پێویسته‌ کورد نوێنه‌ری له‌ کۆمپانیای فرۆشتنی نه‌وتی عێراق هه‌بێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ھه‌رێمی کوردستان بۆ کاروباری وزه‌ گوتی: پێویسته‌ کورد نوێنه‌ریان له‌ کۆمپانیای سۆمۆ ھه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری ھه‌موو ورده‌کارییه‌کان بن و له‌ ھه‌موو داھاته‌کان داکۆکی له‌ پشکی ھه‌رێم بکه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، د. بێوار خنسی ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ھه‌رێمی کوردستان بۆ کاروباری وزه به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگه‌یاند: "له‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراقدا ھاتوووه‌ که‌ ڕۆژانه‌ عێراق 3 ملیۆن و 780 ھه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێت که‌ له‌وانه ‌250 ھه‌زاری هی ھه‌رێمی کوردستانه‌ و نرخی یه‌ک به‌رمیل نه‌وت به‌ 46 دۆلار خه‌مڵێندراوه‌ به‌ڵام حکوومه‌تی عێراق ئه‌مساڵ ڕۆژانه‌ نرخی یه‌ک به‌رمیل نه‌وتی به‌ 60 تا 74 دۆلار فرۆشتوووه‌ و ئه‌مه‌ش وای کردوووه‌ بودجه‌ی عێراق زیاد بێت بۆیه‌ ته‌نیا له‌مساڵدا به‌ ھۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وته‌وه‌ بودجه‌ی عێراق 25 ترلیۆن دیناری زیاد کردوووه‌، که‌ 12 ترلیۆنی بۆ کورتھێنان به‌کار دێت و 13 ترلیۆن دیناری ده‌مێنێته‌وه‌ هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و پاره‌یه‌ له‌سه‌ر پارێزگاکان دابه‌ش بکرێت و پێویسته‌ پشکی ھه‌رێمیشی لێ بدرێت که‌ یه‌ک ترلیۆن و 700 ملیار دیناره‌ به‌ڵام که‌س نازانێت ئه‌و پاره‌یه‌ چۆن خه‌رج کراوه‌ و پشکی ھه‌رێمیشی لێ نه‌دراوه‌."

ناوبراو گوتیشی: "پێویسته‌ له‌ کۆتاییی ساڵدا بودجه‌ی ته‌واوکاری ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان بکه‌ن و په‌سه‌ندی بکه‌ن چوونکه‌ شه‌ش ساڵه‌ ڕه‌وانه‌ نه‌کراوه‌ و که‌س نازانێت ئه‌و پاره‌یه‌ چۆن خه‌رج ده‌کرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌پێی یاسا تاوه‌کوو بودجه‌ی ته‌واوکاری په‌سه‌ند نه‌کرێت، ده‌نگ له‌سه‌ر بودجه‌ی ساڵی دابێ نادرێت، ئه‌مه‌ش تاوه‌کوو ئێستا نه‌کراوه‌ و پێویسته‌ ئه‌مساڵ بکرێت."

خنسی باسی له‌وه‌ش کرد: "کورد ئه‌مجاره‌ که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا و نه‌وتی خۆی ڕاده‌ستی حکوومه‌تی عێراق ده‌کات و پێویسته‌ نوێنه‌ریان له‌ کۆمپانیای سۆمۆ ھه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت نه‌وت چۆن و به‌ چه‌ند ده‌فرۆشرێت و پاره‌که‌یشی چی لێ دێت و لێی ئاگادار بن، نه‌ک نه‌وتی خۆیان ڕاده‌ست بکه‌ن و له‌ ورده‌کارییه‌کانی ئاگادار نه‌بن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ھیچ چاودێرییێکیان له‌سه‌ری نییه‌."

ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ھه‌رێمی کوردستان بۆ کاروباری وزه‌ ڕایشیگه‌یاند: "له‌ مانگی نوێی ئه‌مساڵدا حکوومه‌تی عێراق چوار ملیۆن و 460 ھه‌زار به‌رمیل به‌رھه‌می ھێناوه‌ و 3 ملیۆن و 460 هه‌زار به‌رمیل فرۆشراوه‌ و یه‌ک ملیۆن به‌رمیل نه‌وت دیار نییه‌ و باس له‌وه‌ ده‌که‌ن 700 ھه‌زار به‌رمیل بۆ ناوخۆ بوووه‌، ئاواش بێت 300 ھه‌زار به‌رمیل دینار نییه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ نوێنه‌ری کوردان به‌ھێزه‌وه‌ له‌ ھه‌موو ورده‌کارییه‌کاندا به‌شدار بن و ھه‌رێم له‌ ھه‌مووی پشکی ھه‌بێت و له‌ پترۆدۆلاریش پشکی پارێزگاکان بدرێت به‌تایبه‌ت بۆ که‌رکووک."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 49816

Your Comment

You are replying to: .
captcha