه‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان بکه‌ین، ئومێده‌وارین به‌ شێوه‌یێک بێت که‌ خێری هه‌موو لایێکی تێدا بێت."

مه‌سعوود بارزانی گوتیشی: "دوای دیداره‌کانمان له‌ به‌غدا سه‌ردانی نه‌جه‌فم کرد و له‌وێش جه‌نابی سه‌ید موقته‌دام بینی، ئه‌ویش زۆر کراوه ‌بوو و زۆریش ئیجابی بوو، پاشان چووین بۆ ئیمارات و کوه‌یت."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 49818

Your Comment

You are replying to: .
captcha