ئه‌یاد عه‌للاوی: نه‌وه‌ی دووه‌می داعش به‌ڕێوه‌یه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی وه‌ته‌نییه‌ هۆشداریی ده‌دات له‌ هاتنی نه‌ته‌وه‌ی دووه‌می داعش و ده‌ڵێت: "ڕه‌وشی ئاواره‌كان له‌باره‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌كه‌وه‌ په‌لكێش بكرێن."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌یاد عه‌للاوی به‌ ڕۆژنامه‌ی (الحیاة)ی له‌نده‌نی ڕاگه‌یاندوووه: "عیراق له‌ قۆناغێک له‌ قۆناغه‌كانی شه‌ڕكردن له‌ دژی داعش سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا به‌ڵام ڕێكخراوه‌كه‌ تا ئێستا له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقیدا بوونی هه‌یه‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی سیاسه‌تی په‌راوێزخستن و دوورخستنه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ی نه‌رێنی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ دیاریكراوه‌كان."

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی وه‌ته‌نییه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد: "داوام كرد سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ به‌ سه‌ر داعشدا بقۆزرێته‌وه‌ كه‌ كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی داعش هێنا له‌ سه‌ر خاكی عێراق، تا یه‌كێتی گه‌لی عێراقی بهێنرێته‌دی و گه‌ل تۆكمه‌ بكرێت به ‌ڕووی توندڕه‌ویدا."

ئه‌یاد عه‌للاوی ده‌ڵێت: "كاتێک نزیكه‌ی ملیۆنێک ئاواره‌ی عێراقی له‌ كه‌مپه‌كاندا هه‌بن و لانی‌كه‌م 3 ملیۆن عێراقی‌تر په‌ناهه‌نده‌ بن له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، كاتێک گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانیان ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه‌ له‌وانه‌ بۆ ناوچه‌ی جه‌رف ئه‌لسه‌خه‌ر و ناوچه‌كانی‌تر، كه‌ پشتێنه‌ی به‌غدان، ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ خه‌ڵات و ده‌یده‌نه‌ داعش و پاشماوه‌كانی، ئه‌وانه‌ بۆمبێكی ته‌وقیتكراون و له‌ هه‌ر كاتێكدا بێت له‌بارن بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ پاڵ توندڕه‌وه‌كان."

عه‌للاوی باس له‌وه‌ ده‌كات: "نه‌وه‌ی دووه‌می داعش په‌نا ده‌باته‌ به‌ر هه‌مان تا‌كتیكه‌كانی قاعیده‌، كه‌ لێدان و خۆشاردنه‌وه‌ بوو، نه‌ک ده‌ستگرتن به‌ سه‌ر ناوچه‌كان و مانه‌وه‌ تێیاندا، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی مه‌ترسی زۆرێک له‌ وڵاتانه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی ڕووسی و وه‌فدێكی ئه‌مریكایی له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا له‌ به‌غدا باسمان كرد."

عه‌للاوی پێیوایه "شێوه‌ی ئه‌مجاره‌ی تیرۆر، خۆی له‌وه‌دا نابینێته‌وه‌ كه‌ ده‌ست به ‌سه‌ر ناوچه‌كاندا بگرێت، به‌ڵكوو په‌لامار ده‌دات و هه‌ڵدێت و هه‌وڵ ده‌دات گه‌وره‌ترین زیان به‌و دامه‌زراوه‌ حكوومییه‌ لاوازانه‌ بگه‌یه‌نێت كه‌ ده‌یانكاته‌ ئامانج."

پێشتر ئه‌یاد عه‌للاوی هۆشداریی دابوو له‌باره‌ی فراوان بوونی ڕێكخراوی داعش، گه‌ر ستراتیژێكی دوو سه‌ره‌ بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی دانه‌ندرێت و داواشی له‌ وڵاتانی جیهان كردبوو یارمه‌تی سیاسی و سه‌ربازیی عێراق بكه‌ن له‌ جه‌نگی دژ به‌ تیرۆر.

سه‌رچاوه‌: خه‌ڵک

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 49808

Your Comment

You are replying to: .
captcha