دانیشتنەکەی ئێران و یەکێتیی ئەورووپا چیی لێ دەرچوو؟/ ئێران هەڕەشە دەکات

بەشی ئێران/ کوردی- چوارەمین کونفڕانسی هاوکاریی باڵای ئەتۆمی لە شاری برۆکسێل کۆتایی هات و بەیانی کۆتاییی کۆنفڕانسەکەش جگە لە دەستەواژە و ڕستەی فەرمیی دانیشتنێکی بێ ئەنجام هیچی لێ دەرنەچوو و ئێرانیش هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر بێتوو بەرژەوەندییەکانی بکەوێتە مەترسییەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەکشێتەوە.

کوردپرێس:

چوارەمین کونفرانسی هاوکاریی باڵای ئەتۆمی لە شاری برۆکسێل لە کاتێکدا کۆتایی هات کە لایەنی ئێران و لایەنی ئەرووپی لە پەراوێزی کونفڕانسەکەدا دیدار و گفتوگۆیان کرد و تەوەری گفتوگۆکانیش هەمان مەسەلەی ئەتۆمی و ئایندەی ڕێککەوتنەکە بوو.

پاش دەستپێکردنی قۆناغی دووهەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کێشە و قەیرانی دارایی لە بواری نێودەوڵەتی گرفتی زیاتری بۆ دروست بوو و گەڕانەوەی دراوی "دۆلار" بۆ ئێران دژوار بوو بۆیە دەبوو جێگرەوەیێک بۆ "سویفت" بدۆزرێتەوە. یەکێتیی ئەورووپا وەکوو هاوپەیمانێکی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک بڕیاری دا ئەو گرفتەی ئێران چارەسەر بکات بۆ ئەوەی بەرژەوەندی و قازانجی هەموو لایەنەکانی ئەو ڕێککەوتنە بپارێزرێت بەڵام تا ئەم کاتەش هیچ وڵاتێک ئامادە نەبووە میواندارێتیی پڕۆژەکە بکات لەبەر ئەوەی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە کە هەر وڵاتێک ئاسانکاری بۆ کاناڵی داراییی ئێران بکات ئەوا خۆیشی گەمارۆی بەسەردا دەسەپێت.

نووسینگەی فێدریکا مۆگرینی: ڕێککەوتنی ئەتۆمی کۆڵەکەی ئاسایشی ناوچەکە و ئەورووپایە

پاش دیدارەکەی لەگەڵ عەلی ئەکبەر ساڵحی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە بەیاننامەیێکدا نووسیی: هەردوو لا جەختیان کردۆتەوە کە ڕێککەوتنی "بەرجام" کۆڵەکەی ئاسایشی ناوچەکە و جیهانە و پێویستە پارێزگاری لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە بکرێت.

هەر لە بەیاننامەکەی نووسینگەی مۆگرینیدا نووسراوە: هەر دوو لایەنی ئێرانی و ئەرووپی لە کۆڕبەندی باڵای هاوکارییە نێودەوڵەتییە ئەتۆمییەکاندا کۆک بوون لە سەر پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان دوو لایەن لە بواری چالاکیی ئەتۆمیی ئاشتییانە و مۆگرینی لەبارەی کۆمەڵێک جموجووڵی ئێران لە ناوچەکەش نیگەرانیی دەربڕی.

سەرۆکی وزەی ئەتۆمیی ئێران هەڕەشەی کشانەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەکات

عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە کۆنفڕانسە هاوبەشەکەی نێوان ئێران و یەکێتیی ئەورووپادا هەڕەشە ئەوەی کرد کە تا ئەم کاتەش بەرژەوەندیی ئێران لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە پاش کشانەوەی دەوڵەتی ئەمریکا دەستەبەر نەبووە و ئەگەر بێتوو ئەم ڕەوتە هەر بەو ئاراستەیە بڕوات و قازانجی ئێرانی تێدا نەبێت ئەوا ئێمەش سەبرمان نامێنێت.

ساڵحی گوتیشی ئەگەرچی پاش کشانەوەی دەوڵەتی ترەمپ لە ڕێککەوتنەکە یەکێتیی ئەورووپا بە هەڵوێست و بە زارەکی باش دەرکەوتوون بەڵام تا ئەم کاتەش هیچ هەڵمەت و هەنگاوێکی کرداری ئەنجام نەدراوە کە پارێزگاری لە بەرژەوەندی و قازانجی ئێران بکات و ئەوەش وای کردووە سەبری لایەنی ئێران ڕوو لە تەواو بوون بێت.

سەرۆکی وزەی ئەتۆمیی ئێران ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە نێوخۆی ئێران دەنگی ناڕازی بەرانبەر بەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە هەر لە سەرەتاشەوە زۆر بوو ئێستاش کە بەرژەوەندیی ئێران کەوتۆتە مەترسییەوە دەنگی ناڕازیی نێوخۆیی بەرانبەر بەو ڕێککەوتنە پەرەی سەندووە و ئەوەش مەترسییە بۆ مانەوەی ئێران لە ڕێککەوتنەکەدا.

ناوبراو هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە گەڕانەوەی ئێران بۆ ئەو شتەی کە پێشتر بوویەتی زۆر ئاسانە و دەتوانن لە ماوەیێکی کورتدا بگەڕێنەوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی 20 لە سەد.

