محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود: هه‌موو حیزبه‌كان حه‌ز ده‌كه‌ن به‌شداری له‌ حكوومه‌ت بكه‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود ده‌ڵێت: هه‌موو حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان حه‌ز ده‌كه‌ن به‌شداری له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن به‌ڵام بڕیار له‌ لای پارتی دیموكراتی كوردستان، پاشان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌ به‌وه‌ی چه‌ند له‌و حیزبانه‌ به‌شداری پێده‌كه‌ن له‌ حكوومه‌تدا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان له‌ لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵو ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌ گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ ته‌نیا ڕاگۆڕینه‌وه‌ بوووه‌ و بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت پێویسته‌ سه‌ره‌تا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان دیاری بكرێت و دواتر لیستی زۆرینه ‌‌و كه‌سی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت ده‌ستنیشان بكرێت".

ناوبراو له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت گوتیشی: "هه‌وڵه‌كان هێنده‌ی بۆ به‌شداری كردنه‌ له ‌حكوومه‌ت و چه‌ند پشكیان هه‌بێت له‌ حكوومه‌ت هێنده‌ بیر له‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌ چۆن خزمه‌تی خه‌ڵک و وڵات و میلـله‌ته‌كه‌ی پێبكه‌ن، كاتێک حیزبێک ده‌یه‌وێت به‌شداری بكات له‌ حكوومه‌ت بۆچی ده‌یه‌وێت به‌شداری بكات بۆ خۆی به‌شداری ده‌كات و له‌ پێناو مانه‌وه‌یی و ژیانی خۆیدایه‌، یان بۆ میلـله‌ته‌كه‌ی ده‌كات".

ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد: پێویسته‌ سه‌ره‌تا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌ستنیشان بكرێت، دواتر داوا له ‌گه‌وره‌ترین لیستی په‌رله‌مان بكرێت بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، ئه‌وكات كه‌سی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت سه‌ردانی لایه‌نه‌كان ده‌كات.

ناوبراو زیاتر گوتیشی: "ئه‌وه‌ی تا ئێستا پێویسته‌ نه‌كراوه‌ له‌ دیاری كردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و ڕاسپاردنی گه‌وره‌ترین لیست و كه‌سی دیاریكراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، ئه‌وه‌ی كراوه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كان ته‌نیا ڕاگۆڕینه‌وه‌ بوووه‌ له‌ نێوان خۆیاندا، ئه‌وه‌ی هه‌ستم پێكردوووه‌ هه‌موو حیزبه‌كان حه‌ز ده‌كه‌ن به‌شداری حكوومه‌ت بكه‌ن به‌ڵام ئه‌وه‌ی چه‌ندیان به‌شداری پێده‌كه‌ن بڕیاره‌كه‌ لای پارتی دیموكراتی كوردستان پاشان یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌بێت".

محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ‌ گۆڕینی ده‌موچاو و وه‌زیر و گۆڕینی كابینه‌كه‌ هیچ له ‌بابه‌ته‌كه‌ ناگۆڕێت، ئێمه‌ پێویستمان به به‌رنامه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئایا سیسته‌می حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان چۆن به‌ڕێوه ‌ده‌چێت، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستوورمان نییه‌ و به ‌نه‌بوونی ده‌ستووریش یاساكان ڕێكناخرێن، كه‌ یاساش ڕێكنه‌خرا مافی تاک و كۆمه‌ڵ دیاری ناكرێت و ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ یه‌ک جیا ناكرێته‌وه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌ره‌تا ده‌ستوورمان هه‌بێت".

ناوبراو ئه‌وه‌شی وت: "ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی نوێش پێكبهێنرێت به‌ڵام سیسته‌می حوكمڕانی و ده‌ستوور و یاسا به‌ سه‌ر كاره‌كانه‌وه‌ نه‌بێت، ئه‌وا وه‌ک كابینه‌كانی پێشوو ده‌بێت كه‌ 27 ساڵه‌ حكوومه‌تمان هه‌یه‌ و په‌رله‌مانمان هه‌یه‌ به‌ڵام ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ به‌ره‌و دواوه‌ دێینه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان پێناكرێت، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی پلانێكمان نییه‌ بۆ چۆنییه‌تیی دانانی به‌رنامه‌ی داهاتوو، چۆن بۆ سبه‌ی كار ده‌كه‌یت له‌ ڕووی سیاسی و ئابووری و ژیانی خه‌ڵک و په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی و بواره‌كانی‌تره‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌مانه‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی هه‌یه‌".

سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ لایه‌نێک له‌ هه‌رێمی كوردستان ناتوانێت به ‌ته‌نیا حكومه‌ت پێكبهێنێت و ده‌سه‌ڵاتی به‌ سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كانی هه‌رێم هه‌بێت و وتی: "پارتی دیموكرات 45 كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێناوه‌ و پێویستی به‌ 11 كورسی‌تر هه‌یه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت به‌ڵام ئایا واقیعی كوردستان ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ ده‌دات ئه‌و حكوومه‌ته‌ هه‌موو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌وه‌ بۆیه‌ پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانی ده‌توانێت ئه‌و حكوومه‌ته‌ پێكبهێنێت".

سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، كه‌ حیزبه‌كه‌ی خاوه‌نی یه‌ک كورسی په‌رله‌مانه‌ و جگه‌ له‌ كابینه‌ی ئێستای حكوومه‌ت له‌ كابینه‌كانی پێشووتردا به‌شدار بوووه‌ له ‌حكوومه‌ت و پۆستێكی وه‌زاری هه‌بوووه‌ له‌باره‌ی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن له‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر حكوومه‌ت دوا و وتی: "بوونی ئۆپۆزسیۆن شتێكی باشه‌ و خراپ نییه‌ به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن پێویستی به ‌یاسایێک هه‌یه‌ كه‌ یاسای ئۆپۆزسیۆن بێت، ئێمه‌ تا ئێستا یاسایێكمان نییه‌ به‌ ناوی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ له ‌هه‌رێمی كوردستان، نازاندرێت سنووری ئۆپۆزسیۆن چه‌نده‌ و چی ده‌كات و مافی ئۆپۆزسیۆن چه‌نده‌، پێویسته‌ له‌ ده‌ستووردا مافی ئۆپۆزسیۆن دابندرێت وه‌ک چۆن له‌ هه‌موو وڵاتانی‌تری دنیا هه‌یه‌".

ئه‌و باس له‌وه‌ش ده‌كات له ‌خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان هێزی ئۆپۆزسیۆن هه‌بوووه‌ و ژماره‌یێكی زۆری كورسی په‌رله‌مانیشیان هه‌بوووه‌ به‌ڵام به‌ هۆی نه‌بوونی یاسایێكی تایبه‌ته‌وه‌ كاریگه‌ریی ئه‌وتۆیان نه‌بوووه‌ و كارێكی وایان پێنه‌كراوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 49812

Your Comment

You are replying to: .
captcha