دیدارەکەی نێوان ساڵحی و مۆگرێنی هیچی لێ دەرنەچوو

لە پەراوێزی کۆنفڕانسی دەولیی هاوکارییەکانی وزەی ئەتۆمیدا سەرۆکی وزەی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دیداری کرد و هەردوولا تەرکیزیان کردە سەر زەروورەتی هاوکاریی هاوبەشی نێوان لایەنەکانی ڕێککەوتنی "بەرجام" و جگە لەوەش لە میدیاکاندا هیچی دیکە لەو بارەیەوە بڵاو نەکرایەوە.

ئایا ئەڵمانیا و فەڕەنسا دەبنە میوانداری کاناڵی داراییی ئێران (SPV)

پاش ئەوەی قۆناغی دووهەمی گەمارۆکانی ئەمریکا دژ بە ئێران ڕاگەیێندرا سیستەمی خۆمەتگوزاریی کاناڵی داراییی "سویفت" پێوەندیی زۆرینەی بانکە ئێرانییەکانی پچڕاند و عیلاقاتی خۆی لەگەڵ ئەو بانکانە بڕی کە لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادا بوون.

بڕیار بوو سیستەمی کاناڵی داراییی تایبەتی ئەورووپا تا ڕۆژی 10ی گەڵاڕێزانی 97 بەرانبەر بە 1ی تشرینی دووهەمی 2018 دابڕێژرێت و بچێتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە بۆ ئەوەی ئێران کارەکانی خۆی لەو سیستەمە داراییەدا ڕاپەڕێنێت بەڵام تا ئەم کاتەش کە نزیکەی یەک مانگ لە وادەکەی ئەورووپا بەسەر چووە هیچ وڵاتێکی ئەورووپی ئامادە نییە ببێتە میوانداری ئەو سیستەمە دارایییە و هۆکارەکەشی ئەو هەڕەشانەیە کە ئەمریکا لە وڵاتانی ئەورووپیی کردووە.

ئەمریکا هۆشداری بە وڵاتانی ئەورووپی داوە کە هەر وڵاتێک لەو بارەیەوە هاوکاریی ئێران بکات ئەوا خودی ئەو وڵاتەش گەمارۆی دەخرێتە سەر.

میدیاکان باس لەوە دەکەن کە گوایا ئەڵمانیا و فەڕەنسا ئامادەن ببنە میوانداری ئەو سیستەمە دارایییە بەڵام ئەوەش تا ئێستا هەر دەنگۆیە و بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە. هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا سەرەتا هەوڵیان دا قەناعەت بە وڵاتێکی دیکە بهێنن ببێتە میوانداری سیستەمەکە بەڵام لەبەر گەمارۆ و هەڕەشەکانی ئەمریکا هیچ وڵاتێک ئامادە نەبوو ئەو داوایە قبووڵ بکات. بۆیە دەوترێت ئەڵمانیا و فەڕەنسا ڕەنگە خۆیان ببنە میوانداری پڕۆژەکە.

بەیاننامەی کۆتاییی دانیشتنی نێوان ئێران و یەکێتیی ئەورووپا

چوارەمین دانیشتنی نێوان ئێران و یەکێتیی ئەورووپا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مەسەلەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک لە شاری برووکسێل بەڕێوە چوو و لە کۆتاییی دانیشتنەکەشدا بەیاننامەی کۆتایی دەرکرا.

لە بەیاننامەی کۆتاییی کۆنفڕانسەکەدا نووسراوە: هەردوولا لەو کۆنفڕانسەدا کۆمەڵێک نموونەی هاوکاریی ئاستی باڵای ئەتۆمیی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی دەولییان خستە ڕوو کە هەندێکیان بریتی بوون لەمانەی خوارەوە:

ئاڵوگۆڕی زانیاریی ئاستی باڵا لە بواری هاوکاریی ئەتۆمی

ئەو پڕۆژانەی دەلالەتن لە سەر هەوڵی ئێران بۆ ستاندەر کردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان و گەیاندنی بە ئاستی پەیڕەوی دەولی

کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی بە بەشداریی خاوەن پشکە ئەتۆمییەکان

ورووژاندنی ئەو پڕۆژانەی بە مەبەستی پشتیوانی کردنی چالاکیی ڕیاکتۆری ئاوی قورسی ئەراک داڕێژراون

لە کۆتاییی بەیاننامەکەشدا نووسراوە: ئەو کۆنفڕانسە جارێکی دیکە جەختی کردۆتە سەر تێگەشتنی هاوبەشی نێوان ئێران و یەکێتیی ئەورووپا لە بواری ئەتۆمی و دەبێت بەرەو ئاراستەیێک بجووڵین کە بەرژەوەندی و قازانجی هەردوولای تێدا بێت و بەو بۆنەیەشەوە هەردوولا کۆک بوون لە سەر ئەوەی کۆنفڕانسێکی دیکەش لە ساڵی 2019دا لە هەمان ئاستی باڵای وڵاتان بەڕێوە بەرن.

*لە سەر ئەرکی بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس نووسراوە

News Code 49811

Your Comment

You are replying to: .
captcha